دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ 18ی مانگ دواخرا
هەساو ئەمیر
١٢ی شوباتی ٢٠٢٥
دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ 18ی ئەم مانگە دواخرا.
بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵایەکی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، لەسەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماری کردبوو.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراقە بە خەرجكردنی موچە کە لە چوار خاڵ پێكهاتووە، کە داوایکردووە، فەرمانێكی وەلائی خێرا دەربکرێت بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام و بەبێ وەستان، هەروەها جێبەجێكردنی بەبانكیكردنی موچە بەپێی رێنماییەكانی بەبانكیكردن، بە جۆرێک هاوشێوەی ئەو رێكارانە بێت كە حكومەتی عیراق دەیگرێتە بەر.