کوردستان

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، ئەمرۆ سەردانی ئەو ناوەندانە دەكات كە تائێستا دەنگەكانی بۆ پەرلەمانی كوردستان هەژمارنەكراون.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندوە، ئەمرۆ سێشەممە وردبینی لە دەنگی ئەو وێستگانە دەكرێت، كە ئەنجامەكانیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رانەگەیەندراون، بەپێی خشتەی كۆمیسیۆن ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆك و رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی یەكەم لە پارێزگای سلێمانی و رۆژی پێجشەممە 24ی تشرینی یەكەم لە پارێزگای هەولێر، وردبینی لە دەنگی ئەو وێستگانە دەكەن، كە دەنگەكانیان هەژمار نەكراون.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماەی بۆ ئەوەشكردوە، هەموو سەردانەكان لە سەعات نۆی سەرلەبەیانی دەبێت، نوێنەری هاوپەیمانی و حزب و پاڵێوراوان و چاودێرانی هەڵبژاردنەكان و راگەیاندنەكان دەتوانن سەردانی ناوەندەكانی وردبینی بكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئێستا بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەنگی ٢٦ وێستگە هەژمار نەكراون.
 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، سبەی مامۆستایانی گرێبەست یەکەم مووچەیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەرناگرن و لەچەند رۆژی داھاتوودا دابەشدەکرێت.


عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەرچەندە بڕیاربوو سبەی مامۆستایانی گرێبەست یەکەم مووچەیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەربگرن، بەڵام بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشناکرێت.


ئەوەشی خستەڕوو، لەچەند رۆژی داھاتوودا مووچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.


رۆژی ١٧ـی ئەم مانگە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست رایانگەیاند، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست بووەتە مووچە و مووچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەست لە تەواوی پەروەردەکان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت، دواتریش پێکەوە شایستەی دارایی مانگی تەمموز و ئابی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سلێمانی لەکاتی لێکردنەوەی پۆستەری بانگەشەی لایەنەکان، کەسێک گیانیلەدەستداو دووانی دیکەش برینداربوون.


لەدوای تەواوبونی پرۆسەی ھەڵبژاردن، لایەنەکان دەستیانکردوە بە لێکردنەوەی پۆستەرەکانیان، لە کاتی لێکردنەوەی پۆستەر گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵان کە بە ئۆتۆمبێلی بەرزکەرەوە ھەوڵیداوە پۆستەر لە ستون و بەرزەپردەکان لێبکاتەوە کەوتووەتە خوارەوە بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.


ھاوکات، بەڕێوەبەری ئیدارەی نەخۆشخانەی شار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەر بەھۆی لێکردنەوەی پۆستەرەکانەوە دوو کەسی دیکە لە دوو شوێنی جیاجیا برینداربوون ، وتیشی، ئەو دوو کەسە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لە ئێستادا نەخۆشخانەیان جێھێشتوە تەندروستیان جێگیرە.


بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لەدوای مانگێک لە تەواوبوونی ھەڵبژاردن پێویستە سەرجەم پۆستەی بانگەشەی لایەنەکان لەسەر شەقامەکان لاببرێن، بە پێچەوانەی سزای دارایی دەدرێن.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچیدوایی ئاشتی هەورامی پەیامێکی هاوخەمیی ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵە دڵسۆزەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.

دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێزان خانەوادەی دکتۆر ئاشتی هەورامی

زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی (عەبدوڵا عەبدولرەحمان تەوێڵەیی) ناسراو بە(ئاشتی هەورامی)م بیست. هاوبەشی خەمتانم و پرسەو سەرەخۆشی لەبنەماڵە دڵسۆزەکەتان ئەکەم.

خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگەی بەهەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.

انا لله وانا الیه راجعون

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایھات و لیستی ١٢٩ی یەکێتی سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێناوە.


بەپێی ئەنجامە نا رەسمییەکان و جیاکردنەوەی ٩٢%ی دەنگەکان، لە چواربازنەی ھەرێمی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٤٠٨ ھەزار دەنگ و پارتی ٥٧٢ ھەزار و ٣١ دەنگ و نەوەی نوێ ٢٤٠ ھەزار و شەش دەنگ و یەکگرتوی ئیسلامی ٩٤ ھەزار و ٧٥٥ دەنگ و کۆمەڵی دادگەری ٥٨ ھەزار و ٨٣٨ دەنگ و لایەنەکانی تر ٨٨ ھەزار و ٨٧٠ دەنگیان بەدەست ھێناوە.


مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتیش رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر دەنگ ماوە جیابکرێنەوە و دەنگی یەکێتی زۆر زیاتر دەبێت لە ئێستا.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زۆری تەمەن و نەخۆشی، نەبووە رێگرلەبەردەم ھاوڵاتییان بۆ بەشداریکردنیان لە دەنگدان و لە بەشێکی زۆری بنکەکانی دەنگدان ھاوڵاتییانی بەتەمەن و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشداری پرۆسەی دەنگدانی گشتییان کرد.


لە دھۆک و چەمچەماڵ یەکەم دەنگدەر ھاوڵاتی بەتەمەن بوون و لە سنووری چۆمانیش کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان نۆرەیان گرتبوو و دەنگیان دەدا، لە حاڵەتێکی دەگمەنی ناو پرۆسەکەشدا، لە سنووری پشدەر، نەخۆشێک لەسەر قەرەوێڵە دەنگیدا.
 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی ھەرێم داوا لە ھاوڵاتیان دەکات، بەشێوازێکی شارستانیانە گوزارشت لەخۆشییەکانیان بکەن و دووربکەونەوە لە تەقە کردن.


لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی ھەرێم داواکارە لە سەرجەم ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکەکان، دوای کۆتاییھاتنی پرۆسەی دەنگدان و ئاشکراکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و کەرنەڤاڵی لایەنە سیاسییەکان، بەشێوازێکی شارستانیانە گوزارشت لەخۆشییەکانیان بکەن.


ھەروەھا داوا لە ھاوڵاتیان دەکات نەبنە ھۆی دروستبوونی ئاستەنگی ھاتوچۆ لە شەقام و شوێنە گشتییەکان و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و بەکارھێنانی چەک و تەقەکردن، بە پێچەوانەوە سزای یاسایی سەرپێچیکاران دەدرێت و ڕووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕێژەی بەشداری ھەڵبژاردن لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ڕێژەی ٦٢٪ ی تێپەڕاند.


بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان، بەشداری دەنگدەران لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە سلێمانی زیاتر بووە لە لەسەدا ٤٣ لە ھەڵەبجە سەدا ٥٢ بووە،

 ھاوکات لە دھۆک و سیمێڵ سەدا ٤٣ و لەزاخۆ سەدا ٤٤ بووە.


ھەروەھا ڕێژەی بەشداری ھەڵبژاردن لە چەمچەماڵ و ئامێدی سەدا ٥٥ بووە و لە ئاکرێ و بەردەڕەش سەدا گەیشتوەتە سەدا ٤٤.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات.


سەعات ٧ی بەیانی پڕۆسەی دەنگدان دەستیپێكرد و پڕۆسەكە تا سەعات ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو، كە تیایدا دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان چونە سەرسندوقەكانی دەنگدان و بۆ هەڵبژاردنی ١٠٠ ئەندامی پەرلەمان دەنگیاندا.


بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەزار و 266 بنكە بۆ دەنگدانی گشتی  دەنگیان تێدا درا و هاوكات، دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ كەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی لە شاری سلێمانی بەشداری  پرۆسەی دەنگدانی كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە وتەیەكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، رێرەوی حكومرانی لە هەرێمی كوردستان راستدەكەنەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەم هەڵبژاردنە گۆرانكاری دروست دەكات و كابینەی داهاتووی حكومەت جیاواز دەبێت، ئەمرۆش دەستپێكی پرۆسەی كۆتاییهێنانە بەوانەی غەدریان لە میللەت كردووە، راشیگەیاند هیوادارن هاووڵاتیان بە زوویی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بەو لایەنە بدەن  كە دەتوانێت گۆڕانكاری بكات.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو یەكەم دەنگدەر لە سلێمانی لە خوێندنگەی رەوشەن بەردخان لە سلێمانی دەنگیداو داوا لە هاووڵاتیانیش كرد زوو بچن بۆ دەنگدان.

وتیشی، پەیامیان ئەوەیە كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێن و پێویستە هاوڵاتیان دەنگ بدەن بۆ ئەوەی پێكەوە گۆڕانكاری بكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بارستە ھەوایەکی سارد روو لە ھەرێمی کوردستان و عیراق دەکات و پێویستە ھاوڵاتیان جلوبەرگی زستانە لەبەربکەن.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەمڕۆوە بارستە ھەوایە زۆر سارد لە تورکیاوە روو لە ھەرێمی کوردستان و باکوری رۆژھەڵاتی عیراق دەکات. 
ھەروەھا رێنمایی ھاوڵاتیان دەکات کە جلی زستانە لەبەربکەن بەو پێیەی شەوان کەشوھەوا زۆر سارد دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

ھاوکات، کەشناسی ھەرێمیش رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان ساماڵ و نیمچە ھەور دەبێت  لەگەڵ ئەگەری نمە بارانێکی کەم لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە و پلەکانی گەرماش پێنج پلە نزمدەبنەوە.

بەپێی پێشبینی کەشناسی، سبەینێ یەک شەممە پلەکانی گەرما نزیکەی چوار پلەی تر نزمدەبنەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامی دەنگەکانی لە دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، یەکێتی براوەی سەرەکییە لە دەنگدانی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان.
 

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوایکرد، ئەم سەرکەوتن و کەرنەڤاڵەی یەکێتی، بە ھێمنی گوزارشتی لێ بکرێت بە ئامانجی پاراستنی ئارامی لە ھەرێمی کوردستان.

گەزنەیی وتیشی، لێرەو لەوێ ھەندێک میدیای گێرەشێوێن ئامار و داتای ھەڵە بڵاودەکەنەوە بۆ تێکدانی رای گشتی، بەڵام ئەوەی کە لەراستیدا یەکێتی لەنێوان دوو ھەڵبژاردندا دەنگەکانی زۆر زیادیکردووە.

بەپێی ئامارەکان، ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە سلێمانی ٢٤٦٣٣ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٤٩٤١٢ دەنگ بەدەست بھێنێت.

ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە ھەولێر ١٢٦٤ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ١٦٣٣١ دەنگ بەدەست بھێنێت.

ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە دھۆک ٢٢١٥ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٢٥٥٣ دەنگ بەدەست بھێنێت.

ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە ھەڵەبجە ١٢٣٠ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ١٨٠٧ دەنگ بەدەست بھێنێت.

لە سەرجەم ھەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی ٣٨٣٤٢ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٧٠١٠٣ دەنگ بەدەست بھێنێت.

یەکێتی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٣١٧٦١ دەنگ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان زیاد بکات.

وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی ٢٠٢١ ھێز و دەنگدەرێک ھەبووە لە دەرەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی ھەرێم بوون و پەیوەندیداربوون بە ناوچەکانی مادەی ١٤٠وە، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا تەنھا دەنگدەرانی ناو ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ‌ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و دوو ملیۆن و ٦٨٣هەزار و ٦١٨ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

رۆژی یەكشەممە ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بە پێی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هەر بەپێی ئامارەكە، زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لە سنوری پارێزگای سلێمانییە كە  یەك ملیۆن و هەشت هەزار و ٤١٢ دەنگدەرە، وە هەولێریش ٩٣٣ هەزار و ١١٥ و لە 

دهۆك ٦٨٢ هەزار و ٧٩١ كەس و لە هەڵەبجە ٥٩ هەزار و ٣٠٠ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هەروەها بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە هەزار و 266 بنكەی دەنگدان و شەش هەزار و ٣١٨ وێستگەی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە. 
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێم، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی ئەگەری باران بارینی کەم ھەیە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بۆ ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆماردەکرێت کە ٣٧ پلەی سیلیزی دەبێت، نزمترین پلەی گەرماش لە حاجی ئۆمەرانە کە ٢٢ پلەیە، لە ھەولێریش ٣٣ پلە و لە سلێمانی و دھۆک ٣٢ پلە و لە ھەڵەبجە و زاخۆ و سۆران ٣٤ و ٣٢ و ٣١ پلەی سیلیزی تۆماردەکرێت. 

راشیگەیاند، لەسنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی ھەوری تەواودەبێت لەگەڵ بارینی کەمێک باران لە ھەندێک ناوچەی جیاجیا لەکاتەکانی درەنگانی شەودا.

پێشتریش کەشناسی عیراق پێشبینیکردبوو لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەوە بارانبارین چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بە ھەرێمی کوردستانەوە بگرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە دەوامی ساڵی نوێ خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٤ -٢٠٢٥ دەستپێبکات.
د.یۆھان عوسمان، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبونەوەی ئاساییدا بڕیارییداوە کە ھەفتەی داھاتوو خوێندکاران دەست بە دەوام بکەن و رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەش دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٤- ٢٠٢٥ بێت، چونکە گرفتەکانی بەشە ناوخۆییەکان چارەسەر کران. 

وتیشی، بڕیاربوو دەوامی خوێندکاران لە ٢٨ی ئەیلول دەستپێبکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەشە ناوخۆییەکان ئامادە نەکرابوون دەستپێکی دەوام دواخرا. 

زانکۆی سلێمانی رایگەیاندبوو، وەزارەتی دارایی تەمویلی کۆمپانیای پاککردنەوە و چاککردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان ناکات لەبەرئەوە ناتوانرێت پێشوازی لە خوێندکاران بکرێت و دەوامی خوێندکاران دوادەخرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...658