سەرۆک کۆمار: داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و رزگاربوون و تێکۆشان و سەرکەوتنی مافە بەسەر ناهەقدا
سام
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و ڕزگاربوون و تێکۆشان و سەرکەوتنی مافە بەسەر ناهەقدا و هەروەها مژدەی ڕۆژێکی نوێ و سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە".
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردمان و سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکەین و هیوادارین ئەم بۆنە بە چاکە و خۆشی و بەرەکەتەوە بگەڕێتەوە بۆ گەلەکەمان خۆشی باڵ بکێشێ بە سەرتاسەری وڵاتدا .
داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و ڕزگاربوون و تێکۆشان و سەرکەوتنی مافە بەسەر ناهەقدا و هەروەها مژدەی ڕۆژێکی نوێ و سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە.
لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی نەورۆزدا پەیامی نیشتمانی خۆمان دووپات دەکەینەوە و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین یەکڕیزی نیشتمانی بەهێز بکەن و کۆڵەکەکانی سیستەمی دیموکراسی پتەو بکەن و پاراستنی ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و دەستکەوتەکان و پشتیوانیکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان و دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن بکەنە پێشەنگی کاریان و بەوەش بەشداری لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتدا بکەن.
جارێکی تر نەورۆز پیرۆزە له ئێوەو خەڵکی سەرتاسەری جیهان
هەموو ساڵێک بەخۆشی و شادی بۆ هەموو لایەک
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار