لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت ئاماری سەرپێچیەکانی جەژنی رەمەزانیان بڵاوکردەوە
رەوەز
٢٩ی ئازاری ٢٠٢٥
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە رایانگەیاند تەنیا لەمانگی رەمەزاندا 47 شوێن پسوڵەی سەرپێچیان بۆ کراوە و 33 شوێنی بازرگانی داخراون
کارزان سلێمان، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە ئاماری چالاکییەکانی ئەم لیژنانەی لە ماوەی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا خستەرو.
بەپێی لێدوانەکانی کارزان سلێمان، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، لیژنەکان 47 پسوڵەی سەرپێچیان بۆ شوێنە بازرگانییەکان دەرکردووە، هەروەها 420 شوێنیشیان بە شێوەی فەرمی ئاگادار کردووەتەوە.
سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکان رایگەیاند کە "33 شوێنی بازرگانیمان بەهۆی سەرپێچی یاساکانەوە داخستووە، هەروەها توانیومانە زیاتر لە 45 تۆن ماددەی خۆراکی بەسەرچوو دەستی بەسەردا بگرین."
کارزان سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی مەترسییەکانیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، "سەرجەم ئەو یارییە ئاگرینانەی کە بەبۆنەی جەژنەوە دەفرۆشرێن" قەدەغە کراون.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی لێژنەکان ئاشکرای کرد کە "1925 سەردانی شوێنە بازرگانییەکانمان لە ماوەی مانگی رەمەزاندا ئەنجام داوە، بۆ 44 شوێن پسوولەی پێبژاردنمان دەرکردووە کە بەهای گشتییان چوار ملیۆن و 270 هەزار دینار بووە."
کارزان سلێمان لە کۆتایی لێدوانەکانیدا رایگەیاند کە "چوار شوێنیش بەهۆی سەرپێچی بەردەوامیانەوە روبەروی دادگا کراونەتەوە."