لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان راگەیەنراوێکی لەبارەی بەکارهێنانی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکانەوە بڵاوکردەوە و بە ریش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکانیش دەڵێت، ئەگەرچی کارێکی پیرۆزە، بەڵام بەمەبەستی کەمبوونەوەی، سوڵح بۆ ئەو تاوانبارانە مەکەن کە بە چەقۆ و ئامێرە بریندارکەر و شەڕکەرەکان تاوان ئەنجام دەدەن.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان رایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چارەسەری گشتگیر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لەسەر شەڕکردن بە چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان کە زۆرجار کوشتنی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لەنێوان هەرزەکاراندا، چەند خاڵێکیان وەک کرۆکی چارەسەر داناوە.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەڵێت، پێویستە دامودەزگا حکومی و دادوەرییەکان رێوشوێنی توند پەیڕەو بکەن بەوەی سزای توند دابنێن بۆ هەڵگرتنی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان و کارئاسانیان بۆ نەکەن، لایەنە ئەمنییەکانیش چاودێری زیاتری فرۆشگەکان بکەن و فرۆشتنی ئەو جۆرە کەرستانە بە تەواوی قەدەغە بکەن کە بۆ شەڕ بەکاردەهێنرێت لەلایەن هەرزەکارانەوە.
ئەوەش هاتووە، ئەگەرچی کاری چاکەخوازی و سوڵح و لێبوردن و ئاشکردنەوە پیرۆزن، بەڵام لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا و بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو رووداوانە، پێویستە ریش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان کەمتر داوا لە کەسوکاری قوربانییەکان بکەن بۆ لێخۆشبوون لە تاوانبارەکان.
داواش دەکات، چەند وتارێکی هەینی تایبەت بکرێت بە بابەتی پەروەردەی منداڵ و مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان، هەروەها قێزەونکردنی تاوانی کوشتن.
لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بە رێکخراوە مەدەنی و چالاکوان و پەروەردەکارەکانیش دەڵێت، گرنگە سیمینار و وۆرکشۆپ و چالاکی جیاواز بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەنجام بدەن.
