دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەبارەی سكاڵاكەی سەرۆك كۆمارەوە دەركرد و بەپێی بڕیارەكە دەبێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە بانكی كردنی مووچەی مووچەخۆران.

هەروەها بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی مووچەخۆرانی هەرێم سەرپشكن لە هەڵبژاردنی بانكەكانیان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی. هاوكات بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی، بانكی حكومی و ئەهلی بەشدار دەبن لە پرۆسەكەدا.

د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لە دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی دژی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماركردووە و تیایدا، داوایكردووە وەزارەتی دارایی عیراق پابەند بكرێت بە دابەشكردنی موچەی ووچەخۆرانی هەرێم و بە بانكیكردنی موچەكانیان.

هەروەها داوایكردووە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكرێت بە كاركردن بە هەمواری بڕگەی (12) خاڵی (ج) لە یاسای بودجەی گشتی عیراق.