سەرۆک کۆمار: هەڵەبجە ڕۆڵی هەبووە لەڕاپەڕین و شۆڕشەکانی دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا
سام
٩ی ئازاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی یەکشەممە 9 ی ئاداری 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیی کرد لە وەفدێکی شاری هەڵەبجە کە لە ژمارەیەک کەسایەتی حکومی و پەرلەمانتار و زانایانی ئاینی پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە هەڵەبجە سیمبولی قوربانیدان و ئازایەتییە و ئاماژەی بەوەدا کە بەئامانجگرتنی بە چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە تاوانێکی قێزەون بوو دژ بە مرۆڤایەتی و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو بۆ شارەکە و گرنگیدان بە لایەنە خزمەتگوزاری و ئابووری و شارستانییەکان کردەوە.
سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی رێزلێنان لە خوێنی شەهیدان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی شارەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە شاری هەڵەبجە جگە لە پێگەی بازرگانی و کەلتووری و رۆشنبیری و سامانی کشتوکاڵی، ڕۆڵی هەبووە لەڕاپەڕین و شۆڕشەکانی دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی هەوڵدانی زیاتر کرد بۆ هاندانی جوڵەی وەبەرهێنان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان و ستایشی ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان بەتایبەتی زانکۆی هەڵەبجەی کرد و رۆڵی لەبەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن لەولاتدا .
سەرۆک کۆمار گوێی له داواکارییەکانی وەفده گرت کە بریتی بوو لەخستنەڕووی پرۆژه یاسایەک بۆ گۆڕینی شاری هەلەبجە بۆ پارێزگا له دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان له سەر ڕەشنووسەکه.
وەفدەکە سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پشتیوانی و بایەخدانی بەداخوازییەکانیان و جەختکردنەوەی لەسەر گرنگی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی شاری هەڵەبجە و پەرەپێدانی بارودۆخی ئابووری ناوچەکە.







