وەزارەتی تەندروستی ھندستان رایگەیاند ، ئاماری گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە وڵاتـەکەدا بۆ ٣٠٣ ھەزار و ٧٢٠ کەس بەرزبووەتەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی تەنھا لە دوو ھەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ ھەزار توشبوی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە .
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئاماری توشبوانی کۆرۆنا لە ھندستان گەیشتووەتە ٢٦ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس ، بەو شێوەیەش لە دوای ئەمریکا لە پلەی دوەمی وڵاتانی جیھاندایە لەرووی ئامارەکانی کۆرۆناوە .
حکومەتی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر پێشنیارێکی میسر پیشاندا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و لە سەعات ٢ی بەیانی ئەمرۆ ھەینییشەوە بڕیارەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بزوتنەوەی حەماس-یش ڕایگەیاند، تا ئیسرائیل پابەند بێت بە ئاگربەستەوە ھێزەکانی بەرگری غەززەش ئاگربەست دەپارێزێن.
سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیارەکەی بە ھەنگاوێکی گەورە ناوبردو داوایکرد ھەردوو لایەنی ناکۆک ھەوڵبدەن بۆ دریژکردنەوەی ئاگربەستەکە، ھاوکات بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاش پێشوازیان لە بڕیارەکە کردووە و ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە" دووبارە سەرھەڵدانەوەی پێکدادانەکان قبوڵکراو نابێت.
واشنتۆن رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چەند رۆژی داھاتودا بەرەو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ دەکەوێت، ئەویش دوای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس رازی بون بە ئاگربەستی نێوانیان لە غەززە.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، بلینکن بە تەلەفون پەیوەندیی بە ھاوتا ئیسرائیلیەکەی گابی ئەشکینازیەوە کردوە و ئەشکینازی لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی بلینکن بۆ ناوچەکە دەربڕیوە.
لەو سەردانەیدا بلینکن لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی ناوچەکەدا کۆدەبێتەوە و رێگەکانی ھێورکردنەوەی رەوشەکەیان لە کەرتی غەززە لەگەڵدا تاوتوێ دەکات لەپێناو بەدیێنانی داھاتویەکی باشتر بۆ ئیسرائیل و فەلەستینیەکان.
سیسی جەختی لە پێویستیی راگرتنی بەپەلەی کارە توندوتیژیەکان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە وڵاتەکەی لە ھەوڵی بەردەوامدایە لەو پێناوەدا.
لای خۆشیەوە کۆشکی سپی جەختی کردووەتەوە لەوەی ئاماژەی دڵخۆشکەر بەدی دەکرێت بۆ ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا.
ھاوکات چەندین لایەن خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە بەو ئاگربەستەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئەویش دوای ئەو پەرەسەندە سەربازیانەی ماوەی ١١ رۆژ بەردەوام بو و تائێستا زیاتر لە ٢٣٢ کەس کوژراو ١٩٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە.
بنیامین نەتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکان بۆسە کەرتی غەززە توانراوە، جموجۆڵ و توانا لۆجستییەکانی بزوتنەوە حەماس لە ناوچەکە سنورداربکەن و موشەکەکانیان لەتونێلەکاندا کردووەتە ئامانج.
بنیامین نەتانیاھۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئۆپراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، بەڵام ھێشتا ئەو سەرکەوتنە لەلای بزوتنەوەی حەماس و رای گشتییەوە درکی پێنەکراوە.
وتیشی حەماس گورزی کوشندەی بەرکەوتووە، بە تایبەتی توانراوە دەیان تونیل و کۆگای مووشەکی ئەو بزوتنەوەیە لەناو ببرێن.