سیناتۆرێکی ئەمریکی لەسەر لێدوانەکانی ترەمپ دەربارەی گواستنەوەی خەڵکی غەززە بۆ وڵاتانی تر، رایگەیاند؛ ترەمپ دەیەوێت زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لە غەززە دەربکات بۆ ئەوەی هاوینەهەوار بۆ دەوڵەمەندەکان دروست بکات، ئەمەش جێگەی هەڵوەستەکردنە.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری ئەمریکی و لایەنگری دیموکراتەکان لە کۆبونەوەیەکدا وتی: پێویستە کەرتی غەززە بۆ فەلەستینییەکان ئاوەدان بکەینەوە نەک ملیۆنێرەکان.

بێرنی ساندەرز، کە لە ساڵی 2016 بۆ 2020 داوای لە دیموکراتەکان کرد بیکەن بە کاندیدی سەرۆکایەتی، لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و وتی؛ "ئیدارەی ترەمپ زۆر بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە کاردەکات بۆ فەرامۆشکردنی دەستور و یاسای وڵاتەکەمان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە کۆشکی سپی و ئەو ملیاردێرانەی ئێستا حکومەتەکەمان کۆنترۆڵ دەکەن".

ساندەرز ئاماژەی بەوەشدا "زۆر دەترسم کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، "ئەو حکومەتە نەبینین کە لە خەڵکەوە بۆ خەڵکەو ببێت بە حکومەتی چینی ملیاردێر".