وەزارەتی دارایی عیراق رەتیكردەوە لیستی موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێمی پێگەیشتبێت و دەڵێت، نە لیستی موچە، نە وەفدی هەرێمیان نەبینیوە.

دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی سێشەممە لیستی موچەی مانگی سێی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق كراوە. بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا لیستی موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێم نەگەیشتۆتە دەستیان، هەربۆیە وردبینكردنی لیستەكە دەستیپێنەكردوە و هەر كات لیستەكەیان پێبگات وردبینی تێدا دەكەن.

سەرچاوەكە وتیشی، هاوشێوەی فەرمانگەكانی تری عیراق نابێت هیچ گۆڕانكارییەك لە لیستی موچەی مانگی سێی موچە خۆرانی هەرێمدا هەبێت و دەبێت هاوشێوەی لیستی موچەی مانگی دوو بێت. ئەگەر هەر جیاوازییەكیش هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە رەتدەكرێتەوە و وردبینیكردن تیایدا دوادەكەوێت.