بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆ سەر کەرتی "غەزە" ئەنجامدا، کە بەھێزترین بوون لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە و بارەگای دەزگای ئەمنی سەر بە "حەماس" کرایە ئامانج و بارەگای سەرەکی پۆلیسی بزووتنەوەکەش خاپور کرا. 


ھاوکات بزووتنەوەی "حەماس" نزیکەی ٢٠٠ مووشەکی ئاڕاستەی شارەکانی "ئیسرائیل" کردووە. بەپێی وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش، ٣٥ کەس کە لە نێویاندا ١٠ منداڵ و ژن ھەیە کوژراون و ٢٢٠ کەسی تریش برینداربوون. 


لە چوارچێوەی کاردانەوەکانیشدا، "تور وینسلاند" نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پێکدادانەکان جەنگێکی گشتگیری لێدەکەوێتەوە. 


بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات، کە دەبێتە سێیەمین کۆبوونەوە لە ماوەی ٣ رۆژدا و بە داخراویی و لەسەر داوای "تونس و نەرویژ و چین" دەبێت. 


"دۆناڵد ترامپ" سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا وتی، لە سەردەمی "جۆ بایدن" ناسەقامگیری لە جیھان زیاتر بووە، چونکە لاوازی "بایدن" و پشتگیری نەکردنی "ئیسرائیل" پەلاماری زیاتری بۆ سەر ھاوپەیمانەکانیان لێدەکەوێتەوە.   


ھاوکات "موقتەدا سەدر" سەرۆکی رەوتی سەدر پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی فەلەستین ئەنجامدا و پشتیوانی بۆ دەربڕین.