وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەکات
کوردسات نیوز
٢١ی ئایاری ٢٠٢١
واشنتۆن رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چەند رۆژی داھاتودا بەرەو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ دەکەوێت، ئەویش دوای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس رازی بون بە ئاگربەستی نێوانیان لە غەززە.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، بلینکن بە تەلەفون پەیوەندیی بە ھاوتا ئیسرائیلیەکەی گابی ئەشکینازیەوە کردوە و ئەشکینازی لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی بلینکن بۆ ناوچەکە دەربڕیوە.
لەو سەردانەیدا بلینکن لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی ناوچەکەدا کۆدەبێتەوە و رێگەکانی ھێورکردنەوەی رەوشەکەیان لە کەرتی غەززە لەگەڵدا تاوتوێ دەکات لەپێناو بەدیێنانی داھاتویەکی باشتر بۆ ئیسرائیل و فەلەستینیەکان.