سوھەیل شاھین وتەبێژی تاڵیبان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، نابێت تا مانگی ئەیلول ھیچ ھێزێکی ئەمریکی و ناتۆ لە خاکی ئەفغانستان بمێننەوە، ئەگەر نا روبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە داگیرکەر دادەنرێن. 
وتیشی، ھەر ھێزێک بمێنێتەوە پێچەوانەی رێککەوتنی "دەوحە"یە. 


وتەبێژەکەی تاڵیبان دەڵێت، دژی ھێزی سەربازیی بیانین نەک دیبلۆماسییەکان، ھیچ دیبلۆماسی و رێکخراوێکی حکومیش ناکرێنە ئامانج و پێویستیان بە ھێشتنەوەی ھێز نابێت بۆ پاراستنیان.


ئەو ھۆشدارییەی تاڵیبان دوای ئەو دەنگۆیانە دێن باس لە مانەوەی ھەزار سەربازی ئەمریکا دەکرێت، بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ. 


لە مانگی ئایاری رابردووەوە، ئەمریکا کشانەوەی ھێزەکانی لە ئەفغانستان دەستپێکردوە، "تاڵیبان"یش کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی "باگرام" کە گەورەترین بنکەی ئەمریکا بووە لەو وڵاتە، بە گۆڕانکارییەکی مێژوویی وەسفکرد.