بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی تمەنەوە؛ پەرلەمانی ئێران متمانەی لە وەزیری دارایی وڵاتەکەی سەندەوە
هەساو ئەمیر
٢ی ئازاری ٢٠٢٥
بەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی نرخی تمەنەوە، پەرلەمانی ئێران متمانەی لە وەزیری دارایی و ئابووری وڵاتەکەی سەندەوە.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو نزمبوونەوە بەرچاوەی تمەن بەرانبەر بە نرخی دۆلار دیویەتی، پەرلەمانی ئێران عەبدولناسڕ هیممەتی وەزیری دارایی و ئابووری ئێران لەسەر کار لابرد.
لە 19ی مانگی رابردوودا، ئەحمەد نادری پەرلەمانتار ئەوەی خستە روو، پەرلەمان داواکاری پێگەیشتووە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی و ئابووری، کە رەنگە دانیشتنەکان بە لێسەندنەوەی متمانە لەو وەزیرە کۆتایی پێبێت.
بەپێی یاسای ئێران، ئەو وەزیرەی سکاڵای لەسەرە و داوادەکرێت لێپرسینەوەی لێبکرێت، مۆڵەتی 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتارەکان، بۆ وەزیری داراییش، پێویست بوو روونکردنەوەی تەواو بدات لەسەر دۆخی ئابووری وڵات، بەر لەوەی دەستبکرێت بە دەنگدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لێی.
پێشتریش ئەو وەزیرە لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێراندا بووە و بەهەمان شێوە متمانەی لێسەندراوەتەوە.
دوای ئەوەی ساڵی 2018 دۆناڵد تڕەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و ئێران کەوتە ناو قەیرانێکی ئابووری قوڵەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاشەوە، ماوەی چەند ساڵێکە نرخی تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیشەوە لە سوریا لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا، نرخی تمەن زیاتر رووی لە دابەزین کرد.
لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێم 100 دۆلار بەرانبەر بە نۆ ملیۆن و 210 هەزار تمەنە.