دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند: لە ١٠ مانگی ئەمساڵ، داھاتی دەروازەکان گەیشتوەتە ٩٤٧ ملیار دینار، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٦٢ ملیار دینار زیادیکردوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ، کاراکردنەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی لەسەرجەم دەروازە سنوری و فیدڕاڵییەکان و بەکارھێنانی سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەتە بەوردبینی بۆ سەوداکاری گومرکی، ھۆکاری سەرەکی زیادبوونی داھاتەکەیە.
"عومەر وائیلی" سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، داھاتی ئەمساڵ لە مانگی یەک تا مانگی ١٠ی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ٩٤٧ ملیار دینار، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ١٠ مانگە یەکەمی ساڵی ڕابردوودا داھاتی دەروازە سنورییەکان ٨٨٥ ملیار دینار بووە، بەو شێوەیەش لەمساڵدا ٦٢ ملیار دینار داھات زیاتر بووە.
وتیشی، لە ساڵی ٢٠١٩ کۆی گشتی داھاتی دەوازە سنورییەکان تریلیۆنێک و ١٢٢ ملیار دینار بووە، داھاتی ساڵی ٢٠٢٠یش تریلیۆنێک و ١٩٤ ملیار دینار بووە.
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، سەرەڕایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی جموجۆڵەکان، داھاتی دەروازەکان زیاتر بووە، سیستمی ئەلیکترۆنیش لە ھەموو دەروازە سنوری و فیدڕاڵییەکان کارا کراوە، کە تایبەتە بە وردبینی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی گومرگ.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی ڕابردوودا ٩٢ ملیۆن و ٤٢٢ ھەزار و ٤٨٥ بەرمیل نەوتی ھەناردەی وڵاتانی جیھان کردووە و تێکڕای نرخی فرشتنی یەک بەرمیل نەوت ٧٣.٣ دۆلار بووە، کۆی داھاتەکەشی لەو مانگەدا ٦ ملیار و ٧٧٧ ملیۆن و ١٣٤ ھەزار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی ١.٣١٪ بەرزبووەتەوە و نرخی بەرمیلێک گەیشتووەتە ٨٥ دۆلار و ٧٢ سەنت، ھەروەھا نرخی نەوتی ئەمریکی بەرزبووەتەوە و بەھای بەرمیلێک نەوتی تەکساس گەیشتووەتە ٨٣ دۆلار و ٩٨ سەنت کە بەراورد بە ڕۆژی شەممە بە ڕێژەی ١.٧٩٪ بەرزبووەتەوە.
لە ھەفتەی ڕابردووەوە نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزیدایە و ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نرخی بەرمیلێک نەوتی برنت گەیشتە بەرزترین ئاست و ٨٦ دۆلاری تێپەڕاند.
گەورە شارەزایانی ئابووری لە بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ھەڵکشانی خێرای نرخی نەوت، ھەڕەشە بۆ سەرھەڵدانی ھەڵاوسان لەسەر ئاستی جیھان دروست دەکات و ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت کاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە دروست دەکات کە وزە ھاوردە دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشبینی کرابوو تا کۆتایی ئەم ساڵ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بگاتە ٧٠ دۆلار، بەڵام تا ئێستا گەیشتووەتە، نزیکەی ٨٦ دۆلار.
حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق داوای لە سەرجەم دەروازە سنورییەكان كردووە چیتر رێگە بە هاوردەكردنی پەتاتە نەدەن بۆ ناوخۆی عێراق، چونكە وڵاتەكەی لە بەرهەمهێنانی پەتاتە گەیشتە ئاستی خود بژێوی و دەتوانێت هەناردەی دەرەوەی بكات.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق باسی لەوەشكردووە ، ئەو پەتاتەیەی بەرهەمدەهێنرێت بەشی بەكاربردنی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان دەكات جگە لەوەش وەزارەتی كشتوكاڵ پلانی دارشتووە بەهاوكاری چەند وەبەرهێنەرێك پەتاتە رەوانەی وڵاتانی كەنداو بكەن.
نرخی نەوتی تەکساسیش ١.٤٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتە ٨٤ دۆلار و ٤٠ سەنت، کە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ەوە.
لێکۆڵەران لە بانکی ئەی ئێن زێتیش دەڵێن، کەمکردنەوەی کۆت و بەندەکانی کۆرۆنا ھاوکار دەبێت لەسەر زیادبوونی داواکاری لەسەر سوتەمەنی، بە تایبەتی کە ئەمریکا بە نیازە لە مانگی داھاتووەوە سنورەکانی بەڕووی گەشتیارانی بیانی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بکاتەوە.
پارێزگاری سنە ڕایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمسال، لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە، (یەک) ملیۆن و ٧١١ ھەزار و ١٥٤ تۆن کاڵا لە نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان، کە بەھاکەی زیاتر لە سێ ملیار و ٧٢٦ ملیۆن دۆلارە ھەناردە و ھاوردە کراوە.
وتیشی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و ھەرێم، لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە ڕێژەی ١٦٧٪ زیادیکردووە.
لەگەڵ کرانەوەی بۆرسەی تورکیدا، بەھای دۆلارێک گەیشتە ٩.٢٧ لیرە، بەم جۆرەش بەھای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار گەیشتە کەمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا.
دابەزینی بەھای لیرەی تورکی بۆ ئەم ئاستە کەمە، دوای ئەوە دێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر دابەزینی بەھای لیرە، لە نیوەشەوێکی ھەفتەی ڕابردوو سێ بەڕێوەبەری لە بانکی ناوەندی گۆڕی.
لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێکە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێن دەدات ڕێگری لە دابەزینی بەھای دراوی وڵاتەکەی بکات، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ بەھای لیرە زیاتر دادەبەزێت و ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت دەستوەردانەکانی سەرۆک کۆمار و حکومەت لە کاروباری بانکی ناوەندی ھۆکاری سەرەکی دابەزینی بەھای لیرەن.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەردەوامە و یەک بەرمیل نرخی نەوتی برێنت ٥٠ سەنتی تر بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٤ دۆلار و ٨٢ سەنت.
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و تەنھا لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا نرخەکەی ٢٪ بەرزبووەتەوە.
چاودێرانی ئابووریش ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی بڕەکەی دەگەڕێننەوە لە کۆگاکانی ناوچەی ھاوکاری ئابووری و گەشە.
رێکخراوی ئۆپیک کە ١٣ دەوڵەتی بەرھەمھێنەری نەوت لە خۆ دەگرێت لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە ، لە مانگی رابردوودا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام رۆژانە نزیکەی ٤٨٦ ھەزار بەرمیل زیادیکردوە و ئاستی بەرھەمھێنان گەیشتوەتە ٢٧ ملیۆن و ٣٢٨ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ھەریەک لە عێراق و سعودیە و نەیجیریاش لەو مانگەدا زۆرترین نەوتیان بەرھەمھێناوە .
بەپێی راپۆرتەکەی ئۆپیک لە مانگی ئەیلولدا، عێراق رۆژانە بە بری ٨٤ ھەزار بەرمیل نەوت ئاستی بەرھەمھێنانی زیادکردوە و رۆژانە چوار ملیۆن و ١٣٩ ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەمھێناوە.
دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس و پابەندبوونی ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە بە زیادکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھان، بۆ سەروو ٨١ دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش بەرزترین نرخی نەوتە لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئێستا.
مانگی تەمووزی ئەمساڵ، وڵاتانی ئۆپیک پڵەس ڕێککەووتن لەسەر زیادکردنی ڕۆژانەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت تاکو مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت، لە بازاڕی جیھانی بە ٧٩ دۆلار و ٢٨ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرزترین ئاستی بەھای نەوتی خاوی برێنت لە ساڵی ٢٠١٨ تۆمارکرا کە ٧٦ دۆلار و ٤١ سەنت بوو.
وەزیرانی نەوتیش لە ڕێکخراوی ئۆپیک داوایانکردووە، پارێزگاری لە ئاستی ھەناردەکردنی نەوت بکرێت بۆ بازاڕەکانی جیھان.