کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی ڕەوشی غەززە و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل کۆبووەوە و ڕیاز مالیکی وەزیری دەرەوەی فەڵەسین ڕایگەیاند، ئیسڕائیل بە چەکی پێشکەوتوو غەززە دەکاتە ئامانج و پێویستە ھێرشەکان ڕابگیرێن.


ھاوکات "جەلعاد ئیردان" نوێنەری ھەمیشەیی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کاتی بۆردومانەکانیان ھەموو ھەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەی مەدەنییەکانی فەڵەستین نەبنە قوربانی.


وتیشی، لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا بزوتنەوەی حەماس، ٤ ھەزار مووشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.


لەلایەکی ترەوە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەردەوامە و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسڕ، بە تەلەفۆن جەختیان لە بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست کردەوە.