سەرۆککۆمار

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، محەمەد رامی مارتینی سڵاوی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریای گەیاندە سەرۆککۆماری عێراق، ھاوکات د.لەتیف رەشید لەرێگەی وەزیرەوە سڵاو و پێزانینی خۆی نارد بۆ سەرۆک بەشار ئەسەد و ھیواشی خواست گەلی سوریای برا لە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا بژی.

سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بەو پەیوەندییە بەھێزەی کە ھەردوو وڵات و گەلی برا بەیەکەوە گرێدەدات، جەختیشیکردەوە لە گرنگی کارکردن بۆ بەھێزکردن و پەرەپێدانیان بەشێوەیەک، کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەدیبھێنێت.

ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد، عیراق و سوریا مێژو و شارستانیەتی ھاوبەشیان ھەیە و بەشداریانکردوە لە بەرەوپێشبردنی ھاریکاری و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی بەتایبەتی لەبواری گەشتیاری و شوێنەوار و رۆشنبیری، کە میللەتان پێکەوە دەبەستێتەوە. ھەروەک گرنگی ھاندانی دەرفەتی وەبەرھێنان و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەتی لە پڕۆژە ھاوبەشەکانی بوارە جیاجیاکاندا، دوپاتکردەوە.

ھەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار رایگەیاند "کلتور و چارەنوسمان ھاوبەشن و روبەڕوی ئاستەنگی ھاوبەش بوینەوە بەتایبەتی لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندوتیژیدا، عێراق توانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و سەقامگیری ئەمنی لە شار و پارێزگاکاندا بچەسپێنێت". دوپاتیشیکردەوە، سەقامگیریی عیراق، سەقامیگری ناوچەکەیە.   

ھاوکات باسی لە بارودۆخی فەلەستین و غەززە کرد و جەختی کردەوە لەسەر پێویستی راگرتنی ھێرش و بۆردومانەکان بۆسەر خەڵکی سڤیل و ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێکەوتەکانی بارودۆخی غەززە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ھەیە.

لەلای خۆیەوە وەزیری گەشتوگوزاری سوریا، جەختیکردەوە لە قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گرنگی بەھێزکردنیان لە بوارەکانی گەشتیاری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی ئەزموندا. ئاماژەی بەوەشدا، کە عێراق ھاوبەشێکی سەرەکییە بۆ سوریا لە بواری گەشتیاریدا و ھیوادارن ھەماھەنگییەکی زیاتر لە نێوان ھەردوو وڵاتدا بەدەستبھێنن.

ھەروەھا پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ھەڵوێستەکانی عێراق لە میوانداریکردنی سورییەکان و واڵاکردنی دەرگاکان و مامەڵەی میھرەبانانەی گەلی عێراق لەگەڵیاندا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار رۆڵی بەشداریکردنی راوێژکارانی سەربازیی ئیستۆنیای لەھێزە فرەنەتەوەییەکان بۆ مەشقپێکردن بە ھێزە چەکدارەکانی عێراقی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە عێراق ماوەی چەند ساڵە سەقامگیریی ئاسایش بە خۆوەدەبینێت و لەڕێگەیەوە ھەوڵی پەرەپێدانی دەرفەتی وەبەرھێنان دەدات و بەڕێزیان خۆشحاڵی بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەستۆنیا و ھاوبەشیکردنیان لە پەرەپێدانی پرۆسەی بونیادنان و گەشەپێدان لە عیراقدا دەربڕی.

سەرۆککۆمار بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی بۆسەر خاکی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەو ھێرشە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دراوسێیەتییە، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە، لەمڕووەوە سەرکۆنەی ئەو ھێرشەی کرد، کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر کرایە سەر ھەولێر و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و لە ئەنجامدا خەڵکی سڤیلی بێتاوان بونە قوربانی.

سەبارەت بە پێشھاتەکانی ناوچەکەش، سەرۆککۆمار سەرکۆنەی ھێرشە بەردەوامەکانی دژبە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەی فەلەستینی دوپاتکردەوە و داوای راگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی جەنگ و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییە بەپەلەکان کرد بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتوانی ئەو ھێرشە وەحشیگەرانەیە، ھەروەھا ھەڵوێستی جێگیری عێراقی دووپاتکردەوە سەبارەت بە پرسی فەلەستین و مافی گەلی فەلەستین لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکەکەکەیان و قودسی شەریف، کە پایتەختیەتی.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی ئیستۆنیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و وتی "خۆشحاڵم وەک یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا، کە بە سەردان ھاتومەتە عێراق".

ھەروەھا سەرۆک کاریس، جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی عێراق پێگەیەکی تایبەتیان ھەیە لەلای گەلی ئیستۆنیا، چونکە عیراق کلتور و شارستانیەتێکی کۆنی ھەیە و ھەموو دەقە پیرۆزەکان لە عێراقەوە ھاتون، ھەروەھا ئەکادیمی و زانستەکان، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان چالاکن و عیراق ھاوبەشێکی گرنگە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

سەرۆکی ئیستۆنیا ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری کردوە لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عیراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و لەمڕووەوە قوربانیشیان داوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بینینی ھەوڵەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق بۆ ھێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری.

سەرۆکی ئیستۆنیا، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئێستا زیاتر لە جاران ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەخۆوەدەبینێت و لەمدواییانەدا تێبینی ئەوەیان کردوە، ھەروەھا سەقامگیریی عیراق سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە و لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عیراق دوپاتکردەوە.

سەرۆک ئەلار کاریس سەرکۆنەی ھەموو جۆرەکانی تیرۆری کرد، کە ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بڵاوکردنەوەی تیرۆر نابێتەھۆی بەرقەراربونی ئاشتی و سەقامگیری. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیستۆنیا لە شەڕی دژبە تیرۆریزم لەگەڵ عیراقدایە و لەڕێگەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی پێشکەشکردوە.

ھەروەھا سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لە وتووێژەکاندا لەگەڵ سەرۆککۆمار تاووتوێی ئاڵنگارییەکانیان لە ئەوروپا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کردوە، ھەروەھا باسیان لە بارودۆخی مرۆیی غەززە کردووە، کە نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ھەمووان و جەختی لەوە کردەوە، ئیستۆنیا پشتیوانی لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ راگرتنی شەڕ و پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی مرۆیی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.

ھەروەک سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق باسیان لە شەڕی روسیا و ئۆکرانیا کردوە، جەختی لەوەشکردەوە، کە پێویستە کاربکرێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و خوشگوزەرانی تا ھەموان بگرێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد، د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و ئەلار کاریس سەرۆککۆماری ئیستۆنیا دیدارێکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا و لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنێتی پەرەپێدانی گفتوگۆیان کرد.

لەدیدارەکەدا، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیستۆنیا و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری لە بوارەکانی ئابوری و ژینگە و کشتوکاڵ و وزەی نوێبووەوە و زانست و تەکنەلۆژیا و گۆڕینەوەی ئەزموون لە بوارەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ئینتەرنێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە سەقامگیریی ئاسایش لە وڵات و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ دانانی بناغەی سەقامگیری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی بەمەبەستی سودمەندبوون لە دەرفەتی وەبەرھێنان لەپێناو پەرەپێدانی ئابوری و پێشخستنی کەرتی تایبەت، کرد.

ھەروەھا پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵی راوێژکارەکانی ئیستۆنیا لەچوارچێوەی ھێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"دا دەربڕی، کە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عیراق دەکەن.

سەبارەت بە پرسی فەلەستینیش، سەرۆککۆمار ھەڵوێستی ھەمیشەیی و راشکاوانەی عیراقی لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی دژبە گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆبگرێت و کار بۆ راگرتنی بۆردومانە وەحشیگەرانەکان و بە ئامانجگرتنی دانیشتوانی سڤیل و نەخۆشخانەکان بکات.
ھاوکات دوبارە جەختیکردەوە لەسەر رەتکردنەوەی سیاسەتی راگواستن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە کەرتی غەززەدا، داوای ھەڵگرتنی گەمارۆ و رێگەدان بە چونەژور
ەوەی یارمەتییە مرۆییەکان و گەیشتنی بە دانیشتوانی فەلەستینیشی کرد.

لای خۆیەوە، ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لەگەڵ عیراق رونکردەوە، جەختی لەسەر خواستی کردنەوەی ئاسۆی نوێی ھاریکاری کردەوە لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرھێنان و ئابوری و سیاسی، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدیبھێنێت.

دواتر وتووێژی بەرفراوان لەنێوان وەفدی ھەردوولا بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار سەرۆکایەتی وەفدی لایەنی عێراقی کرد، کە پێکھاتبوو لە  د.ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان، د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، د.محەمەد بەحرلعلوم بریکاری وەزارەتی دەرەوە، د.حازم مەحمود حەمید بەڕێوەبەری نوسینگەی  
سەرۆککۆمار، حەیدەر عەزاری سەرۆکی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوە و فەریقی یەکەمی روکن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان. لایەنی ئیستۆنیاش لەلایەن سەرۆک ئەلار کاریس-ەوە سەرۆکایەتی دەکراو پێکھاتبون لە سێلیا کونیکاس راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە، مادیس روڵ راوێژکاری سیاسەتی ئاسایش، ئەندریک ترۆڤلیدت راوێژکاری پەیوەندیەکان، لیوا ئینۆ مۆتس سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ھاوبەش و لێمپێد ویبۆ باڵیۆزی ئیستۆنیا لە عیراق.
 
لە میانی کۆبونەوە بەرفراوانکراوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و میکانیزمەکانی پتەوکردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لەبوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری کرا، ھەروەھا رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و ژینگە و دەرئەنجامەکانیان تاووتوێکران، کە خۆیان لە وشکەساڵی و بەبیابانبون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکانیان لەسەر ھەموو چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە دەبینێتەوە.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا، ھەردوولا ئیدانەی خۆیان بۆ ئەو بۆردومانە دەربڕی، کە شاری ھەولێری کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی خەڵکی سڤیلی بێتاوانی لێکەوتەوە، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە، کە بۆردومانەکە پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتە.

ھەروەھا کۆبونەوەکە دوپاتیکردەوە، ئەو ھێرشانەی ھەولێریان کردە ئامانج و پێش ئەوەش سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و بەغداد و ناوچەکانی دیکەی لە عیراقدا گرتوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر ھاووڵاتییانی سڤیل و بێتاوان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون ھەبووە، ھەموو ئەو ھێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و قبوڵکراو نین و وڵات لە ململانێیەک تێوەدەگلێنن، کە ھیچ سودێکی پێناگەیەنێت.

لە کۆبوونەوە فراوانکراوەکەدا، کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ھەوڵەکان بۆ ھێنانەکایەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تاووتوێ کران. سەبارەت بە پرسی فەلەستین-یش، لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی سزادانی بەکۆمەڵ، کە داگیرکەر دژی غەزە پیادەی دەکات، بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانە و دامەزراوە مەدەنییەکان. ھەروەک پێویستی ئاسانکاری بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین، دوپاتکرایەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریی خۆی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، بە ئەنجامی سێ بە یەک یارییەکەی بردەوە، بەم شێوەیە ھەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی چوارەمی پاڵەوانتیەکە، بووە خاوەنی سێ خاڵ و سەرۆک کۆماریش پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کرد.

سەرۆک کۆمار دەشڵێت، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە پاڵەوانێتییەکەدا، ھەروەھا ھەمووان متمانەیان بە توانای ھەڵبژاردەی عێراق ھەیە بۆ درێژەدان بە سەرکەوتنەکان و ھێنانی شادی بۆ عێراقییەکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باڵیۆزی سعودیە سڵاوی خادمی ھەردوو حەرەمی پیرۆز خاوەن شکۆ شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پادشای عەرەبستانی سعودیە و  شازادەی جێنشین شازادە محەمەد کوڕی سەلمان بە سەرۆککۆمار گەیاند و ھیوای خواست گەلی عێراق لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتردا بێت، ھاوکات سەرۆککۆمار سڵاوی خۆی بە باڵیۆزی سعودیە نارد بۆ خادمی ھەردوو حەرەمی پیرۆز و شازادەی جێنشین و ھیوای خواست گەلی سعودیە لە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی زیاتردا بێت. 

سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە ویستی عێراق بۆ بەئەندامبون لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی لەڕێی بەدیھێنانی پێوەرە بازرگانی و ئابوریی پێویستەکانەوە.

ھەروەھا ستایشی رۆڵی شانشینی عەرەبستانی سعودی کرد لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان و ھەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ھەروەک سەرۆککۆمار ستایشی ھەوڵەکانی تیمی پەیوەندیدار بۆ بەئەندامبونی عیراق لە رێکخراوەکە و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی کرد بەمەبەستی پەلەکردن لە تەواوکردنی ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەک، کە ببێتە مایەی پەرەپێدانی سیستمی بازرگانی و ھێنانەدی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، لەم بارەیەشەوە ئاماژەی بۆ بایەخی سودوەرگرتن لە ئەزموونی شانشینی عەرەبستانی سعودیە کرد.

سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر پێشھاتە ئەرێنییەکانی عێراق، کە رەنگدانەوەی ئەرێنی ھەبوە لەسەر ژیانی گشتی عێراقییەکان، جەختیکردەوە کە حکومەت گرنگی بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی چالاکییە ئابوورییەکان و ھاندانی وەبەرھێنانی بیانی لە وڵات دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان لە ئاستێکی باشدایە. ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق ئەندامێکی کارا بووە لە زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی سعودیە جەختیکردەوە لەوەی شانشینی سعودیە سورە لەسەر پاڵپشتیکردنی عیراق لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکاندا و ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و گەشەپێدان و پێشکەوتن لە بواری ئابوری و وزەدا.

باڵیۆز ئاماژەی بەوەشدا، عیراق لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و گەشەکردن و پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا، بەرەو پێشەوە ھەنگاودەنێت.

لای خۆیەوە سەقر موقبل باسی لە ئەنجامی کۆبونەوەکانی کرد لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی عێراق، کە لە بەغداد سازیکردوە بۆ بەئەندامبونی کۆماری عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو ھەنگاوانەی عێراق گرتویەتیەبەر بۆ جێبەجێکردنی پێوەرە پێویستەکان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بەئەندامبونی عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی.

سەرۆکی تیمی پەیوەندیدار راشیگەیاند، ئەندامبونی عێراق لەو رێکخراوە دەستکەوتە بۆ ناوچەکە و جیھان، ھەروەھا رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئەو پێشکەوتنانەی لە خزمەتگوزارییەداراییەکاندا بەدەستھاتون و ھەروەھا باشترکردنی ژینگەی وەبەرھێنانی بیانی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکەی سەرۆککۆمار...

پرسە و سەرەخۆشی دڵسۆزانەمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی روداوی ئاگرکەوتنەوە ئازاربەخشەکەی ناو نەخۆشخانەی منداڵبون لە پارێزگای دیوانیە دەکەین، کە تێیدا ژمارەیەک منداڵ بونە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەش برینداربون.

لەکاتێکدا جەخت لەسەر پێویستی بەدواداچوون بۆ رێوشوێنی سەلامەتی و خۆپارێزی لە نەخۆشخانەکان و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەکەینەوە، داوای لێپرسینەوە لەو کەسانەش دەکەین، کە کەمتەرخەم بون و پێویستە ھەنگاوی کاریگەر بنرێت بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە روداوانە.

د.لەتیف جمال رەشید
سەرۆک کۆمار
٢٠٢٤-١-٩
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ٩-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە پێشھاتە ئەمنییەکانی ئەمدواییەی عیراق و ناوچەکە کرا، ھەروەھا پێویستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکخستنی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەھێشتنی قەیران و گرژییەکان و گرتنەبەری پرەنسیپی دیالۆگی جدی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، جەختیان لەسەر کرایەوە.

سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر بارودۆخی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، کە پێویستە ئەرکیان  لە چوارچێوەی پشتیوانی ھێزە ئەمنییەکان بێت لە بوارەکانی مەشق و راھێنان و پێشکەشکردنی راوێژ، ھەروەک گرنگە چوارچێوەیەکی بەرنامەی کاری دیاریکراوی  بۆ دابنرێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد، عیراق سورە لەسەر بونیادنانی پەیوەندی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عیراق و گەلانی ناوچەکە بکات و بەشداربێت لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان وڵاتان.

ھەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار ھەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی لە بەرامبەر پرسی فەلەستین و پێویستی راگرتنی دەستدرێژی و بەئامانجگرتنی رۆژانەی دانیشتوانی سڤیلی لە غەززە و شارەکانی دیکەی فەلەستین دوپاتکردەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە لێکەوتەکانی جەنگ لە کەرتی غەززەدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری تەواوی ناوچەکە ھەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بە تایبەتی، بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆبگرن بۆ وەستاندنی دەستدرێژی سەر فەلەستین.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر بایەخی چەسپاندنی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی لەبارەی ئەو پرسانەی جێی بایەخی ھەردوولان ئەویش بەگوێرەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان کۆماری عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان. ھەروەھا ئاماژەی بە پەرۆشیی ئەمریکا کرد بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییھێنان بەو دۆخەی لە فەلەستیندا ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆمار...

بەبۆنەی ١٠٢ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پۆلیسی عیراقەوە، پیرۆزبایی لە کارمەندان و ئەفسەرانی گشت یەکەکانی پۆلیس دەکەین. یادی ئەو قوربانییە گەورانەی دەکەینەوە، کە شان بەشانی ھێزە چەکدارەکان بەخشیان لە جەنگی دژبە تیرۆریزم و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و جێبەجێکردنی یاسا و شەونخونی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان.

لێرەدا جەختدەکەینەوە، کە پێویستە ھەموو پشتیوانییەکیان بۆ دەستەبەربکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە. ھەروەھا بەڕێزەوە یادی ئەو شەھیدانە دەکەینەوە، کە گیانیان بەخشی لەپێناو نیشتمان و شکۆی ھاووڵاتیانیدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بەیاننامەیەکدا کە لە رێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس لەلایەن نوێنەری سەرۆک کۆمار، کامیل دلێمی خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەکرد، بەوپەڕی شانازیەوە یادی پاڵەوانانی سەرکردەکانی سەرکەوتن دەکەنەوە.

وتیشی، گەورەترین وەفادارییش بۆ قوربانیدانی ئەو شەھیدانە ئەو پێشکەوتنەیە، کە لە پرۆسەکانی بونیادنان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بۆ گەلی عێراق بەدەست ھاتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا رەوشی ناوچەکە جێی دڵەڕاوکێیەکی زیاترە لەڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە و ئەو پێشھاتانەی ئەم دواییەش کە لە عێراق و لوبنان و ئێران روویاندا ناوچەکە دەخەنە دۆخێکی مەترسیدار و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق فۆرمی ئەستۆپاکی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ـی پڕکردەوە و دەستەکەیان فۆرمی ئەستۆپاکی سەرۆککۆماری وەرگرتووەتەوە.

لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێ و دەستپێکردنەوەی دەوامی رەسمی، ھەریەکە لە سەرۆک وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتار فۆرمی ئەستۆپاکی دەستەی دەستپاکییان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پڕکردووەتەوە.

دەستەی دەستپاکی دەڵێت، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەستۆپاکی لەلایەن لێپرسراوانی باڵای دەوڵەتەوە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی متمانەی ھاووڵاتیان بە حکومەت و دامەزراوەکانی عێراق.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆمار...

پیرۆزبایی لە ھەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ و ھیوادارین ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بێت دوای ئەوەی کۆتاییمان بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەسەرکەوتوویی ھێنا، کە پاڵنەر دەبێت بۆ کارکردن بەرەو ھەماھەنگییەکی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پێناوی دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرھێنان دوای بەدەستھێنانی سەرکەوتنە گەورەکە بەسەر تیرۆردا.

پابەندبوون بە دەستوور و دەوڵەتی دامەزراوەکان و زاڵبوون بەسەر سەردەمی تاکڕەوی لەحوکمڕانیدا دەبێتە بناغەیەکی بەھێز بۆ بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ گەلەکەمان و یارمەتیدانی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ببینێت کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا ھەوڵێکی زۆرمان دا بۆ بەرجەستەکردنی لەڕێگەی بەشداریکردنێکی بەھێز لە کۆنفرانس و بۆنە نێودەوڵەتییەکان و سەردانە دەرەکییەکانماندا کە پردێکی پەیوەندیی لەگەڵ وڵات و گەلاندا بھێنینەدی بەمەبەستی ھاریکاری و گەشەپێدانی زیاتر لە کەرتەکانی عێراق وسود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتان لەبونیادنانی دامەزراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی سیستمی پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی گەشەسەندوو. 

ھەروەھا داواکانمان دوبارە دەکەینەوە بۆ کۆتاییھێنان بە ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی و ناکۆکی لە ناوچەکە و جیھان.
ھەمیشە ھیوا و ھەوڵەکانمان بۆ کۆتایی ھێنان بە ناخۆشی و ناسۆرییەکانی ھاوڵاتیانی فەلەستینیە لەغەزە بۆ ئەوەی بە تەواوی مافە ڕەواکانیان بەدەست بھێنن.
بە ھیوا و متمانەیەکی زۆرەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین.
ھیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیانمان لە موسڵمانان و کریستیانەکان و ئایینە جیاوازەکانی دیکە دەخوازین.

د. لەتیف ڕەشید
سەرۆککۆمار

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی عێراق و جیھان دەکات بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، ھیوای ئاشتی و ئارامیش بۆ گەلانی عێراق و جیھان دەخوازێت.

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەم دەرفەتەدا یادی قوربانیانی کارەساتی حەمدانیە دەکاتەوە، رۆحیان شاد و خودا سەبوری بە خێزانەکانیان ببەخشێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ میری کوەیت ئەنجامدا و جارێکیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی نەواف ئەحمەد سوباح میری کۆچکردووی کوەیت دەربڕی، ھاوکات پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک میری نوێی کوەیت لە مەشعەل ئەحمەد سوباح کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە سەرکردایەتییکردنی کوەیت و بەرەوپێشبردنی ئەو وڵاتە بۆ خواست.

د.لەتیف رەشید جەختیشی کردەوە کە عێراق سوورە لەسەر بەھێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوەیت لە ھەموو بوارەکان، ھەروەھا جەختی کردەوە لە گرنگی ھەماھەنگی و ھاریکاری لە نێوان عێراق و کوەیت لە ھەموو بوارەکان.

لای خۆشیەوە میری کوەیت سوپاسی سەرۆککۆماری عێراقی کرد و رایگەیاند، کوەیت دەخوازێت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق، ھەروەھا سووربوونی وڵاتەکەشی بۆ پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکانی عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی دووپاتکردەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە بەدیھێنانی خواستی ھاووڵاتییان و باشترکردنی دۆخی ژیانیان.

دەشڵێت، ئێستا لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان لەبەردەمە و پێویستە ھاوکاری حکومەتی فیدراڵ بن بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشدا، سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بنەماکانی دیموکراسی بەرجەستە دەکات کە لە دەستووری عێراقدا ھەیە و مافی عێراقییەکان دەستەبەردەکات بۆ دەربڕینی ئیرادەی خۆیان و دیاریکردنی نوێنەرانیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠-١٢-٢٠٢٣، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، د. لەتیف رەشید ھیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک سیسی دەربڕی و ئومێدی خواست گەلی میسری براش لە پێشکەوتن و گەشانەوەی زیاتردا بژین، ھەروەک جەختیکردەوە لەسەر ویستی عیراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندی برایانە، کە ھەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کۆدەکاتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک سیسی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی و جەختی لەسەر خواستی کۆماری میسری عەرەبی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و سەلامەتی گەلەکەی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 لەبروسکەکەدا سەرۆککۆمار گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک سیسی کردوە و ھیوای سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ خۆی و گەلی میسری برا دوپاتکردوەتەوە.

ھەروەھا سەرۆککۆمار جەختی لە پەرۆشیی بەردەوامی عیراق کردوەتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەشێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو گەلی برا بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...12