سوپای ئیسڕائیل ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕەتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
١٤ی ئایاری ٢٠٢١
دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە ھێرشی زەمینی لە غەززە دەستپێکردووە، دوای دوو سەعات لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕەتیکردەوە ھێزی زەمینی ڕەوانەی غەززە کردبێت و ھۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵەشی بۆ گرفتێک لە پەیوەندی ناوخۆدا گەڕاندەوە.
لە لایەکی تریشەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد وەک ڕێزێک بۆ جەژن، بە زووترین کات ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و توندوتیژییەکان لە نێوان غەززە و ئیسڕائیل ڕابگیرێت بۆ ئەوەی چیتر مەدەنیەکان نەبنە قوربانیی. لە بەردەوامیی ئالۆزییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە.