ئەپیكۆر: وەزارەتی نەوتی عیراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بکات
هادی
٢٩ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەپیكۆر رایدەگەیەنێت: وەزارەتی نەوتی عیراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكات.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ناسراو بە "ئەپیكور" لە رایگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، كۆمپانیا نێودەوڵەوتییەكانی نەوت و حكومەتی هەرێم بە نیازێكی پاكەوە لەگەڵ حكومەت و نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەستیان بە گفتوگۆ كرد بۆ گەیشتن بە بڕیارێكی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە گونجاوبێت، لەگەڵ رێككەوتنە یاساییەكان و بودجەی عیراق، بەڵام بۆیان رونبووەتەوە، وەزارەتی نەوتی عیراق ئامادەنییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێك بكات و رێز لە گرێبەستی كۆمپانیاكان بگرێت.
راشیگەیاندوە، عیراق هەوڵدەدات رێگەیەك بگرێتەبەر، بەشێوەیەكی تاكلایەنە جێگرەوەیەك بۆ چوارچێوە یاساییەكە و گرێبەستە بەركارەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم دابنێت، بەڵام تا پابەندبوون لە حكومەتی عیراقەوە نەبێت، ئامادەنین دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكەن.