شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس، سەدان مووشەکیان ئاراستەی یەکتر کرد، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٢٧٠ مووشەکیان لە کەرتی غەززەوە ئاراستەکراوە، بەھۆیەوە دوو کەس کوژراون و دەیانی تریش برینداربوون، کە برینی بەشێکیان سەختە، ھاوکات ئیسرائیل گەڕەکەکانی" خان یونس و رەفح و شوجاعیە" و چەندین پێگە و ماڵی سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسی لە کەرتی غەززە کردەئ امانج، سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، ھەفتەی رابردوو دووجار شکستیانھێناوە لە کوشتنی " محەمەد زەییف سەرکردەی حەماس" لە کەرتی غەززە.
ھاوکات سەرۆکانی فەرەنسا و میسر و پاشای ئوردن، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوە و لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن ئەوانیش، راگرتنی بۆردومانی مووشەکەکان و راگەیاندنی ئاگربەست و سەرپەرشتیکردنی ئەم دۆسێیە، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە.
تائێستا بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە، ٢١٨ کەس گیانیان لە دەستداوە، کە ٧٠ کەسیان منداڵن و ھەزار و ٥٠٠ کەسیش برینداربوون.