ئەمڕۆ ئەم شوێنانە موچەی مانگی دوو وەردەگرن
هەساو ئەمیر
١٣ی ئازاری ٢٠٢٥
دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک مانگ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی موچەخۆران، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی 3، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و یەکەم شوێنیش موچەی 'خانەنشینان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی' دابەشدەکرێت.
بەپێی خشتەی موچەی مانگی 3، لەماوەی پێنج رۆژدا موچەی سەرجەم دەستە و وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.
دوێنێ چوارشەممە، دوای ئەوەی بەغداد پارەی موچەی مانگی دووی خستە سەر هەژماریی بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، خشتەی موچە راگەیەنرا.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەوڵدەدەن بەر لە جەژن موچەی مانگی سێ'ش دابەش بکەن.
رۆژی 4ی مانگی رابردوو، موچەی مانگی 1ی موچەخۆرانی هەرێم دابەشکرا، لەکاتێکدا موچەخۆران دەبوو موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو وەربگرن، لەئێستاشدا چارەنووسی موچەی مانگی 12 یەکلا نەکراوەتەوە.