دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان و مانگێک لە بەرۆژووبوون، ئاسان نییە بۆ جەستە و گەدە و ریخۆڵەکان راستەوخۆ وەک پێشوو بگەڕێیتەوە سەر خواردنی ژەمەکان، بۆئەوەی توشی هیچ گرفتێک لە سیستمی هەرسدا نەبیتەوە، پێویستە چەند رێنماییەک جێبەجێ بکەیت.

پزیشکەکان ئامۆژگاری رۆژووەوانان دەکەن، بە شێوەیەکی دروست دەست بکەنەوە بە خواردنی ژەمەکان و هەنگاو بە هەنگاو رۆژانە دەست بکەنەوە بە خواردن، بۆئەوەی سیستمی هەرسیان بە چالاکی بمێنێتەوە و دووربێت لە گرفت.

یەکەم و باشترین هەنگاو ئەوەیە، لە رۆژانی جەژندا هەرسێ ژەمەکە نان نەخورێت، یانیش ئەگەر لە ژەمەکاندا نان خورا، ئەوا خواردنی قورس نەخورێت.

بەهۆی ئەوەی بەیانیانی جەژن هاووڵاتیان خواردن ئامادە دەکەن، گرنگە ژەمی نیوەڕۆ خواردنێکی سادە و سوک بێت و هەمان ژەمی بەیانی نەبێت.

هەنگاوێکی دیکەی گرنگ خواردنەوەی ئاوە، لەدوای بەرۆژووبوون و خواردنی ژەمەکان، جەستە پێویستی بە خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاوە، بۆئەوەی بتوانێت بە شێداری بمێنێتەوە و کاری گورچیلەکانیش بە دروستی بەڕێوەبچێت و خۆیان پاکبکەنەوە.

هەروەها پێویستە تاوەکو هەست بە برسێتی نەکەن نان نەخۆن، لەبەر ئەوەی لەکاتێکدا هێشتا شەکری خواردنی پێشوو کە هەڵمژراوە لەناو خوێندا هەیە و رێژەی ئەنسۆلین بە بەرزی ماوەتەوە بۆیە گرنگە جەستە ئەوە شی بکاتەوە و رێژەی ئەنسۆلین داببەزێت.

پزیشکەکان هۆکاری تێکچوونی گەدە و ریخۆڵەی بەشێک لە هاووڵاتیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، هەندێک جار برسیشیان نییە بەڵام نان و شیرینی دەخۆن، ئەوەش وادەکات لە هەندێک کاتدا توشی ژەهراویبوون ببن. بۆیە باشترین هەڵبژاردنە کە نان نەخۆن تاوەکو بە تەواوی هەست بە برسێتی نەکەن.