د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و ڕزگاربوون و تێکۆشان و سەرکەوتنی مافە بەسەر ناهەقدا و هەروەها مژدەی ڕۆژێکی نوێ و سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە".
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردمان و سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکەین و هیوادارین ئەم بۆنە بە چاکە و خۆشی و بەرەکەتەوە بگەڕێتەوە بۆ گەلەکەمان خۆشی باڵ بکێشێ بە سەرتاسەری وڵاتدا .
داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و ڕزگاربوون و تێکۆشان و سەرکەوتنی مافە بەسەر ناهەقدا و هەروەها مژدەی ڕۆژێکی نوێ و سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە.
لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی نەورۆزدا پەیامی نیشتمانی خۆمان دووپات دەکەینەوە و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین یەکڕیزی نیشتمانی بەهێز بکەن و کۆڵەکەکانی سیستەمی دیموکراسی پتەو بکەن و پاراستنی ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و دەستکەوتەکان و پشتیوانیکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان و دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن بکەنە پێشەنگی کاریان و بەوەش بەشداری لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتدا بکەن.
جارێکی تر نەورۆز پیرۆزە له ئێوەو خەڵکی سەرتاسەری جیهان
هەموو ساڵێک بەخۆشی و شادی بۆ هەموو لایەک
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی جەژنی برۆنایا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: پشتیوانی خۆمان بۆ رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە خۆشەویستە دوپات دەکەینەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە سابیئەی مەندائی دەکەین بەبۆنەی گەڕانەوەی جەژنی (برۆنایا)، هیوادارین جەژنێکی پڕ لە خۆشی و شادی بێت لەسایەی ئارامی و ئۆقرەیی و ئاشتیدا لە وڵاتمان.
دەشڵێت؛ لەم بۆنەیەشدا جارێکیتر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە خۆشەویستە دوپات دەکەینەوە و دەستخۆشیان لیدەکەین بۆ بەشداریکردنی کارایان بە چالاکیە جۆراوجۆرەکان و رۆشنبیریان لە سەرجەم کایەکانی مێژوی وڵاتەکەماندا و دەستگرتنیان بە یەکێتی نیشتیمانیەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار بە بۆنەی سی و حەوتەمین ساڵڕۆژی مەرگەساتی هەڵەبجە مەراسیمی ساتێک بێدەنگی و ماتەمینی رێکخست.
بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی ، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، بە بۆنەی سی و حەوتەمین ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی پێشووەوە، مەراسیمی ساتێک بێدەنگی و ماتەمینی رێکخست.
لەمەراسیمەکەدا ژمارەیەک سەرۆک و نوێنەری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە بەغداد و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەبوون.
لەرێورەسمەکەدا، د.ئەمیر کەنانی راوێژکاری سەرۆک کۆمار وتاری سەرۆکایەتی کۆماری پێشکەش کرد، کە تیایدا ئەو تاوانانەی بەعس دەرهەق بە گەلی عیراق بە عەرەب و کورد، و پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عیراق کردویەتی بێ شومار بون و تاوانی جینۆسایدن ، لەسەرو هەمو ئەو تاوانانەش گەورەترین تاوانەکان بریتین لە شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و تێرۆرکردنی زانایان و کەسانی لێهاتوو و سیمبولی نەتەوەیی یاخود ئەوەی لە سەردەمی راپەڕینی شەعباندا رویدا.
دەقی وتارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار :
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
میوانانی ئازیز، سڵاوی پەروەردگاری مەزنتان لێ بێت، میوانانی ئازیز، ئارامی و ڕەحمەتی و بەرەکەتی خوای گەورەتان لێ بێت، ڕەمەزانتان پیرۆز بێت، ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەتتان هەبێت.
یادی تاڵی ئەو تاوانانەی رژێمی بەعس لە دژی گەلی عێراق بە عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عێراق کردی بەبیر دێنینەوە کە تاوانەکان بریتی بوون لە جینۆساید لە هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانی گۆڕی بەکۆمەڵ و تێرۆرکردنی زانایان و شارەزایان و سیمبولی نەتەوەیی و ئەوەی لە سەردەمی ڕاپەڕینی شەعباندا ڕوویدا، کە ویستێکی بوێرانە و ئازادانە بوو بۆ قەدەغەکردنی ڕێگریکردن لە دکتاتۆریەت کە هەموو عێراقییەکان نادادپەروەری بە هەموو شێوەکانیەوە ڕەتدەکەنەوە و ئاواتەخوازن ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بژین.
میوانانی ئازیز، کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێک بوو لە مەرگەساتەکانی پەلاماری ڕاستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاع کە بە زانیاری و پلانی پێشوەختە جێبەجێکراوە کە دڕندەییی ئەو تاوانە گەورەتر لە هاوشێوەی تاوانەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم کە لە سەردەمی نازییەکانی ئەوروپا کراوە و ڕژێم لە بڕگەکانی یاسای ڕافائیل دەرچوو، کە لە ساڵی ١٩٤٦دا بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید قەدەغەیکردوە..
خەڵکی هەڵەبجە بوونە قوربانی سیاسەتی بێباکانە کە هەموو بڕگەو و رێسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکرد.
ئەم کۆمەڵکوژییە ڕووداوێکی گۆشەگیر نەبوو بەڵکو بەشێک بوو لە شاڵاوێکی گەورەتر، کە بە ئەنفال ناسراوە، کە لە ساڵانی ١٩٨٦ و ١٩٨٩دا لە لایەن ڕژێمی ستەمکارەوە لە هەرێمی کوردستان کرا، ئەم شاڵاوانە لە زۆرێک لە گوند و ناوچەکانی کوردستانی کردە ئامانج و بە شێوەیەکی سیستماتیک وێران کران و بە دەیان هەزار کەسی بێ دیفاع تاوانی دژی مرۆڤایەتیان بەرامبەر کرد وەک چۆن تەنها بێبەشکردنی ژیانی مەدەنی نەبوو، بەڵکو بێبەشکردنی ناسنامە و بوونیش بوو.
هەڵەبجە تاکە شوێن نییە کە شایەتحاڵی سەردەمێکی مەرگ و وێرانکاری بێت ، بەڵکو لە شەعبانی ساڵی ١٩٩١دا خەڵکی عێراق لە ناوەند و باشوورەوە راپەرین و جەنگ هیچ جیاوازییەکی لە نێوان گەنج و پیر و ژن و پیاودا نەکرد.
شکست لە شەڕدا وانەیەک بوو کە ڕژیم نەیتوانی فێری ببێت و ئەم ڕاپەڕینەش نزیک بوو لە گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەگەر دەستە دەرەکیەکان نەبوایە کە جارێکی تر ڕژیمیان پاراست و توانیان دەسەڵاتی خۆی لە پێش خاکەوە بەسەر خەڵکدا درێژ بکاتەوە.
میوانە بەڕێزەکان، لەم یادە پڕ ئازارەدا و بە مەبەستی فێربوون لە وانەکانی، داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بکەن، هەروەها شەڕ و ململانێکان ڕابگرن و ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و جیهاندا بەرقەرار بکەن.
ئەرکی نیشتمانی و مرۆییمان داوامان لێدەکات خزمەتی کەسوکاری قوربانییەکان بکەین و قەرەبووی گونجاویان بۆ بکەینەوە و تاوانباران بدرێنە دادگا، گرنگ نییە چەندە ماوە یان کورت بێت ئێمە جەخت لەسەر پێویستی ئاوەدانکردنەوەی شارە زیانلێکەوتووەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و شارستانی لەوێ دەکەینەوە.
داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین کە یەکگرتوویی نەتەوەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی گەلدا پتەوتر بکەن، هەروەها بناغەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵات بچەسپێنن، لە پێناو هاندانی پرۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بۆ گەیشتن بە ویستەکانیان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندانە.
هەروەها داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بۆ ڕێزگرتن لەم شارە، کە شەهیدانی خۆی لە ڕێگەی ڕزگاری لە زوڵم و ستەمی ڕژێمی تۆتالیتاری بەخت کردووە پرۆژە قانونێک بۆ پارێزگای هەڵبجە دەربکەن، داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین کە پشتگیری ئەم داوایە بکەن لە پێناو ڕێزگرتن لە خەڵکەکەی بەرامبەر ئەو قوربانیانەی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا داویانە، بەزەیی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەوانەی ڕۆحی پاکیان لە سەر دەستی حزبی بەعسی سەدام بەخت کرد بنێرن، کە ژیان و یادەوەرییەکانیان لە ژیانی جەلادەکانیان درێژترە، ئەوان شەهیدی ئێمەن ، سیمبولی ئێمەن، پاڵەوانەکانمانن، کە ئەمڕۆ بە شانازی و شەرەفەوە لە یادمانن.
سڵاوی ڕێز و پێزانین بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی عێراق و شکۆمەندی بۆ عێراق و عێراقییەکان
سڵاو و بەزەی خوای گەورەتان لێ بێت
سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە سەلمێنەری ئەو ستەمەیە كە رژێمی بەعس بەرانبەر گەلی كورد ئەنجامیدا. دەشڵێت، "هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین پەلە بکەن لە گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی تەواو بکەن".
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەدا رایگەیاند، "ئەم تاوانە دڕندانەیە، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران منداڵ و ژن و پیر و لەناوبردنی چەندین گوندی کوردنشین، دەربڕی ئەو ستەمەیە کە رژێمی لەناوچووی پێشوو دژ بە هاووڵاتیانی کورد بە تایبەتی و گەلی عیراق بە گشتیی ئەنجامی داوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانی هەڵەبجە ویژدانی جیهانی هەژاند، راشیگەیاندووە، "تراژیدیای شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا، هاوکات داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە و راگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا".
روونیشیکردووەتەوە، جەخت لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی کە دژ بە هاووڵاتیان ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی ببنە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانەی کە رژێمە دیکتاتۆرییەکان بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجامیان داوە.
لە کۆتاییشدا ئەوەی خستووەتە روو، "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆییمان داوامان لێدەکات کەهانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەین پەلە بکەن لە گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن، بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە و بەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن".
ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، ئەو تاوانەی چەکی کیمایی قەدەغەکراوی بەرامبەر بە کورد تێدا بەکارهێنرا و بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتیی شەهید و بە سەدانی دیکەش بریندار بوون.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سەردانی مەرجەعی گەورەی ئایینی ئایەتوڵڵای گەورە شێخ محەمەد ئیسحاق فەیازی کرد لە نەخۆشخانە، کە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو بۆ پشکنینی تەندروستی.
لە میانەی سەردانەکەدا، ستافی پزیشکی نەخۆشخانە کورتەیەکیان لەسەر بارودۆخی تەندروستی ئایەتوڵڵا و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی خستەڕوو بۆ سەرۆک کۆمار. سەرۆک کۆمار هیوای چاکبوونەوەی خێرا و بەردەوامی بۆ ئایەتوڵڵا خواست، هاوکات رۆڵی بەرچاوی مەرجەعی گەورەی ئایینی بەرزنرخاند لە چەسپاندنی بەهاکانی میانڕەوی و لێبوردەیی و بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی.
لە لایەکی دیکەوە، بنەماڵە و تیمی پزیشکی کە سەرپەرشتی چاودێریکردنی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز دەکەن، پێزانینی خۆیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەم سەردانە رەنگدانەوەی گرنگیدانی بەڕێزیانە بۆ زانایان و سیمبولەکانی گەل.
تیمی پزیشکی دڵنیاییان دا کە تەندروستی ئایەتوڵڵا بەهۆی چاودێری پزیشکی بەردەوام بەرەو باشتر دەچێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە وەفدێكی "پارتی سەرحی نیشتمانی" بە سەرۆكایەتی دكتۆر مستەفا كوبەیسی سكرتێری گشتی پارتەكە
لەكۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكان و رەوشی سیاسی و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پێشكەوتن لەبوارە جیاجیاكاندا تاوتوێكرا و سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە لە پێویستی بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنەكان و كاركردن بۆ یەكخستنی دیدگاكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لەوڵاتدا بەمەبەستی خزمەتكردنی خواستەكانی سەرجەم هاووڵاتیان بۆ پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی
هەروەها پێشهاته هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان تاوتوێكران.
هەردولا جەختیان له سەر یەكڕیزیی هەڵوێستی عێراق كردەوه، هەر لەو كۆبونەوەیەدا جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران له وادەی خۆیدا كرایەوە
سەرۆك كۆماری عیراق لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامونووسێكی ئەمریكی باس لە دواین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە دەكات و دەڵێت دەتوانن رۆڵێكی گرنگییان هەبێت بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن.
تیم كۆنستنتین رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی واشنتۆن تایمزی ئەمریكی گفتوگۆیەكی لەگەڵ لەگەڵ د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بڵاوكردووەتەوە كە لە گەشتێكیدا بۆ بەغداد ئەنجامی داوە.
سەرۆك كۆمار لەسەرەتادا مێژووی پڕ لە كێشەی عیراقی باسكردوە لە سەردەمی دیكتاتۆریەتەوە تا سەرهەڵدان و كۆتاییهێنان بە گروپی تیرۆریستی داعش، دەشڵێت، لە ئێستادا كاری لەپێشینەیان پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایش و سەقامگیری عیراقە.
وتیشی، رێز لە هەموو دراوسێكانیان دەگرن و پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵیان هەیە بە وڵاتانی ناوچەكەشەوە.
د.لە تیف رەشید دەڵێت، بەپێی دوایین سەرژمێری دانیشتووان، ژمارەی دانیشتووانی عیراق گەیشتووەتە (46) ملیۆن كەس، كە 60٪یان لە دوای ساڵی 2003 لەدایكبوون، ژمارەیەكی زۆر دەرچووش هەن، بەشێوەیەك رەنگە لە هەموو وڵاتێكی تر زیاتر بێت، ئەمەش بەهۆی ژمارەی زانكۆكان و ئەو كەشە ئەكادیمیەی لە عیراق رەخساوە.
لەبارەی رەوشی ناوچەكە سەرۆك كۆمار دەڵێت، دەتوانن رۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكەدا ببینن و هەوڵیانداوە بۆچوونەكانی ئێران و سعودیە لەیەكتر نزیك بكەنەوە كە سوودی بۆ هەمووان هەیە، جگە لەوەش عێراق دەتوانێت رۆڵێكی گرنگی نێوەندگیری لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەبێت.
لەبارەی دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی سوریاش، د.لەتیف رەشید رایگەیاندووە، ئێستا سوریا ئیدارەیەكی نوێی هەیە، هیوادارن حكومەتی داهاتوو رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلەكەی بێت، جا لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بێت یان لە رێگەی ئەو هەنگاوە دیموكراسیانەی كە پێویستە بنرێن و هەموو لایەنەكان بەشداربن لە حكومەتدا.
سەرۆك كۆمار دەشڵێت، عیراق مێژوویەكی دەوڵەمەندی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ 6 یان 7 هەزار ساڵ لەمەوبەر، كە یەكەم یاسا و سیستمی ئاودێری، كشتوكاڵ، دروستكردنی كۆشك لە عێراق هەبووە، جگە لە زانست و بیركاری و نامە نووسراوەكان كە هەموویان لە عیراقەوە دەستیان پێكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق شوێنی هەموو ئایینەكان بووە.
لەبارەی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغدادیش سەرۆك كۆمار دەڵێت، پێویستە پەیوەندییەكان باشتر بن لە رێگەی گفتگۆی نێوان وەفدی باڵای هەردوولاوە كە لە بەغداد بێت یان واشنتۆن، وتیشی، هانی سەرۆكی ئەمریكا دەدەن بەڵێنەكەی بۆ پاراستنی ئارامی لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بكات كە ئەوەش بەبێ كۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێكان لە ناوچەكەدا كارێكی ئاسان نابێت، بە تایبەتیش ئاڵۆزییەكانی ئێستای سوریا، فەلەستین، لوبنان، یەمەن، سودان و سۆماڵیش.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریكییە دەڵێت، لە بەشێكی گفتوگۆكەیدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار لە بارەی دەسەڵاتی دادوەری لە عیراق گفتوگۆیان كردووە و د.لەتیف رەشید وتویەتی، ئەگەر بە وردی تەماشای دەسەڵاتی داوەری بكرێت، گۆڕانكارییەكان بەدی دەكرێن كە بە شێوەیەكە بەراورد ناكرێت لەگەڵ ساڵانی رابردوودا، بەڵام هێشتا كێشەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئازادی، قسەكردن، مافی مرۆڤ، نەتەوەیی، رەوشی ئایینەكان لەعیراق لە زۆر وڵات باشترە.
د.لەتیف رەشید لە كۆتایی گفتوگۆكەیدا ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریكییە، لەبارەی پەیوەندییەكانی عیراق و وڵاتانی رۆژئاوا، رایگەیاندووە، پەیوەندییان لەگەڵ رۆژئاوا بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر ئاسایش بووە، بەڵام لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ بواری وەبەرهێنان و ئابوری، چەندین كۆمپانیای گەورە لە كەرتی وزە لە عیراق لە بواری پترۆكیمیایی و نەوتدا چالاكن و لە عیراق وەبەرهێنان.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، کۆمەڵێک کتێبی بەنرخ و سەرچاوەی توێژینەوەی ئەکادیمی پێشکەش بە زانکۆی تکریت کرد.
ئەمەش لەمیانەی سەردانێکی د.عەدنان ئیبراهیم شارەزا لە سەرۆکایەتی کۆمار هات دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ د. وعد مەحمود ڕەوف و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆکە.
د.عەدنان ئیبراهیم سڵاوی سەرۆک کۆمار د. لەتیف رەشیدی ئاراستەی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن لەخزمەتکردنی پرۆسەی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی لەولاتدا.
لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی خوێندن لەزانکۆکاندا و دابینکردنی پێداویستییەکانی توێژەران و خوێندکاران.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی یەکشەممە 9 ی ئاداری 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیی کرد لە وەفدێکی شاری هەڵەبجە کە لە ژمارەیەک کەسایەتی حکومی و پەرلەمانتار و زانایانی ئاینی پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە هەڵەبجە سیمبولی قوربانیدان و ئازایەتییە و ئاماژەی بەوەدا کە بەئامانجگرتنی بە چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە تاوانێکی قێزەون بوو دژ بە مرۆڤایەتی و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو بۆ شارەکە و گرنگیدان بە لایەنە خزمەتگوزاری و ئابووری و شارستانییەکان کردەوە.
سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی رێزلێنان لە خوێنی شەهیدان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی شارەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە شاری هەڵەبجە جگە لە پێگەی بازرگانی و کەلتووری و رۆشنبیری و سامانی کشتوکاڵی، ڕۆڵی هەبووە لەڕاپەڕین و شۆڕشەکانی دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی هەوڵدانی زیاتر کرد بۆ هاندانی جوڵەی وەبەرهێنان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان و ستایشی ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان بەتایبەتی زانکۆی هەڵەبجەی کرد و رۆڵی لەبەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن لەولاتدا .
سەرۆک کۆمار گوێی له داواکارییەکانی وەفده گرت کە بریتی بوو لەخستنەڕووی پرۆژه یاسایەک بۆ گۆڕینی شاری هەلەبجە بۆ پارێزگا له دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان له سەر ڕەشنووسەکه.
وەفدەکە سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پشتیوانی و بایەخدانی بەداخوازییەکانیان و جەختکردنەوەی لەسەر گرنگی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی شاری هەڵەبجە و پەرەپێدانی بارودۆخی ئابووری ناوچەکە.
سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە وەفدی پارێزگای هەڵەبجە كرد و پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تاوتوێ كرا .
ئەمرۆ لە كۆشكی بەغداد، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازی لە وەفدی پارێزگای هەڵەبجە كرد و لە كۆبوونەوەكەدا پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و چەند بابەتێكی پەیوەست بە هەڵەبجە تاوتوێ كران .
ئەو وەفدە بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەغدادن و شەوی رابردووش لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بۆ رۆژی جیهانی ژنان بڵاوكردەوە و تیایدا، رۆڵی گرنگی ژنانی عیراق لە خێزان و كۆمەڵگە و ژیاندا بەرز دەنرخێنێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، ژنان رۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەلومەرجە سەختانەی رووبەڕووی عیراق بوونەتەوە.
هاوكات، بەشداربوون لە بنیادنانی خێزان و بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی دەوڵەت لە كاتە سەختەكاندا.
جەختیشدەكاتەوە، لەسەر پێویستی دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان و دەڵێت، ژنان پایەیەكی سەرەكین لە بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست، كە لەسەر بنەمای هاوكاری و هەماهەنگی كار بكات و دەرفەت بۆ ژنان لە بوارە جیاوازەكاندا بڕەخسێنێت.
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بەبۆنەی یادکردنەوەی راپەڕینی سلێمانی بروسکەیەکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ گەلەکەمان بەهۆی سیستمی دیموکراسیەوە، ژیانێکی ئازاد دەباتە سەر
دەقی بروسکەکەی سەرۆکایەتی کۆمار....
بە بۆنەی یادکردنەوەی راپەڕینی خەڵکی سلێمانی لە 7/3/1991 ئازادکردنی شاری سلێمانی لەژێر دەستی رژێمی دیکتاتۆری بەعس ، دروود لە رووحی پاکی شەهیدانی راپەرینی سلێمانی و هەموو شەهیدانی وڵاتەکەمان.سلێمانی هەموو کاتێک ،شاری سەربەستی و ئازایەتی بووە . ئازادبونی سلێمانی پاش رانیەی دەروازەی راپەرین ،وەرچەرخانێک بوو بۆ ئازادبوونی تەواوی شارەکانی تری کوردستان.
وەکو ئاشکرایە ئەمڕۆ گەلەکەمان بەهۆی سیستمی دیموکراسیەوە، ژیانێکی ئازاد دەباتە سەر، گەلی کوردستان تێکۆشانی کردوە بۆ دروستکردنی وڵاتێکی دیموکراسی و دادپەروەر ، داواکارین لە رۆڵەکانی گەلەکەمان یەکگرتوو بن و پارێزگاری لەسیستمی دیموکراسی و فیدراڵی و ژیانی ئازادی وڵاتەکەمان بکەین.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای بەشداریکردن لەکارەکانی لوتکەی نائاسایی عەرەبی کە لە قاهیرە بەڕێوەچوو، گەڕایەوە بەغداد.
لەپەراوێزی چالاکیەکانی لوتکەکەدا، د. لەتیف رەشید چاوی کەوت بە:
- سەرۆکی فەلەستین، مەحمود عەباس
- سەرۆکی لوبنان، جەنەڕاڵ جۆزێف عەون
- سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی
- شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئوردن
- پادشای بەحرەین، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە
- جێنشینی دەوڵەتی کوەیت، شێخ سوباح خالد حەمەد ئەلسوباح
- وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی، فەیسەڵ بن فەرحان
- سەرۆکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو)، بەڕێز کیان ئەکرەم جاف
لەو دیدارانەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانە کرایەوە:
- ڕەتکردنەوەی ڕاگواستنی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە
- دەست بەسەرداگرتنی زەوییەکانیان
- پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین
- بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان
- دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین.
سەرۆک کۆمار لەو دیدارەدا وتەی عیراقی لە لوتکەکەدا پێشکەشکرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئیسلامی کرد بە یەکگرتوویی هەنگاوی خێرا بنێن بۆ روبەروبونەوەی هەموو ئەو پڕۆژانەی داوای راگواستنی فەلەستینییەکان لە خاک و وڵاتەکەیان دەکات.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە کارەکانی لووتکەی بەپەلەی عەرەبی، د.لەتیف ڕەشید لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆمار و بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی میسر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری هاوبەش بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا و پەرەپێدانی پەیوەندی بنیاتنەرانە لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر کارکردن بۆ پشتیوانیکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیەکانی ئێستا.
سەبارەت بە گرژییەکان لە کەرتی غەززە، هەردوولا تاوتوێی لێکەوتەکانی خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی، خۆدزینەوە لە پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئاگربەست، ڕەخساندنی کەش و هەوایەک بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغی دووەمی دانوستانەکان، وەستاندنی دەستدرێژی، پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ کۆسپ تاوتوێیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. قەحتان ئەلجبوری باڵیۆزی عێراق و نوێنەری هەمیشەیی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و
موستەفا غالب راوێژکاری سەرۆک کۆمار ئامادەیبون .
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی سەرۆک کۆماری عیراق لە کارەکانی لوتکەی نائاسایی عەرەبی کە لە میسر بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم شای شانشینی هاشمی ئوردن و وەفدی یاوەری کۆبۆوە.
لە میانی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان عیراق و ئوردن کرا، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانیان لە هەمو بوارەکان بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی باڵای هەردوو وڵات، سەرۆک کۆمار گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و پەرەپێدانی ئاستی هەماهەنگیی دووقۆڵی هەڵوێستە سیاسییەکان دوپاتکردەوە بە شێوەیەک کە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و گەلەکانی بپارێزێت.
لە دیدارەکەدا گرنگی یەکخستنی هەوڵی وڵاتانی عەرەب و نێودەوڵەتی سەبارەت بە مەسەلەی فەلەستین دوپاتکرایەوە بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست و وەستانەوە دژی دەستدرێژی دەرهەق بە گەلی فەلەستین، سەرۆک و خاوەنشکۆ شا عەبدوڵا هەڵوێستی توندی خۆیان نیشاندا لەبارەی دەربەدەربونی فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی خۆیان و پێدانی مافی چارەنووسی خۆیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان کە پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. قەحتان جەنابی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە کۆمکاری عەرەبی و مستەفا غالب مەخیف ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆمار ئامادەی بوون.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە عیراق هەر هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ فەلەستینییەکان لەدەرەوەی خاکی فەلەستین و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار لە وتارێکیدا لە کاتی بەشداریکردنی لە کارەکانی لووتکەی نائاسایی عەرەبی لە قاهیرە وتی:
"عیراق سیاسەتەکانی پاکتاوی رەگەزی رەتدەکاتەوە کە لایەنە داگیرکەرەکان دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکەن کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە" و جەختی لەسەر پشتیوانی تەواوی عیراق کردەوە بۆ خۆڕاگری گەلی فەلەستین لە بەرانبەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لەلایەن قەوارەی داگیرکەرەوە دژ بە خەڵکی مەدەنی بێچەک و دامەزراوە مەدەنییەکان و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجامدراوە.
د.لەتیف رەشید، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی کرد بە خێرایی هەڵوێست وەربگرن و بە یەکگرتوویی و پتەویەوە رووبەڕووی هەموو ئەو پرۆژانە ببنەوە کە داوای دەرکردنی نایاسایی و سیستماتیکی فەلەستینییەکان لە خاک و وڵاتەکەیان دەکەن.
ئەمەی خوارەوە وتاری سەرۆک کۆماری عیراقە لە لووتکەی نائاسایی عەرەبی لە قاهیرە:
خاوەنشکۆ حەمەد بن ئال عیسا
بەڕێز سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی
خاوەنشکۆ و پایەداران و بەڕێزان
بەڕێز سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی
نوێنەرە بەڕێزەکان
سڵاو و دروود و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت
لە سەرەتای ئەم وتارەدا خۆشحاڵم کە زۆر سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و لە رێگەی ئێوەوە بۆ گەلی برای میسر دەرببڕم بۆ میوانداریکردنی کارەکانی ئەم لووتکە بەپەلەیە کە لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی مرۆیی و ئەمنی کە ناوچەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت دەبەسترێت و هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی فەلەستین و مافی سروشتی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان و مافی گەڕانەوەی پەنابەران و قەرەبووکردنەوەیان، بەپێی بڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لەوانە بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی کە هەموویان داوا لە قەوارەی ئیسرائیل دەکەن کار بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە بکەن. داوا لە دەوڵەتان دەکات دان بە دۆخی نایاسایی بوونی ئەم قەوارەدا نەنێن، وە دان بە هیچ گۆڕانکارییەک نەنێ لە جۆری فیزیکی یان پێکهاتەی دیمۆگرافی ئەو خاکەی کە قەوارەی زایۆنی داگیری کردووە.
لەم مینبەرەوە، عیراق هەڵوێستی پتەوی خۆی دووپات دەکاتەوە و داوای بەدیهێنانی هیواکانی گەلی فەلەستین دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو بە پایتەختی قودسی پیرۆزەوە بێت.
هەروەها بە توندی ئیدانەی بڕیاری قەوارەی ئیسرائیل دەکەین بۆ قەدەغەکردنی کارەکانی ئاژانسی فریاگوزاری و کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی (UNRWA) لە ناوچە داگیرکراوەکان و داواکردنی راگواستنی دوو ملیۆن فەلەستینی لە خاکەکانیان لە غەززە بۆ ناوچەکانی وڵاتانی دیکە کە هەموویان تاوانی جەنگی تەواون.
عیراق پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ مافە سروشتییەکانی فەلەستین و خۆڕاگری گەلی فەلەستین دووپات دەکاتەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە قەوارەی داگیرکەر لە دژی هاووڵاتیانی بێچەک و دامەزراوە مەدەنییەکان و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجام دەدرێت بە بیانووی جۆراوجۆر و درۆ بۆ پاساوهێنانەوەی ئەو کارە قێزەونانەی دژ بە گەلی فەلەستین بە جینۆساید و تاوانی جەنگ لە روانگەی تەواوی جیهاندا، یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کاتێک لاواز و باوەڕپێنەکراو دەبن و چەمکی مرۆڤایەتی بووەتە دوو بینینی جیاواز .
بۆیە عیراق هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو پرۆژانەی کە ئامانجیان پاکتاوکردنی فەلەستینییەکان و بێبەشکردنیانە لە مافی مانەوەیان لەسەر خاکەکەیان و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو پرۆژانەی کە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەون و هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایش دەکەن و ناکۆکی زیاتر کۆنتڕۆڵ دەکرێن.
یەکەم: داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی کە بە خێرایی هەڵوێست وەربگرن و بە یەکگرتوویی و توندی رووبەڕووی هەموو ئەو پرۆژانە ببنەوە کە داوای دەرکردنی نایاسایی و سیستماتیکی فەلەستینییەکان لە خاک و وڵاتەکەیان دەکەن کە دۆخی مرۆیی خراپتر دەکات و رێگری بکەن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵەکانیان لەگەڵ بەردەوامی سیاسەتەکانی جیاکاری رەگەزی و گەمارۆدان و پێشێلکردنی بەها و پرەنسیپە مرۆییەکان.
دووەم: داوا دەکەین کاری بەپەلە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بکرێت و داواکارین سندوقێک دابمەزرێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و هەڵسەنگاندنێکی بیرمەندانە کە پێداویستییەکان دیاری بکات، لەڕێگەی پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری نێوان کۆمکاری عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان کە کار دەکات بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان لەنێوان وڵاتانی بەشداربوو بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام دەبێت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بۆ گەلی فەلەستین و فشار خستنە سەر قەوارەی ئیسرائیل بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ بەردەوامی ژیان بۆ برایانی فەلەستین بۆ رێگریکردن لە ئاوارەبوونیان بۆ ناوچەکانی تر.
سێیەم: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەتایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری پێویست دەربکات کە متمانە بە سیستەمی نێودەوڵەتی دروست بکاتەوە و قەوارەی داگیرکەر ناچار بکات دەستدرێژی لەسەر ناوچەکە رابگرێت و سیاسەتی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەدوور بگرێت و کۆتایی بەو توندوتیژی و تۆپبارانانە بهێنێت کە دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەیکات و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان بکات و ئەنجومەنەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتە ئەستۆ.
چوارەم: رووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکانی قەوارەی ئیسرائیل بۆ رێگرتن لە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی کە بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان و نەمانی ئاوی خواردنەوە و سووتەمەنییەوە ئازاری فەلەستینیانی زیاتر کردووە، پاش ئەوەی داگیرکاری داخستنی دەروازەکانی توندتر کرد و رێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکاری کرد، و دامەزراوەکان و کارمەندانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کردە ئامانج کە بەڵگەیەکی روونن لەسەر کەمتەرخەمی داگیرکەران بەرانبەر بەو یاسایانە و کەمتەرخەمی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هەروەها عیراق بە توندی هەر هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی جێگرەوە بۆ فەلەستینییەکان لە دەرەوەی خاکی فەلەستین و دەست بەسەرداگرتنی زەوییەکانیان و بەجوولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکان و فراوانکردنی دروستکردنی نیشتەجێبوون رەتدەکاتەوە کە قەوارەی داگیرکەر بەدواداچوونی بۆ دەکات و بەردەوامە و هەروەها مافی پەنابەران و کۆچبەرانی فەلەستینی بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتیمان و ناوچەکانی سەرەکی خۆیان دووپات دەکاتەوە.
داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دان بە شەرعییەتی هەر دۆخێکدا نەنێین کە بەهۆی ئەم کارە نایاساییانەوە سەرهەڵبدات.
خاوەنشکۆ و پایەداران ...
لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەنجامە کردارییەکانی ئەم لووتکە دەکەین لە کۆکردنەوەی پشتیوانی، گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بەپەلە بە شێوەیەکی هەماهەنگی و بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە، سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین
بۆ ئەو وڵات و رێکخراو و کەسایەتیانەی کە دەنگیان لە دژی پێشێلکارییەکانی دەستدرێژی ئیسرائیلیەکان دژ بە گەلی فەلەستین بەرز کردووەتەوە و هەڵوێستی پتەوی عیراق لە پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین و گەلی فەلەستین و خەباتی دادپەروەرانەیان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان بە پایتەختی قودسی پیرۆز دووپات دەکەنەوە.
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت