سەرۆك كۆمار: تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە سەلمێنەری ئەو ستەمەیە كە رژێمی بەعس بەرانبەر گەلی كورد ئەنجامیدا
هەساو ئەمیر
١٦ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە سەلمێنەری ئەو ستەمەیە كە رژێمی بەعس بەرانبەر گەلی كورد ئەنجامیدا. دەشڵێت، "هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین پەلە بکەن لە گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی تەواو بکەن".
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەدا رایگەیاند، "ئەم تاوانە دڕندانەیە، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران منداڵ و ژن و پیر و لەناوبردنی چەندین گوندی کوردنشین، دەربڕی ئەو ستەمەیە کە رژێمی لەناوچووی پێشوو دژ بە هاووڵاتیانی کورد بە تایبەتی و گەلی عیراق بە گشتیی ئەنجامی داوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانی هەڵەبجە ویژدانی جیهانی هەژاند، راشیگەیاندووە، "تراژیدیای شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا، هاوکات داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە و راگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا".
روونیشیکردووەتەوە، جەخت لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی کە دژ بە هاووڵاتیان ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی ببنە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانەی کە رژێمە دیکتاتۆرییەکان بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجامیان داوە.
لە کۆتاییشدا ئەوەی خستووەتە روو، "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆییمان داوامان لێدەکات کەهانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەین پەلە بکەن لە گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن، بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە و بەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن".
ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، ئەو تاوانەی چەکی کیمایی قەدەغەکراوی بەرامبەر بە کورد تێدا بەکارهێنرا و بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتیی شەهید و بە سەدانی دیکەش بریندار بوون.