وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ھەموو ئاستەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە دابنێن و نێردەی ئەمریکاش بۆ ناوچەکە لە کۆبونەوەی بەردەوامدایە لەگەڵ ھەردوو لایەنی ئیسرائیلی و فەڵەستینی بۆ ئەوەی بگەنە ئاگربەست.
ھاوکات جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندوە، پێویستە بە زوترین کات ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەندرێت و پاریسیش لە ھەماھەنگیدایە لەگەڵ میسر و ئوردن بۆ ئەوەی ھاوکاری مرۆیی بەپەلە بگەیەننە غەززە.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک بۆردومانی تری بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدا و بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان بەھۆی ئەو بۆردومانانەوە ١١ فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی تریش برینداربوون، بەو شێوەیەش کۆی گشتی ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین بۆ ٢٢٨ بەرزبووەتەوە کە ٦٥یان منداڵن.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی ئالۆزییەکانەوە، چوار ھەزار و ٧٠ موشەک لە کەرتی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستەکراوە و ٦١٠یان لەناو غەززە کەوتونەتە خوارەوە، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، رێژەی سەرکەوتنی سیستمی بەرگری کڵاوەی ئاسنین گەیشتووەتە لە سەدا ٩٠.
لەلایەکی تریشەوە ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا ئیسرائیلییەکەی رایگەیاند، پشتگیری ئەو ھەوڵە نێودەوڵەتییانە دەکەن کە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ھەیە.
ھەروەھا پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ ئیسرائیل دوپاتکردەوە و رایگەیاند، حەماس بە بێ جیاکاری موشەک دەھاوێژێت.
دامەزراوەی تایبەتی حکومەتی ڕووسیا، بۆ ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی چەک ئاشکرایکرد، لە نێوان مانگی تشرینی یەکەم تاکو کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، یەکەمین پارچەی سیستمی بەرگری ئاسمانی "ئێس ٤٠٠"، بە ھیندستان دەفرۆشن و لە ئێستاشدا تیمە تەکنیکییەکانی ھیندستان، لە ڕووسیا سەرقاڵی ڕاھێنانن لەسەر چۆنیەتی کارپێکردنی سیستمەکە.
ساڵی ٢٠١٨ ڕووسیا و ھیندستان، ڕێککەوتنێکیان بۆ فرۆشتنی پێنج پارچەی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠، بە ھیندستان بە بڕی ٥.٤٣ ملیار دۆلار ئیمزا کرد و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤یش، سەرجەم پارچەکانی ئێس ٤٠٠ دەگاتە ھیندستان.
ئێس ٤٠٠، سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی ڕووسیایە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، ساڵی ٢٠١٩ش بەھۆی کڕینی ئەو سیستمە لە ڕووسیا، ناکۆکی گەورە لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و ناتۆ دروستبوو.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی ڕەوشی غەززە و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل کۆبووەوە و ڕیاز مالیکی وەزیری دەرەوەی فەڵەسین ڕایگەیاند، ئیسڕائیل بە چەکی پێشکەوتوو غەززە دەکاتە ئامانج و پێویستە ھێرشەکان ڕابگیرێن.
ھاوکات "جەلعاد ئیردان" نوێنەری ھەمیشەیی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کاتی بۆردومانەکانیان ھەموو ھەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەی مەدەنییەکانی فەڵەستین نەبنە قوربانی.
وتیشی، لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا بزوتنەوەی حەماس، ٤ ھەزار مووشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.
لەلایەکی ترەوە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەردەوامە و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسڕ، بە تەلەفۆن جەختیان لە بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست کردەوە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران دەڵێت، لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤییەنادا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی و ئەمریکا ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر لابردنی سزا سەرەکییەکانی سەر وڵاتەکەی.
وتیشی، لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر وردەکارییەکان و لابردنی سزاکان بە ھەنگاوێکی مەزن دادەنرێت.
نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە ژمارەیان ٢٧ وڵاتە، ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیازێکی کۆمسیۆنی ئەوروپا نیشانداوە سەبارەت بە سووککردنی ڕێوشوێنە توندەکانی سەر ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن، بە مەرجێک گەشتیارەکانی دەرەوەی یەکێتییەکە ڤاکسینیان وەرگرتبێت، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داھاتوودا پێشنیازەکە ببێتە بڕیار و جێبەجێ بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داھاتوودا لیستێکی نوێ بە ناوی ئەو وڵاتانەوە دەربکرێت کە وەک قۆناغی یەکەم ڕێگە بە گەشتیارەکانیان دەدرێت سەردانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بکەن، ئەو وڵاتانەش بریتین لە ئوسترالیا، ئیسڕائیل، نیوزلەندا، ڕواندا، سەنگافور، کۆریای باشوور، تایلاند و چین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڵاویکردەوە، بە مەبەستی لەناوبردنی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی فراوانیان لە ڕیفی دێرە زوور دەستپێکردووە.
باس لەوەشکراوە، لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا دوابەدوای شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پاشماوەکانی داعش، ژمارەیەک تیرۆریست دەستگیر کراون.
لە سەرەتای ئەمساڵدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ھێزەکانی سوریای دیموکرات، چەندین ئۆپراسیۆنیان لە دژی پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لە ڕیفی دێرەزوور و حەسەکە، ئەنجامداوە.
ئیدارەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لە کۆی (٤٠) بەندکراو لە گرتووخانەی گوانتانامۆ، (جۆو بایدن) بڕیاریداوە بە ئازادکردنی (٣) بەندکراویان کە بە ڕەچەڵەک پاکستانین.
یەکێک لە پارێزەری ئازادکراوەکانیش ڕایگەیاندووە، بایدن بڕیارەکەی دەرکردووە و لیژنەی باڵای کۆشکی سپیش پەسەندی دەکات، دواتر ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام حکومەتی ئیسلام ئاباد ڕەتیکردووەتەوە ئەو سێ ھاوڵاتییەی وەربگرێتەوە کە لە گوانتانامۆ بە بڕیاری بایدن ئازاد کراون.
چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی ئاشکرایانکرد، ڕەشنووسی ڕاگەیەنراوێک کە لەلایەن چین و تونس و نەرویژەوە ئامادەکراوە و دابەشکراوە بەسەر ھەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندکردنی، لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە.
بە وتەی دیپلۆماتکاران، لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی پشێوییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین ئامادەکراوە تیایدا داوای ڕاگرتنی بە پەلەی شەڕ کراوە و ڕەخنەشی لە ھەردوولا گرتووە، بەڵام بەھۆی ئاماژە نەکردن بە ھێرشە مووشەکییەکانی حەماس لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە.
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، لە سەرەتاکانی ئەم مانگە کۆنگرێس لە ڕێککەوتنی فرۆشتنی چەک بە ئیسڕائیل ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام دیموکراتییەکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نیگەرانن لەو ڕێککەوتنە و دەڵێن، جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بە بێ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان "ئیسڕائیل و فەلەستین" تەنھا شەڕ و ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئیدارەکەی ئەمریکا داوای ئاگربەستی لە نێوان "حەماس و ئیسڕائیل" کردووە لە ھەمان کاتدا ڕایگەیاندووە کە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری بکات لە دژی ئەو مووشەکانەی لە کەرتی "غەززە"ەوە ئاڕاستەی دەکرێن.
لای خۆشیەوە، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی تورکیا لەسەر ئەو ڕێککەوتنە وتی، "بایدن" لەو شەڕەدا بە دەستی خوێناوی مێژوو دەنوسێتەوە وەک چۆن پشتگیری لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان کرد.