ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی یەکی مەشق و ڕاهێنانی بنەڕەتی لە لیوای ٧١٣ بەڕێوەچوو و تیایدا ۱۰۱ پێشمەرگەی بەشداربوو لە خولەکە بۆ ماوەی مانگێک مەشق و ڕاهێنانیان پێکرا و وانە سەربازیەکانیان وەرگرت.
لەم خولەدا ١٠١ پێشمەرگە ئاشنا کران بە دسپلین و بنەما بنەڕەتیەکانی سەربازی و چۆنێتی بەکارهێنانی چەک بەشێوەیەکی دروست، جگە لە چەندین مەشق و ڕاهێنانی جەستەیی و وانەی سەربازی دیکە.
لەوبارەیەوە عەمیدی مافپەروەر "یاسین مەولود عەوڵا" فەرماندەی لیوای ٧١٣ هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایان و ڕاهێنەران و ئەفسەران و سەرپەرشتیارانی خولەکەی بەرز نرخاند و دەست خۆشی لێکردن لەپای بەڕێوەبردنی خولەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو، هەروەها پیرۆزبایی لە پێشمەرگە بەشداربووەکانی خولەکە کرد کە توانیان سەرکەوتوانە تەواوی قۆناغەکانی خولەکە ببڕن و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆخواستن.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا خەڵات بەخشرایە ڕاهێنەر و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی خولەکە و بڕوانامەی سەرکەوتن بەخشرایە تەواوی بەشداربووانی خولەکە، دواتر بە چەند چالاکی و نمایشێکی سەربازی کۆتایی بەڕێوڕەسمەکە هات.