د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە. 

لە کۆبوونەوەیەکدا پێشکەوتنەکانی وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا و هەروەها بارودۆخی گشتی ناوچەکە و نێودەوڵەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاماژە پێکرد و پرۆژەیاساکانی سەرۆکایەتی بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان بە شێوەیەک کە مافەکانی سەرجەم هاوولاتیان مسۆگەر بکات باسی لێوەکرا.

لای خۆیەوە د.مەشهەدانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ هەوڵەکانی لە بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵات و پەرۆشی بۆ پاراستنی مافەکانی گەل .

جەختیشی کردەوە لە هەوڵی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەرەوپێشبردنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق و گەلەکەی بەدی بهێنێت.