نرخی نەوت لە گەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە رێژەی ٢.٣٪ زیادیکرد و بە ٧٢ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ھەروەھا نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی ٢٪ بەرزبووەوە بەرمیلێک بە ٦٨ دۆلار و ٣٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخەکانی نەوتە کە لە مانگی ھەشتەوە بازاڕی نەوت بەخۆیەوە دەیبینێت.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری نەوتی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، بازرگانانی نەوت بەھۆی پچڕانی بەرھەمھێنانی نەوت لە کەنداوی مەکسیک نرخەکانی نەوتیان بەرزکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوە ھات کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا بەھۆی گەردەلولی ئایدا دەستیان بە داخستنی بیرە نەوتییەکانیان کرد .
ڕێکخراوی یونیسێف لە راپۆرتی مانگانەی خۆی ئاماژەی بەوە داوە، زیاتر چوار ملیۆن کەس لە عێراق پێویستیان بە یارمەتی مرۆڤ دۆستانەیە و یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەسیان منداڵن و بەڕێژەی ٣٨ ٪ لە ژێر ھێڵی ھەژاریەوەن .
یونیسێف ھۆکاری ئەو قەیرانەی بۆ شەڕ دژی گروپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ تا کوو ٢٠١٧ گەڕاندووەتەوە، کە بووەتە ھۆی ئاوارەیی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس.
لە دوای ئەوەش عێراق بە توندی کەوتووەتە ژێر کاریگەری کۆرۆنا و زیاتر لە یەک ملیۆن ٣٠٠ توشبوو و زیاتر لە ١٦ ھەزار و ٩٠٠ حاڵەتی مردن بە ھۆی ئەم نەخۆشییە لەم وڵاتە تۆمار کراوە.
رێکخراوی یونیسێف داوا لە وڵاتانی یارمەتیدەر و لایەنە نێوخۆییەکان دەکات ٦٦ ملیۆن دۆلار بۆ پێداویستیە مرۆییەکان و چارەسەری دۆخی نا لەباری سیاسی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دابین بکەن بەزووترین کات.
بەپێی داتاکانی ھەناردەی نەوت، لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دراوە بە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی تەمموزی رابردوو بڕی ٩٠ ملیۆن و ٤٦٧ ھەزار و ٧٩٤ بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە.
ھەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتدا ھاتووە، کۆی داھاتی بەدەستھاتووی نەوتی ھەناردەکراو شەش ملیار و ٤٧٥ ملیۆن و ٥١٢ ھەزار دۆلار بووە، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشوو ڕووی لە زیادبوون کردووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای نەوت لە بازاڕی جیھانیدا ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٧١ دۆلار و ٥٧ سەنت فرۆشراوە .
دراوی گریمانەیی بتکۆین لە ناوەراستی مانگی ئایارەوە نرخەکەی رووی لە داشکان کردبوو، دووبارە لە سەرەتای مانگی تەموزەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردووە.
ئەمرۆ دراوی گریمانەیی بتکۆین لە بازارەکانی جیھان بە ٥٠ ھەزار و ٢٧٧ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی بتکۆین دوای ئەوەدێت لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە رۆژنامەی سیتی ئەی ئێمی لەندەنی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەھۆی جۆری نوێی کۆرۆناوە کە بە دەلیا ناسراوە زۆرێک لە وڵاتان ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر و نا جێگیری نرخی نەوتی لە جیھاندا سەرمایەدار و وەبەرھێنەران خواستیان بۆ کڕینی بتکۆین زیادی کردووە.
رێکخراوی ئۆپیک ئاشکرایکردوە، قەبارەی بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٤٨٥ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بەراورد بەھەمان مانگی ساڵی رابردوو لەسەدا ٢٨ زیادیکردووە.
رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت کە بە ئۆپیک ناسراوە، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماری بەرھەمھێنانی نەوتی ئێرانی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا ھاتووە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و ٢١٤ ھەزار بەرمیلی بەرھەمھێناوە، ھەروەھا توانیویەتی لە چارەکی دووەمدا بۆ دوو ملیۆن و ٤٤٣ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکاتەوە.
ئامارەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەھۆی سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ھەناردەی نەوتی ئێران دابەزیووە، بەڵام توانیویەتی قۆناغ بەقۆناغ قەرەبووی ئەو دابەزینە بکات و ئاستی ھەناردەکردنی بەرز بکاتەوە.
پێشتریش بێژەن زەنگەن وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندبوو، ھەرچەندە بەھۆی گەمارۆ توندەکانی ئەمریکا و کەرتی پیشەسازی نەوت زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام بەردەوام بووە لە کارەکانی و پارێزگاری لە ئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت کردووە.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی پێنجشەممە دابەزی و ھەر بەرمیلێک بە ٦٧ دۆلار و ١٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ھەروەھا نەوتی تەکساسی ئەمریکاش بە ٦٤ دۆلار و ٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی نرخی نەوت لە کاتێکدایە کە بازرگانانی نەوت بە تووندی نیگەرانی تەشەنەکردنی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری دێلتان، بووەتە ھۆکاری ئەوەی وڵاتانی جیھان رێوشوێنەکانی ھاتووچۆ دووبارە تووند بکەن و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی خواست بۆ نەوتی خاو داناوە.
بەرزبوونەوەی قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکاش یەکێکی دیکە لەو ھۆکارانە بووە کە نرخی نەوتی لە رۆژی پێجشەممە دابەزاندووە و کارگێڕیی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا ھەفتەی رابردوو ٦٩٦ ھەزار بەرمیل زیادیکردووە .
بە کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دەلتا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان و گرتنەوەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوت بە رێژەی ١٪ دابەزی و ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٦٩ دۆلار و ٤٨ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، نرخی نەوتی ئەمریکیش بە رێژەی لە سەدا ١٦.١٪ دابەزیوە و ھەر بەمیلێک بە ٦٧ دۆلار و ٨٣ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بە وتەی چاودێران، زیادبونی ئامارەکانی کۆرۆنا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بەگشتی و لە چین بە تایبەتی کە خاوەنی دوەم گەورەترین ئابوری جیھانە، ھۆکارە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا.