وڵاتان داوای نەھێشتنی مەترسییەکانی چەکی ئەتۆمی دەکەن
کوردسات نیوز
٦ی تەمووزی ٢٠٢١
لە چوارمین کۆبوونەوەی وزاری "دەستپێشخەری ستۆکۆڵم بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی" کە لە مەدرید بەرێوەچوو، ئەندامانی دەستپێشخەریەکە پێشوازییان لە دانوستانی نوێی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا کرد بۆ سنوردارکردنی چەک، داواشیان لەو ٩ دەوڵەتە کرد کە خاوەن چەکی ئەتۆمین، پابەندی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە چەکە بن و ھەنگاو بنێن بۆ لەناوبردنی چەکە ئەتۆمییەکان کە بوونەتە مەترسی لەسەر جیھان.
دەستپێشخەری ستۆکۆڵم بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و ١٦ وڵات ئەندامن تێیدا کە دیارترینیان ئەڵمانیا و ئیسپانیا و سوید و ژاپۆن و کەنەدا و ئەرژەنتینن.
ئەو ٩ دەوڵەتەش کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ئەمریکا و ڕووسیا و فەڕەنسا و چین و بەریتانیا و پاکستان و ھیندستان و ئیسڕائیل و کۆریای باکورن، سەرجەمیان خاوەنی ١٣ ھەزار و ٨٠ کڵاوەی ئەتۆمین.