د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی دەستەی راوێژکاری عیراق بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە لەندەن بە سەرۆکایەتی د. رەئوف ئەنساری.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 25-2-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو،  باس لە پێشهاتەکانی گشتی وڵات کرا، بە گرنگیدان بەو دەستکەوتانەی لە ماوەی رابردوودا بەدەست هاتوون، بەتایبەتی لە دۆسییەی ئەمنیدا بەو پێیەی بەردی بناغەی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانییە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی گەیاندنی وێنەی راستەقینەی عیراق بە جیهان، بە تایبەتی سەبارەت بەو پێشهاتانەی کە لە بوارەکانی ئەمنی و بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەدا بەدیهاتووە، جەختیکردەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو لایەنانە و گرنگی پێدانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافی یاسایی هاووڵاتیان و ئاماژەی بەوەشدا، کە سەرۆکایەتی کۆمار بەشداریی کردووە لە ئازادکردنی زیاتر لە ١٥ هەزار دەستبەسەرکراو کە سزاکانیان کۆتایی هاتووە، وەک پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای کارپێکراو و بەدیهێنانی دادپەروەری.

سەرۆک کۆمار داوای لە رێکخراوە زانستی و رۆشنبیرییەکان کرد هاریکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن، هەروەها کار لەسەر رەخساندنی کەشێکی گونجاو بکەن تا بەشدار بێت لە راکێشانی لێهاتوویی نیشتمانی و سودمەندبوون لە شارەزاییەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان، هەروەها پەرەپێدانی هاوبەشی نێوان دامەزراوەکان و کەسانی لێهاتوو لە ناو خاکی عیراقدا بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێکی هەمەلایەنە لە کەرتە گرنگەکاندا.

لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی راوێژکاری ئەندازیاری و تەکنیکی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختیانکردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە بەشداریکردن لە بنیاتنان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانیان کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە.