سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئاشکرایکردووە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێک بە تەلەفۆن لەگەڵ ھاوتا چینیەکەی و ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤییەننا و دووپاتیانکردووەتەوە کە پێویستە لایەنە بەشداربووەکانی دانوستانەکان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە لە بەردەستیاندایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.


ھاوکات میخائیل ئولیانۆف نێردەی ھەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە، ئەو داواکارییانەی کە بۆ فراوانکردنی بابەتەکانی دانوستانەکانی ڤییەننا ھەیە، واقیعی نین و ناکرێت گفتوگۆ لەسەر ھیچ بابەتێکی تر بکرێت جگە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئیمزا کرا. 


دانوستانەکانی ڤییەننا کە لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە، لە ئێستادا ڕاگیراوە و چاوەڕوان دەکرا لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی نیە و بە وتەی دیپلۆماتکارانیش تا ئێستا لە دانوستانەکاندا ناکۆکی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ھەیە.