بڕی هەناردەی كاڵای ئێران لە دەروازەی باشماخەوە بۆ هەرێم لە ٦٠٪ زیادیكردووە، هەربۆیە بە سێیەم دەروازە لە ئێران دیاریكراوە كە زۆرترین كاڵای تێدا هەناردەكراوە.
حەمید رەزا عەبدولمەلیكی بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەسنوری رۆژهەڵاتی كوردستانەوە رایگەیاند، لە ماوەی دە مانگی ئەمساڵدا دوو ملیۆن و ٢٠٨ هەزار تۆن كاڵا لە باشماخەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە.
ئاماژەی بەوشكرد، بڕی هەناردەی كاڵا لەو دەروازەیەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو٦٠٪ زیادیكردووە، ئەوەش وایكردووە باشماخ وەك سێیەم دەروازەی لە ئێران دەستنیشانبكرێت كە زۆرترین كاڵای تێدا هەناردە كرابێت.
بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ دەشڵێت، لە ماوەی ئەو دە مانگەدا ٩٢ هەزار و ٥٠٠ بارهەڵگری لە دەروازەكەدا تێپەڕیون.
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان دابەزینی تۆماركرد و یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە ٧١ دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.
نرخی نەوت رۆژی هەینی لەكاتی داخستنی بۆرسەی جیهانیدا بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٢ دابەزینی تۆماركرد و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت كە پێوەرێكی جیهانییە بە ٧١ دۆلار و ٤ سەنت مامەڵەی پێوەكرا، یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە ٦٧ دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت.
هاوكات نرخی نەوتی خاوی عیراق دابەزینی تۆماركرد و نەوتی بەسرە بە ٦٩ دۆلار و ٨ سەنت مامەڵەی پێوەكرا.
نرخی نەوت لەماوەی هەفتەیەكدا نزیكەی لەسەدا ٤ ی نرخەكەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی ئەگەی كەمبوونەوەی خواستی چین بۆ وزە و پرۆسەی كەمكردنەوەی سودی بانكی لەئەمریكا.
نرخی زێڕ دابەزینی گەورەی هەر ئۆنسەیەك بە دوو هەزار و ٥٦٢ دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، ئەوەش گەورەترین دابەزینی هەفتانەیە لەماوەی نزیكەی سێ ساڵدا.
نرخی زێڕ رۆژی هەینی لەكاتی داخستنی بۆرسەی جیهانی، دابەزینی تۆماركرد و نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بڕی پێنج دۆلار و ٥٣ سەنت لەنرخەكەی لێبووەوە.
هەنگاوەكانی بانكی ناوەندیی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی سوودی بانكیی، هۆكارە بۆ ئەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرزببێتەوە و لەبەرامبەردا كاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
دابەزینی نرخی زێڕ لەكاتێكدایە لەماوەی ئەمساڵدا، نرخی ئەو كانزایە بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆماركردووە.
نرخی زێڕ نزمترین ئاستی لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا تۆماركرد و نرخی مسقاڵێك زێڕ لە هەرێمی كوردستان 18 هەزار دینار دابەزیوە.
دوای گەیشتی نرخی ئۆنسەیەك زێڕ بە 2,790 دۆلار كە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژوودا، نرخی ئەو كانزایە ماوەی سێ هەفتەیە لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ گەیشتە 2,604 دۆلار كە ئەوەش نزمترین ئاستە لە ماوەی مانگێكدا.
سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ئەگەری هێشتنەوەی سودی بانكی لە ئاستێكی بەرزدا و هەروەها بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار بەرامبەر شەش دراوە سەرەكییەكە، هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی زێڕە.
لە بازارەكانی هەرێمی كوردستانیش لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی هەر مسقاڵێكی زێڕ 18 هەزار دینار دابەزیوە و لەئێستادا نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیارە 21 بە 562 هەزار دینارە.
لیستی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێم لە بەغدادە و چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ وەزارەتی دارایی عیراق وردبینیكردنی لیستەكە دەستپێبكات.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی و دەستی رەوانەی عیراق كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كێشەی تێدابووە وەزارەتی دارایی عیراق لیستەكەی رەوانەی هەرێم كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردووش جارێكی تر لیستی ئەلیكترۆنی موچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق كراوەتەوە.
وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ وەزارەتی دارایی عیراق دەست بە وردبینی لیستی موچە بكات.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو لەنێوان ١٨ تا ٢٠ی مانگ لیستی موچە رەوانەی بەغداد دەكرێت، بەڵام چەند مانگێكە لەدوای ٢٠ی مانگ لیستی موچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی و بە دەستی رەوانەی بەغداد دەكرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم تا ئێستا هیچ رونكردنەوەیەكی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ نەداوە، بەڵام چەندجارێك جەختیكردووەتەوە لەگەڵ بەغداد رێكەوتوون تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم كێشەكانی لیستی موچە چارەسەر بكەن.
لە چوارچێوەی پابەندبوونی بە بڕیارەكانی ئۆپێك پڵەس، وەزارەتی نەوتی عیراق، ئاستی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی بۆ سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمكردەوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی عیراق بە بڕیارەكانی رێكخراوی ئۆپێك و وڵاتانی رێككەوتنی " دی ئۆ سی"، عیراق ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی بۆ سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمكردووەتەوە، جگە لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی نەوت لەسەر ئاستی ناوخۆ.
راشیگەیاند، كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عیراق بۆ چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیادەیەی لە چەند مانگی رابردوودا بەرهەمهێنراوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندووە، ئامانج لە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە بەرزكردنەوەی هاوسەنگی و سەقامگیری نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە ١٥ ملیار دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو دوو ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەكات بڵاویكردەوە، داهاتی ئەم هەفتەیە واتە لە ٢٦ی ١٠ەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٥ ملیار و ٢٤٥ ملیۆن دینار و ١٢٠ هەزار و ٩٤٨ دینار بووە كە ٩٣%ی نەختینە و ٧%ی چەك بووە.
داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو ١٣.٣٦% واتە بەبڕی دوو ملیار دینار دابەزیوە، كە لەوهەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە ١٧ ملیار دینار بووە.
بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٧٧٨ ملیار و ٣١٧ ملیۆن دینار بووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە سەدا ٣٣ كەمیكردووە.
بەھۆی ھێوربونەوەی رەوشی رۆژھەڵاتی ناوەراست، نرخی نەوت دابەزینی گەورەی تۆمارکرد و زیاتر لە ٣ دۆلار دابەزی.
رۆژی دوو شەممە لەگەڵ کردنەوەی بازارەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت سێ دۆلار و ٤٥ سەنت دابەزی و بە ٧٢ دۆلار و ٦٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسیش سێ دۆلار ٣٦ سەنت دابەزی و گەیشتە ٦٨ دۆلار و ٤٢ سەنت.
چاودێرانی بازاری نەوت دەڵێن، ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت گەڕانەوەی جۆرێک لە سەقامگیرییە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکان، لەدوای ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و نەکردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتییەکان.
نرخی دینار بەرانبەر دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ١٠٠ دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا بۆ ١٥٠ ھەزار و ٧٠٠ دینار دابەزی.
بەھای دۆلار ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا بە ١٥٠ ھەزار و ٧٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەراورد بە نرخی دوێنێ ھەزار دینار دابەزیوە.
بەھای دۆلار ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە لەدابەزین بەردەوامە.
بانکی ناوەندی عیراق رۆژی یەکشەممە، بڕی ٢٦٧ ملیۆن و ٥٠٩ ھەزار دۆلاری خستوەتە بازاڕەوە، لەو بڕە پارەیە ٦ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە، ئەوەی تری بەشێوەی حەواڵەبووە.
بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نرخی نەوت ناسەقامگیرە و بەراورد بە هەفتەی رابردووش بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی وزەی جیهان، بەراورد بە هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەرزبووەوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت هەشت سەنت بەرزبووە كە دەكات ٠.١١ ٪ و گەیشتە ٧٣ دۆلار و ١٤ سەنت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تكساسیش دە سەنت بەرزبووەوە كە دەكاتە٠.١٤٪ گەیشتە ٦٩.٣٢ دۆلار بۆ یەك بەرمیل.
میدیاكانی ئەمریكا هۆشكاری ناجێگیری و ناسەقامگیری نرخی نەوتیان بۆ شەڕۆ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاندووەتەوە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و حەماس و بزوتنەوەی حەماس و جەختیانكردووەتەوە، لەگەڵ هێوربوونەوەی رەوشەكە، نرخی نەوتیش زیاتر بەرزدەبێتەوە.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەو وڵاتە لە بڕیارێکدا بۆیەکەمجار لەدوای ٢٠٢٠ نرخی سودی بانکیی ٥٠ خاڵی سەرەکی کەمرایەوە، ئەو بڕیارەش کاریگەری لەسەر ئابووری جیھان دروست دەکات و بەھۆیەوە نرخی زێڕیش بەرزبوونەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد و ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە دوو ھەزار و ٥٩٦ دۆلار و پێنوێنی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی ئەمریکاش بەرزبوونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە کاریگەری ئەو بڕیارە بەھای دراوە سەرەکییەکان بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەیان تۆمارکرد و بەھای پاوەن گەیشتە بەرزترین ئاست لەیەک ساڵی رابردوودا، بەشێوەیەک بەھای ١٠٠ پاوەن گەیشتە ١٣٢ دۆلاری ئەمریکی و بەھای ١٠٠ یۆرۆش نزیکبووەتەوە لە ١١٢ دۆلار.