سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی میسر کۆدەبێتەوه
٥ی ئازاری ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە کارەکانی لووتکەی بەپەلەی عەرەبی، د.لەتیف ڕەشید لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆمار و بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی میسر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری هاوبەش بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا و پەرەپێدانی پەیوەندی بنیاتنەرانە لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر کارکردن بۆ پشتیوانیکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیەکانی ئێستا.
سەبارەت بە گرژییەکان لە کەرتی غەززە، هەردوولا تاوتوێی لێکەوتەکانی خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی، خۆدزینەوە لە پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئاگربەست، ڕەخساندنی کەش و هەوایەک بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغی دووەمی دانوستانەکان، وەستاندنی دەستدرێژی، پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ کۆسپ تاوتوێیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. قەحتان ئەلجبوری باڵیۆزی عێراق و نوێنەری هەمیشەیی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و
موستەفا غالب راوێژکاری سەرۆک کۆمار ئامادەیبون .

