ئاژانسی ھەواڵی ئیسنای ئێرانی لە زاری جەعفەریەوە بڵاویکردوەتەوە، دوای راگرتنی بۆ ماوەی دوو ھەفتە، لە رۆژی یەک شەممەوە کارکردن لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەھر دەستپێکردوەتەوە و دووبارە بەستراوەتەوە بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ھۆکاری راگرتنی کارەکانی ئەو وێستگەیە، کێشەیەکی تەکنیکی بووە.
وێستگەی بوشەھری ئەتۆمی ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەمدەھێنێت، لە ساڵی ٢٠١٦شەوە ئێران و روسیا پێکەوە کاردەکەن بۆ زیادکردنی بڕی بەرھەمھێنانی کارەبا لەو وێستگەیە بۆ ٣ ھەزار مێگاوات، پێشبینیش دەکرێت کارەکان لە ماوەی ١٠ ساڵدا کۆتایی بێت.
فەرھاد شامی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە رایگەیاند، شەوی رابردوو دوو موشەک لە شوێنێکی نادیارەوە ئاراستەی بەشی خۆرئاوای کێڵگەی نەوتی ئەلعەمر لە دێرزوور کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ھێرشەدا ھیچ یەک لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات و ھاوپەیمانان زیانیان پێ نەگەیشتووە.
ھاوکات واین مارۆتۆ وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رەتیکردەوە ھێرش کرابێتە سەر ھێزەکانیان و رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی ئاماژە بە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکەن، دوورن لە راستییەوە.
سوھەیل شاھین وتەبێژی تاڵیبان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، نابێت تا مانگی ئەیلول ھیچ ھێزێکی ئەمریکی و ناتۆ لە خاکی ئەفغانستان بمێننەوە، ئەگەر نا روبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە داگیرکەر دادەنرێن.
وتیشی، ھەر ھێزێک بمێنێتەوە پێچەوانەی رێککەوتنی "دەوحە"یە.
وتەبێژەکەی تاڵیبان دەڵێت، دژی ھێزی سەربازیی بیانین نەک دیبلۆماسییەکان، ھیچ دیبلۆماسی و رێکخراوێکی حکومیش ناکرێنە ئامانج و پێویستیان بە ھێشتنەوەی ھێز نابێت بۆ پاراستنیان.
ئەو ھۆشدارییەی تاڵیبان دوای ئەو دەنگۆیانە دێن باس لە مانەوەی ھەزار سەربازی ئەمریکا دەکرێت، بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ.
لە مانگی ئایاری رابردووەوە، ئەمریکا کشانەوەی ھێزەکانی لە ئەفغانستان دەستپێکردوە، "تاڵیبان"یش کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی "باگرام" کە گەورەترین بنکەی ئەمریکا بووە لەو وڵاتە، بە گۆڕانکارییەکی مێژوویی وەسفکرد.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بە ناونیشانی "فشارەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا و بە تایبەتی لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان" بەڕێوەدەچێت، گروپێکی سیاسیش لە پەرلەمان دەستیانکردووە بە داڕشتنی چەند بڕیارێک و ئێوارەی ئەمڕۆ رەشنوسی بڕیارەکان پێشکەش دەکرێت.
رۆژی سێشەممەش رێککەوتن لەسەر رەشنوسەکان دەکرێت، بڕیاریشە ئەنجامی دانیشتنەکە رۆژی ٥ شەممە رابگەیەنرێت و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە پەسەند بکرێت.