ئەمڕۆ سێشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ پێشوازی لە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان خالید ئەلعوبەیدی کرد.

بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک کۆمار، لەکۆبوونەوەیەکدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو پاراستنی بەردەوامی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی ئێستا پێویستی بە کاری هاوبەشی نێوان هەمووان هەیە بۆ پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشێلکارییەکانی سەر خاکی عێراق و شارەکانی هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشێلکاریانە و پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان و پێویستی کارکردن بۆ ڕێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە کرا .

لای خۆیەوە پەرلەمانتار ئەلعوبەیدی باسی لە کارەکانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کرد و تەئکیدی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان دەزگاکانی جێبەجێکردن و یاسادانان کردەوە بۆ پەسەندکردنی یاسا پێویستەکان و بەرەوپێشچوون بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.