بەهۆی دواكەوتنی موچەی مانگی 10ەوە، بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە.

پەیامنێری كورسات نیوز رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان راگەیەندراوە و فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەڵێن، تا موچە دابەشنەكرێت ناچنەوە دەوام.

وتیشی، لەو فەرمانگانەی دەوام دەكرێت كاتەكانی كاركردن و ژمارەی فەرمانبەران بە تەواوەتی كەمكراوەتەوە، هەروەها بەشێك لە مامۆستایانیش سەرەڕای بایكۆت بەشداری تاقیكردنەوەی خوێندكارانیان كردووە.

موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ماوەی 47 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا بەغداد ماوەی چەند رۆژێكە 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێم 235 ملیار دینار كورتهێنانەوە ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی موچەی مانگی 10ی پێ بدرێت، هەربۆیە نازانرێت كەی موچەی مانگی 10 دابەشدەكرێت.