کارەبای سلێمانی ئاماری قەرزی کارەبای نیشتمانی هاوبەشانی چەمچەماڵی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆی 53 هەزار و 237 هاوبەش، نزیکەی 41 هەزاریان قەرزارن.

کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبای چەمچەماڵ 53 هەزار و 237 هاوبەشی كارەبا هەن، کە هاوبەشی ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و حکومین. لە کۆی ئەو ژمارەیەش 47 هەزار و 302'یان هاوبەشانی ماڵانن.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا 40 هەزار و 924 هاوبەش قەرزاری کارەبان و بەشی زۆریان رێژەی قەرزەکانیان لەنێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار دیناردایە.

بەپێی ئامارەکەی کارەبای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، هەشت هەزار و 422 هاوبەش کەمتر لە 100 هەزار دینار قەرزارن، ئەوانەشی لەنێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار دینار قەرزان زۆرینەن و ژمارەیان 15 هەزار و 983 هاوبەشە.

ئەوەش هاتووە، 12 هەزار و 304 هاوبەشی کارەبا قەرزەکانیان لەنێوان 100 هەزار بۆ یەک ملیۆن دیناردایە، هەروەها چوار هەزار و 122 هاوبەشیش یەک بۆ دوو ملیۆن دینار قەرزارن.

لە ئامارەکەدا، ئەوانەی قەرزەکانیان زیاترە لە دوو ملیۆن دینار 93 هاوبەشن، کە 92'یان لەنێوان دوو بۆ 10 ملیۆن قەرزارن و تەنها یەک هاوبەش سەروو 10 ملیۆن قەرزارە.