کوردستان

سبەینێ‌ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و دوو ملیۆن و ٦٨٣هەزار و ٦١٨ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

رۆژی یەكشەممە ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بە پێی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هەر بەپێی ئامارەكە، زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لە سنوری پارێزگای سلێمانییە كە  یەك ملیۆن و هەشت هەزار و ٤١٢ دەنگدەرە، وە هەولێریش ٩٣٣ هەزار و ١١٥ و لە 

دهۆك ٦٨٢ هەزار و ٧٩١ كەس و لە هەڵەبجە ٥٩ هەزار و ٣٠٠ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هەروەها بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە هەزار و 266 بنكەی دەنگدان و شەش هەزار و ٣١٨ وێستگەی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە. 
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێم، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی ئەگەری باران بارینی کەم ھەیە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بۆ ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت کە ٣٧ پلەی سیلیزی دەبێت، نزمترین پلەی گەرماش لە حاجی ئۆمەرانە کە ٢٢ پلەیە، لە ھەولێریش ٣٣ پلە و لە سلێمانی و دھۆک ٣٢ پلە و لە ھەڵەبجە و زاخۆ و سۆران ٣٤ و ٣٢ و ٣١ پلەی سیلیزی تۆماردەکرێت. 

راشیگەیاند، لەسنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی ھەوری تەواودەبێت لەگەڵ بارینی کەمێک باران لە ھەندێک ناوچەی جیاجیا لەکاتەکانی درەنگانی شەودا.

پێشتریش کەشناسی عیراق پێشبینیکردبوو لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەوە بارانبارین چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بە ھەرێمی کوردستانەوە بگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە دەوامی ساڵی نوێ خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٤ -٢٠٢٥ دەستپێبکات.
د.یۆھان عوسمان، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبونەوەی ئاساییدا بڕیارییداوە کە ھەفتەی داھاتوو خوێندکاران دەست بە دەوام بکەن و رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەش دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٤- ٢٠٢٥ بێت، چونکە گرفتەکانی بەشە ناوخۆییەکان چارەسەر کران. 

وتیشی، بڕیاربوو دەوامی خوێندکاران لە ٢٨ی ئەیلول دەستپێبکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەشە ناوخۆییەکان ئامادە نەکرابوون دەستپێکی دەوام دواخرا. 

زانکۆی سلێمانی رایگەیاندبوو، وەزارەتی دارایی تەمویلی کۆمپانیای پاککردنەوە و چاککردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان ناکات لەبەرئەوە ناتوانرێت پێشوازی لە خوێندکاران بکرێت و دەوامی خوێندکاران دوادەخرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان، لەسەر داوای حکومەتی عیراق رێژەی بەرھەمھێنانی نەوتی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی سەرپێچی رێنماییەکانی ئۆپیک نەکەن.

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی چەند جارێک رێکخراوی ئۆپیک ھۆشداری دابووە عیراق لەسەر زیاد بەرھەمھێنانی نەوت، ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی نەوتی بۆ نیوە کەمکردووەتە لەسەر داوای حکومەتی عیراق.

دەشڵێت، حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە تەنیا ١٤٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت کە پێشتر دوو ئەوەندەی بەرھەمدەھێنا، وتیشی، حکومەتی ھەرێم داوایکردووە کە نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا ھەناردەبکرێتەوە.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، جیفری پیات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوایکردووە فشار بخرێتەسەر حکومەت عیراق بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکاتەوە و تورکیاش ئارەزومەندە نەوتی ھەرێم ھەناردەبکرێتەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٥٢٥ کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون کە زیاتر لە ١١٠ کەسیان کورد بوون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا نۆی ئەم مانگە، لانیکەم ٥٢٥ بەندکراو لەسێدارەدراون، کە ١٨یان ژن و سیانیان مێردمنداڵ بوون، ناسنامەی ٤٨٥ کەسیشیان ئاشکراکراوە، بەڵام تەنھا ٨٪ی ئەو سزایە لە میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە. 

ھەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەوانەی لەسێدارەدراون تۆمەتی جیاوازیان خراوەتەپاڵ، وەک چالاکی سیاسی و ئاینی و سیخوڕی، ھەروەھا لەنێو ئەوانەی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، ١١٣ کەسیان کورد بوون کە ٢١.٥٪ی ھەموو حاڵەتەکان پێکدەھێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند،  ئێوارەی رۆژی یەکشەممە وەزارەتی دارایی ئیمزای کردوە لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی ئەیلولی ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێم بە ھێزی پێشمەرگەشەوە و چاوەروان دەکرێت ئەمرۆ پارەکە بخرێتە سەر حسابی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

پێشتر وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبو ، دوای خەرجکردنی موچەی مانگی ئەیلولی ھێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبرینانەی لە موچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب راگیرابون لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەو ، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی سەرجەم فەرمانبەرانی ھەرێم دەکرێت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکۆنگرەی ھاوپەیمانی پێشکەوتنخواز بەیەکێک لەسەرۆکەکانی ئەو ھاوپەیمانێتە ھەڵبژێردرا، کە ١١٩ حزبی سوشیال دیموکراتی جیھانی لەخۆدەگرێت.

د. دارا خەیلانی ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی وەفدی یەکێتی کە بەنوێنەرایەتی یەکێتی لە سانتیاگۆ لەچیللی بەشداری کۆنگرەی ھاوپەیمانێتی پێشکەوتنخوازەکان دەکات رایگەیاند، سەرۆک بافڵ یەکێکە لە سەرۆکی ھاوپەیمانێتی پێشکەوتنخوازەکان کە وەک ئەنجومەنێکی سەرکردایەتییە و ٩ ھاوسەرۆکن و سەرۆک بافڵ یەکێکیانە.

وتیشی، ھاوپەیمانێتیەکە ١١٩ حزبی سۆشیال دیموکراتی لە جیھاندا لەخۆگرتووەو ئەو پۆستی سەرۆکایەتییە بۆ سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستکەوتێکی پڕبایەخی سیاسییە کە لەنێو ئەو ١١٩ حزبە جیھانییەدا بۆ یەکێتی و حزبێکی کوردستانییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ھەواڵی کوژرانی ئەو ھاوڵاتییەیان پێگەیشتووە دەستبەجێ، تیمەکانیان بەدواداچوونیان بۆ روداوەکە دەستپێکردووە و دەرکەوتووە، ھێزێکی ھاوبەشی ئەمنی بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکان و رێگریکردن لە دەستەبەسەرداگرتنی زەوی چوونەتە گوندی کۆرەک و دواتر دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوان ھێزەکە و بەشێک لە گوندنشینەکان دروستبووە، سەرەنجام، ئەندامێکی ھێزەکە بە فیشەک ھاوڵاتییەکی بریندارکردووە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە ھاوڵاتییەکە گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھیچ پاساوێک نییە بۆ کوشتنی ئەو گەنجە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ یەکلاییکردنەوەی ھەر دۆسییەکی زەوی و موڵکی گشتی و زیادەڕۆیی، پێویستە پەنا بۆ یاسا ببرێت، نەک بەکارھێنانی توندوتیژی، داواشیکردووە، تۆمەتباری کوشتنی ئەو ھاوڵاتییە رادەستی یاسا بکرێت و سزای یاسایی بدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە ماوەی مانگی ئەیلولدا لەسنورەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یەك كۆڵبەر كوژراوە و كۆڵبەرێكی تەمەن 34 ساڵی خەڵكی پاوەش كە ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران بڕبڕەی پشتی پچڕابوو لە رۆژی ٢٠ی ئەیلولدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، هەروەها شەش كۆڵبەری دیكەش بریندار كراون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ٨٧.٥٪ی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراو و برینداربوون.
ڕێكخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆرترین ژمارەی كۆڵبەرانی قوربانی بە پێنج حاڵەتەوە لە سنورەكانی پارێزگای سنە تۆماركراوە و سێ حاڵەتی دیكەش لە پارێزگای كرماشان تۆماركراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کەرکوک یەکێکە لە شارە گرنگەکانی عیراق و لای سەرۆک مام جەلال گرنگییەکی زۆری ھەبووە و خەباتێکی زۆری لە پێناویدا کردووە و ھەمیشە داکۆکی لە کوردستانی بونی شارەکە کردووە ، ھەربۆیە بریاردراوە ئەمساڵ رێورەسمی حەوتەمین ساڵیادی کۆچیدوایی سەرۆک مام جەلال بەبەشداری نوێنەری حزب و لایەنەکان و باڵیۆز و کونسوڵی وڵاتان  لە کەرکوک بەڕێوەبچێت.

وتیشی زیاتر لە ٢٥ کتێب و توێژینەوە دەربارەی مێژوو و ژیان و خەباتی سەرۆک مام جەلال پێشکەشی دامەرزاوەکە کراوە و لە چواچێوەی کتێبێکدا بە چەند زمانێکی جیاواز دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران و پێشکەش بە بەشداربوانی یادەکە دەکرێت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاریدا بە خەرجکردنی تەواوکاری مووچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی ھەرێم کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە، بەڵام تائێستا ئەو بڕە پارەیە نەنێردراوە. 

بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ئاب، وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕی ٩٩٨ ملیار دیناری پێویستە و لەئێستادا ٧٥٥ ملیار دیناری لەبەردەستە، بەوپێیە بڕی ٢٤٣ ملیار دینار کورتھێنان ھەیە.

رۆژی سێی ئەم مانگە، دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی ھەرێم و بە سێ رۆژ مووچە دابەشکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، کە ئالان حەمەسەعید ئیمزاکردووە تیایدا ھاتووە، بڕیاردرا بە دامەزراندنی ٣٧ ھەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە رۆژی ١ی ئەیلولی ئەمساڵ. 

ھەر بەپێی نوسراوەکە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی ھەرێم و خوێندنی کوردی لە کەرکوک راسپێردراون بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەگرێبەستکردنیان.

ھاوکات، عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەفتەی داھاتوو رێکارەکانی بە گرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ دەستپێدەکات بۆ ئەوەی مووچەی مانگی ئەیلول وەک گرێبەست وەربگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە


د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان لەھەولێر لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبوەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردن و پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادکراوەتەوە، لە بەرانبەریشدا ھەرێم شایستە داراییەکانی وەربگرێت.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سبەینێ لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێم کۆدەبنەوە، بەھەمانشێوە بابەتی پابەندبوون بە رێککەوتنەکان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.


ھاوکات نوسینگەی راگەیاندنی عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، تاوتوێی چەندین دۆسیەی دارایی کراوە، کە پەیوەستە بە داھاتەکانی ھەرێم و خەرجی حکومەت و ڕێکخستنەوەی موچەی فەرمانبەران، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ ڕێگەچارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێم کرا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی زانستی و وێژەیی و پیشەیی تا ٣٠ی ئەیلول دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، ھەروەھا دەرچوان دەبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ.

خوێندنی باڵا داوا لە دەرچوان دەکات ھەوڵبدەن خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە رەسمی نین و وەزارەت بەرپرس نابێت لەھەر ھەڵەیەک لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکان.

 باسی لەوەشکردووە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، لەبەرئەوە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزووی دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شوان سەید عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، باژێڕوانەکانی بوتنەوەی گۆڕان لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، بابەتی ھەڵبژاردن و رەوشی ناوخۆی بزوتنەوەکە تاوتوێکراوە.

وتیشی، تائێستا ھیچ بڕیارێک سەبارەت بە بەشداریکردن یاخود بەشداری نەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردن نەدراوە.

سەبارەت بە خانەی راپەراندن و رێکخەری بزوتنەوەکە و دەرکردنی بریکارنامە بۆ دانا ئەحمەد مەجید لەلایەن عومەری سەید عەلیەوە، شوان سەید عەلی وتی، دەبێت دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەکە جێبەجێ بکرێت وبە ھەڵبژاردن رێکخەر دیاری بکرێت، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویستیانداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئێستادا دانا ئەحمەد مەجید ناوەکەی وەک رێکخەر دراوە بە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و بریکارنامەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام ھێشتا بزوتنەوەکە بەڕەسمی ئەو بابەتەی یەکلایی نەکردوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھوشیار عومەر رێکخەری ژووری پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە، بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا ژوری یاسایی بزوتنەوەکە،  بەشداریکردنی گۆڕان لە خەلی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە.

وتیشی، ھەر لە کۆبونەوەکەدا دیارکردنی  رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئێستادا دانا ئەحمەد مەجید ناوەکەی وەک رێکخەر دراوە بە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و بریکارنامەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام ھێشتا بزوتنەوەکە بەڕەسمی ئەو بابەتەی یەکلایی نەکردوەتەوە.

 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1234...658