سەرۆک کۆمار: عیراق پشتگیری لەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە
سام
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-2-2025 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازیکرد لە وەفدێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی حوکمڕانی و سیاسەتی ئێران (GPTT)، بە سەرۆکایەتی روحوڵڵا دێغانی فیروزاباد جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و لێپرسراوی ناوەندەکە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوو لە پشتبەستن بە چارەسەری سیاسی دادپەروەرانە بۆ قەیرانی ئیقلیمی کە زامنی سەقامگیری وڵاتان و پاراستنی مافی گەلان دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق پشتگیری لەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لەڕێگەی هاریکاری هاوبەشەوە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە خستەروو و دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی و ڕێزگرتنی یەکتر کاردەکات، هەروەها هەر سیاسەتێک ڕەتدەکاتەوە کە لەسەر بنەمای جەمسەرگیری یان پەرەسەندن بنیاد بنرێت ، هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری زانستی و تەکنیکی نێوان دامەزراوەکانی توێژینەوە لە هەردوو وڵات، کە یارمەتیدەر دەبێت لە پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی بەردەوام و سوودوەرگرتن لە شارەزایی هاوبەش.
لای خۆیەوە دێغانی فیروزاباد و وەفدی یاوەری ستایشی پەیوەندیی قوڵی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد، ویستی خۆی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوبەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستی و تەکنەلۆژی و پەرەپێدانی هاریکاری لە بواری توێژینەوە و داهێنان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دوپاتکردەوە.
لە هەمان رۆژدا د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک مەسیحی کلدانی و ئاشووری جالیەی عیراقی دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە فرەئایینی سەرچاوەی بەرزکردنەوەی ڕێزی هاوبەشە لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا، ئاماژەی بەوەدا کە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان عیراقییەکان ڕەنگدانەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لە عیراقدا بە درێژایی هەزاران ساڵ.
سەرۆک کۆمار ستایشی مەسیحییەکانی عیراق و رۆڵیانی کرد لەبنیاتنانی عیراق و یەکخستنی پێکهاتەی کۆمەلایەتی و ئاماژەی بەوەشکرد کە گرنگیدان بەبەرژەوەندییەکانی ئەو عیراقیانەی لەدەرەوەی وڵات دەژین یەکێکە لەئەولەویەتەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان .
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕی بۆ بایەخدان بە بارودۆخی عیراقییەکانی دانیشتووی ئەمەریکا و تەئکیدیان لەسەر پەرۆشییان کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکان پەیوەست بە لێهاتوویەکانیان لە بوارەکانی ئابووری و کەلتووری و تەکنەلۆژیا و خزمه ت به پرۆسەی گەشەپێدان له عێراق





