بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی لەڕێی دەروازەی "بابلھەوا" بۆ سوریا کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخراوە و وڵاتانی ئەندامی نێو ئەنجومەنەکە دەیانەوێت دانوستانی زیاتر لەو بارەیەوە بکەن.
رۆژی شەممە، رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سوریا لەڕێی سنورەوە کۆتایی دێت، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، روسیاش کە ھاوپەیمانی حکومەتی سوریایە دەیەوێت ڤیتۆ دژی ئەو بڕیارە بەکاربھێنێت و گەیاندنی ھەموو ھاوکارییەک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی "دیمەشق"دایە.
دەروازەی "بابلھەوا" سەرەکیترین دەروازەی گەیاندنی ھاوکارییە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە "ئیدلب"، ئەگەر ئەو دەروازەیەش دابخرێت گەروەترین قەیرانی برسێتی و قاتوقوڕی لەو ناوچەیە سەرھەڵدەدات.
کازم غەریب ئەبادی نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم رایگەیاند، سەرەڕای پابەندبوونیان بە دانوستانەکانی ڤییەننا، بەڵام ھیچ رێگرییەک لەبەردەم ئێران نییە بۆ پێشخستنی توانا زانسییەکان، لە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
وتیشی، بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم تەنھا بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی و پێشخستنی زانستی پزیشکییە.
کازم غەریب ئەبادی رایگەیاند، سەرەڕای گەمارۆکان، زانایانی ئێرانی وزەی ئەتۆم پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەست ھێناوە، لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ریژەی لە ٢٠% .
ئەڵمانیا بەپێی بڕیارێکی نوێی فیدراڵی، بەکارھێنان و بڵاوکردنەوەی دروشم و ئاماژەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و قاعیدە و ئیخوان موسلیمین و گورگە بۆرەکانی تورکیا و بزووتنەوەی حەماس و باڵی سەربازی حزبوڵای لوبنانی قەدەغەکرد، ھەر لایەنێکیش ئەو بڕیارە پێشێل بکات، بە بڕی چوار ھەزار یۆرۆ یاخود مانگێک زیندانی کردن سزا دەدرێت، ئەگەر پێشێلکارییەکەش دووبارە بکرێتەوە سزاکە دەگاتە ١٠ ھەزار یۆرۆ یاخود زیندانی کردن بۆ ماوەی شەش مانگ.
ئەڵمانیا چەندین جاریش رایگەیاندووە، رێگە نادات خاکەکەی بکرێتە مۆڵگەی گروپە توندڕە و و قەدەغەکراوەکان بە تایبەت "ئیخوان موسلیمین".
ھاوکات ئەنجومەنی نیشتمانی نەمسا یاسای روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوەکانی پەسەندکرد، بە ئامانجی پشتیوانی کردنی ھەوڵەکانی دەوڵەت بۆ قەدەغەکردنی چالاکی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە و پڕۆژە بڕیارێکی لە بارەی فشارەکانی حکومەتی تورکیا لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بە تایبەتی ھەدەپە پەسەند کرد و ڕەخنەی لە سیاسیەتی تورکیا بەرامبەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان گرت.
پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد، دەست لەو سیاسەتە ھەڵبگرێت، کە بەرامبەر پارتە سیاسییەکان دەیکات، ھاوکات ئیدانەی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریەتی لە پەرلەمانتاران کرد و داواشیکرد، ئەو پەرلەمانتارانەی ھەدەپە کە لە زیندانەکاندان ئازاد بکرێن و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان لابدرێن.
جۆو بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، ئەرکی سەربازی خۆیان لە ئەفغانستان جێبەجێ کردووە و کۆتایی مانگی داھاتوو بە تەواوی لەو وڵاتە دەکشێنەوە.
وتیشی، بەسەر ڕێکخراوی قاعیدەدا لە ئەفغانستان سەرکەوتن و ھەوڵی ئازادکردنی زیندانییە ئەمریکییەکان دەدەن.
بایدن باسی لەوەش کرد، کشانەوەی سەربازەکانیان لە ئەفغانستان خێراتر دەکەن و پێشتریش مەشقیان بە ھەزاران سەربازی ئەفغانی کردووە و پێویستیشە ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بڕیار لە داھاتووی خۆیان بدەن.
سەرچاوەکانی ھەواڵ ڕایانگەیاند، گۆفنیل موسیس سەرۆکی ھایتی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکەوە بە گولـلە تیرۆر کراوە.
لای خۆشییەوە، کلود جۆزیف سەرۆک وەزیرانی کاربەرێکەری ھایتی کوژرانی سەرۆکی وڵاتەکەیانی پشتڕاستکردەوە و تا ئیستاش ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە تیرۆرکردنی سەرۆکی ھایتی ڕانەگەیاندووە.
تۆری ھەواڵی "سی ئێن ئێن" ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەگەرچی جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکا دەرفەتێک بوو بۆ دڵخۆشبوونی ئەمریکییەکان، بەڵام بەھۆی توندوتیژی و یارییە ئاگریینەکان و بەکارھێنانی چەکەوە ڕەوشەکە تەواو پێچەوانە بووەوە و لە ئاھەنگەکانی جەژنی سەربەخۆییدا ١٥٠ کەس کوژران و ٤٠٠ی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنھا لە ویلایەتی شیکاگۆ ٨٣ ڕووداوی تەقەکردن ھەبووە و بەھۆیانەوە ١٤ کەس کوژراون و لە نیویۆرکیش ١٢ ڕووداوی تەقەکردن ھەبووە کە بەھۆیەوە ١٣ کەس کوژراون.
توندوتیژی و ڕووداوەکانی کوشتن لە ئەمریکا زیادیکردووە و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھاوڵاتیانی وڵاتەکە بە ئاسانی چەکیان دەست دەکەوێت.
لە چوارمین کۆبوونەوەی وزاری "دەستپێشخەری ستۆکۆڵم بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی" کە لە مەدرید بەرێوەچوو، ئەندامانی دەستپێشخەریەکە پێشوازییان لە دانوستانی نوێی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا کرد بۆ سنوردارکردنی چەک، داواشیان لەو ٩ دەوڵەتە کرد کە خاوەن چەکی ئەتۆمین، پابەندی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە چەکە بن و ھەنگاو بنێن بۆ لەناوبردنی چەکە ئەتۆمییەکان کە بوونەتە مەترسی لەسەر جیھان.
دەستپێشخەری ستۆکۆڵم بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و ١٦ وڵات ئەندامن تێیدا کە دیارترینیان ئەڵمانیا و ئیسپانیا و سوید و ژاپۆن و کەنەدا و ئەرژەنتینن.
ئەو ٩ دەوڵەتەش کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ئەمریکا و ڕووسیا و فەڕەنسا و چین و بەریتانیا و پاکستان و ھیندستان و ئیسڕائیل و کۆریای باکورن، سەرجەمیان خاوەنی ١٣ ھەزار و ٨٠ کڵاوەی ئەتۆمین.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئاشکرایکردووە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێک بە تەلەفۆن لەگەڵ ھاوتا چینیەکەی و ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤییەننا و دووپاتیانکردووەتەوە کە پێویستە لایەنە بەشداربووەکانی دانوستانەکان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە لە بەردەستیاندایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ھاوکات میخائیل ئولیانۆف نێردەی ھەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە، ئەو داواکارییانەی کە بۆ فراوانکردنی بابەتەکانی دانوستانەکانی ڤییەننا ھەیە، واقیعی نین و ناکرێت گفتوگۆ لەسەر ھیچ بابەتێکی تر بکرێت جگە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئیمزا کرا.
دانوستانەکانی ڤییەننا کە لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە، لە ئێستادا ڕاگیراوە و چاوەڕوان دەکرا لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی نیە و بە وتەی دیپلۆماتکارانیش تا ئێستا لە دانوستانەکاندا ناکۆکی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ھەیە.
لێپرسراوانی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی ناوخۆیی ڕووسیا، ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەک بە ٢٩ سەرنشینەوە بەر لەوەی بگاتە فڕۆکەخانەی دوورگەی کامچاتکا بە دووری ٩ کیلۆمەتر لە دوورگەکە کەوتووەتە دەریاوە.
ھاوکات سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری گواستنەوە پێکبھێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پێکبھێنێت.