دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە ھێرشی زەمینی لە غەززە دەستپێکردووە، دوای دوو سەعات لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕەتیکردەوە ھێزی زەمینی ڕەوانەی غەززە کردبێت و ھۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵەشی بۆ گرفتێک لە پەیوەندی ناوخۆدا گەڕاندەوە.
لە لایەکی تریشەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد وەک ڕێزێک بۆ جەژن، بە زووترین کات ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و توندوتیژییەکان لە نێوان غەززە و ئیسڕائیل ڕابگیرێت بۆ ئەوەی چیتر مەدەنیەکان نەبنە قوربانیی. لە بەردەوامیی ئالۆزییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە.
بە پێی ئامارەکان لە بەردەوامی بۆردومانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان بۆ ٨٣ کەس بەرزبۆوە و ٧ کەسیش لە ئیسرائلییەکان کوژراون و ٤٨٧ کەسیش برینداربوون، وەزارەتی ناوخۆی سەر بە بزووتنەوەی "حەماس"یش رایگەیاند، لە بۆردوومانێکی "ئیسرائیل"دا بە مووشەک بارەگای دەزگای ئەمنی ناوخۆی شاری "رەفح" کراوەتە ئامانج.
سەرەرای ئەوەی "بنیامین ناتانیاھۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نێوەندگیری وڵاتانی رەتکردەوە بۆ کۆتایھێنان بەگرژییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ فەڵەستین، بەڵام میسر وەفدێکی ئەمنی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە بۆ ئەوەی لەماوەی ٢٤ سەعاتدا لەگەڵ ئەمریکا ئاگربەستی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە رابگەیەنن.
لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیای لۆفتھانزا"ی ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ "ئیسرائیل" راگرت. ھاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەیەکدا شکستی ھێنا لە دەرکردنی راگەیەندراوێک بۆ راگرتنی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
ھاوکات ئیسرائیل بە درێژایی سنورەکانی لەگەڵ کەرتی "غەززە" تانکی بڵاوکردووەتەوە و لە کەرتی "غەزە"شەوە ١٠٠ موشەک ئاڕاستەی "ئیسرائیل" کرا.
تا ئێستا ژمارەی کوژراوانی فەلەستین بۆ ٨٣ کەس بەرزبووەوە و لە بەرامبەردا ٧ ئیسرائیلی کوژراون، میسڕ و ئەمریکاش ھەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ نێوەندگیری و ڕاگرتنی شەڕەکە.
ھەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنەکەیان لە ناوچەی وادی "عەجیج" لە باکوری خۆرھەڵاتی "دێرەزوور" کۆتایی ھات و توانیان ١٢ حەشارگەی تیرۆرستان لە سنوری نێوان عێراق و سوریا لەناوببەن، چەند ڕێگەیەکیشیان دۆزیوەتەوە کە تیرۆریستان بۆ ھاتووچۆ و چوونە عێراق بەکاریان دەھێنا.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی ھەسەدە، ئۆپراسیۆنەکەیان ٤ ڕۆژی خایاندووە و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتگیری ئۆپراسیۆنە وشکانی و ئاسمانییەکانیان کردووە و چەند بۆردوومانێکیان لە ڕێی مووشەکەوە بۆ سەر چەند مۆڵگەیەکی تیرۆریستانی داعش ئەنجامداوە.
بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆ سەر کەرتی "غەزە" ئەنجامدا، کە بەھێزترین بوون لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە و بارەگای دەزگای ئەمنی سەر بە "حەماس" کرایە ئامانج و بارەگای سەرەکی پۆلیسی بزووتنەوەکەش خاپور کرا.
ھاوکات بزووتنەوەی "حەماس" نزیکەی ٢٠٠ مووشەکی ئاڕاستەی شارەکانی "ئیسرائیل" کردووە. بەپێی وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش، ٣٥ کەس کە لە نێویاندا ١٠ منداڵ و ژن ھەیە کوژراون و ٢٢٠ کەسی تریش برینداربوون.
لە چوارچێوەی کاردانەوەکانیشدا، "تور وینسلاند" نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پێکدادانەکان جەنگێکی گشتگیری لێدەکەوێتەوە.
بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات، کە دەبێتە سێیەمین کۆبوونەوە لە ماوەی ٣ رۆژدا و بە داخراویی و لەسەر داوای "تونس و نەرویژ و چین" دەبێت.
"دۆناڵد ترامپ" سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا وتی، لە سەردەمی "جۆ بایدن" ناسەقامگیری لە جیھان زیاتر بووە، چونکە لاوازی "بایدن" و پشتگیری نەکردنی "ئیسرائیل" پەلاماری زیاتری بۆ سەر ھاوپەیمانەکانیان لێدەکەوێتەوە.
ھاوکات "موقتەدا سەدر" سەرۆکی رەوتی سەدر پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی فەلەستین ئەنجامدا و پشتیوانی بۆ دەربڕین.
بە پێی ڕاپرسییەکی ناوەندی "ئەسۆشیەیتد پرێس" و ناوەندی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی "شیکاگۆ"، ٦٣٪ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی "بایدن" ڕازین و ئەو ڕێژەیەش ٢ خاڵ بەراورد بە ڕاپرسییەک لە مانگی ئاداری ڕابردوو زیادی کردووە.
ھاوکات ٥٤٪ی ئەمریکییەکان پێیانوایە وڵاتەکەیان بە ئاڕاستەیەکی ڕاست دەڕوات و ٤٤٪یشیان پێیانوایە کە ئەو ڕێگەیەی وڵاتەکەیان گرتوویەتیە بەر ڕاست نییە، ئەو ٥٤٪ی ئەمریکییەکانیش کە گەشبینین بە داھاتووی وڵاتەکەیان بەرزترین ڕێژەیە کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تۆمار کرابێت.
ھاوکات ٧١٪ی ئەمریکییەکان کە ٤٧٪یان کۆمارییەکان بوون، ڕەزامەندی خۆیان دەربڕیوە لە ھەوڵەکانی "بایدن" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ٥٧٪یش مامەڵەکردنی سەرۆکەکەیان لەگەڵ بواری ئابوری لا پەسەند بووە، بەڵام ٤٩٪ ئەمریکییەکان دژی مامەڵەی "بایدن"ن لەسەر بابەتی چەک و ٥٤٪یش لەسەر پرسی کۆچ ناڕازین.
لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و تا شەممەی ھەفتەی داھاتوو، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران کرایەوە، کە ١٨ی مانگی داھاتوو ھەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت، بە پێی ئەو مەرجانەی کە ئەنجومەنی نوسینەوەی دەستووری ئێران دیاریکردووە، ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات، دەبێت تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت.
ھاوکات بەھۆی مەرجە یاساییەکان حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، مافی خۆکاندیدکردنەوەی نابێت، چونکە دوو خولی یەک لە دوای یەکە سەرۆکایەتی ئێران دەکات.
بەرێوەچوونی ئەم ھەڵبژاردنەی ئێران، ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانی نێوان وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ڤییەنا و ئەگەرێک بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو ڕێککەوتننامەکە دروستبووە، بە تایبەت دوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆو بایدن.
میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند، ڕووداوێکی تەقەکردن لە خوێندنگەیەکی شاری "قازان" ڕوویداوە و بەھۆیەوە ٧ خوێندکار و مامۆستایەک کوژران و ٢١ی تریش برینداربوون، ڕێکاری ئەمنیش لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی ئەو شارە گیراوەتەبەر.
بە پێی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیاش تەقەکەرێک دەستگیرکراوە و فڕۆکەی تایبەت دەنێرن بۆ گەیاندنی ھاوکاری بە بریندارەکان.
کۆشکی "کرملین"یش ڕایگەیاند، وەزیرانی تەندروستی و پەروەدەی ڕووسیا سەردانی ئەو شارە دەکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە دەبن.
"ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیاش سەرباری دەربڕینی ھاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان، جەختی کردەوە لە گرنگی توندکردنی ڕێکارەکانی بەکارھێنانی چەک.
شاری "قازان" دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ڕووسیا و یەکێکە لە گەورەترین شارە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە.
"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی "یاھو نیوز" لەسەر کوژرانی "قاسم سولەیمانی" ڕایگەیاند، ڕەوتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوشتنی "سولەیمانی" لە دەزگای دادی ئێران وناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دانوستانی دوو لایەنەی سیاسی و یاسایی و ئەمنی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامە.
وتیشی،ھەڵسەنگاندن بۆ زۆربەی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە لە بارەی ئەو ڕووداوەوە بڵاودەکرێنەوە و ھەر کەسێک ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە ھەر وڵاتێک دەستی لە کوشتنی "سولەیمانی" ھەبوبێت، سزا دەدرێن.
ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس" لە زاری لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکردوە ، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و لە دوای وەرگرتنی وتەی ئەو کەسانەی لە کەشتیەکەدا بون ، دەرکەوتوە کە ئەو کەشتیە پر لە چەکەی لە دەریای عەرەب دەستی بەسەردا گیرا لە ئێرانەوە چەکی بۆ حوسییەکانی یەمەن گواستۆتەوە .
ڕۆژی یەکشەممە ھێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عەرەبدا دەستی بەسەر کەشتییەکی پر لە چەکدا گرت کە بەرەو یەمەن ئاراستەکرابوو . بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ھێزی دەریایی ئەمریکا ، کەشتییەکە چەندین جۆر چەکی تێدابووە وەک کڵاشینکۆف و موشەک ھاوێژ و نیشانەشکێن .
ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: ھێزەکانیان بە بەشداری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆژی یەک شەممە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و سەربازیی فراوانیان لەناوچەی دۆڵی عەجیج لە ریفی دێرەزوور، دەستپێکردووە.
بە پێی راگەیاندراوەکەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە، لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعشە لەناوچەکەداو رێگرتنە لە جموجۆڵەکانیان لەسەر سنووری ھاوبەشی نێوان عێراق و سوریا. باس لەوەشکراوە: ئۆپراسیۆنە ئەمنیی و سەربازییەکە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆتایی مانگی ئاداری رابردوش، ھێزەکانی ئاسایش کە لەلایەن ھەسەدە پشتیوانی دەکرێت، ھەڵمەتێکی ئەمنییان لە کامپی ھۆل لە باکووری سوریا، ئەنجامداو بەدەیان تیرۆریستی داعشیان لەناوچەکەدا، دەستگیر کردبوو.