بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی لەڕێی دەروازەی "بابلھەوا" بۆ سوریا کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخراوە و وڵاتانی ئەندامی نێو ئەنجومەنەکە دەیانەوێت دانوستانی زیاتر لەو بارەیەوە بکەن. 


رۆژی شەممە، رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ سوریا لەڕێی سنورەوە کۆتایی دێت، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، روسیاش کە ھاوپەیمانی حکومەتی سوریایە دەیەوێت ڤیتۆ دژی ئەو بڕیارە بەکاربھێنێت و گەیاندنی ھەموو ھاوکارییەک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی "دیمەشق"دایە. 


دەروازەی "بابلھەوا" سەرەکیترین دەروازەی گەیاندنی ھاوکارییە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە "ئیدلب"، ئەگەر ئەو دەروازەیەش دابخرێت گەروەترین قەیرانی برسێتی و قاتوقوڕی لەو ناوچەیە سەرھەڵدەدات.