میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لە تاران کۆبوونەوە و لە کۆبونەوەکەدا خامنەیی رایگەیاند: پێزانینی خۆی بۆهەوڵەکانی وەفدی دانوستانکاری حەماس دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "بەدەستهێنانی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام جیهانی ئیسلامی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە پاڵپشتیکردن و دابینکردنی فریاگوزاری بۆ گەلی فەلەستین هەڵبگرێت".

لە سەرەتای دیدارەکەدا، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، خەلیل حەیا، وتی: "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس سەرکەوتنێکی هاوبەشی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێرانە".

خامنەیی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ وەفدی حەماس ئاماژەی بەوەکرد: "هێزە داگیرکەرەکان سەرەڕای ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، نەیانتوانی هیچ کام لە ئامانجەکانیان بەدیبهێنن، خەباتی فەلەستین، نەک هەر ئیسرائیلی تێکشکاند، بەڵکو ئەمریکاشی تێکشکاند.

 بەگوێرەی ئەوەی کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، خامنەیی ئاماژەی بە گرنگی پلاندانان بۆ کاری فەرهەنگی و میدیایی شانبەشانی هەوڵە سەربازییەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "خەباتی فەلەستین ئاستێکی بەرزی لە بواری میدیا و راگەیاندندا پێشکەش کردووە و بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتیی دەبێت بەردەوام بن لەم شێوازە".

 خامنەیی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا کردووە بۆ سەر ئابوری ئێران و جەختی کردەوە لەوەی؛ "ئەم جۆرە هەڕەشانە هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر بیرکردنەوەی نەتەوەکەمان و شێوازی کارکردنمان نابێت".