وەزارەتی كارەبا: 415 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی رووناكی سوودمەندبوون
هادی
٢٩ی ئازاری ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پرۆژەی روناكی كاركردنی 600 مۆلیدەی ئەهلی وەستێنراوە و هاووڵاتیانیش نیگەرانن لە زۆری پارەی كارەبا.
وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، لە درێژەی جێبەجێكردنی پرۆژەی روناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی، پرۆژەكە بۆ شەش گەڕەكی تری هەولێر دابیندەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، تائێستا لە هەولێر 26 گەڕەك و 346 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی روناكی سوودمەندبوون، لە سەرتاسەری هەرێمیش 415 هەزار هاووڵاتی كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابینكراوە، كاركردنی نزیكەی 600 مۆلیدەی ئەهلیش لە 35 گەڕەك وەستێنراون.
ئەوەش لە كاتێكدایە بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆری نرخەكەی، نیگەرانن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی روناكی و داوا دەكەن یان پرۆژەكە رابگیرێت، یاخود نرخەكەی كەمبكرێتەوە، بەشێوەیەك لەگەڵ رەوشی دارایی هاووڵاتییان بگونجێت.