دامەزراوەی تایبەتی حکومەتی ڕووسیا، بۆ ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی چەک ئاشکرایکرد، لە نێوان مانگی تشرینی یەکەم تاکو کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، یەکەمین پارچەی سیستمی بەرگری ئاسمانی "ئێس ٤٠٠"، بە ھیندستان دەفرۆشن و لە ئێستاشدا تیمە تەکنیکییەکانی ھیندستان، لە ڕووسیا سەرقاڵی ڕاھێنانن لەسەر چۆنیەتی کارپێکردنی سیستمەکە.


ساڵی ٢٠١٨ ڕووسیا و ھیندستان، ڕێککەوتنێکیان بۆ فرۆشتنی پێنج پارچەی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠، بە ھیندستان بە بڕی ٥.٤٣ ملیار دۆلار ئیمزا کرد و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤یش، سەرجەم پارچەکانی ئێس ٤٠٠ دەگاتە ھیندستان.


ئێس ٤٠٠، سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی ڕووسیایە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، ساڵی ٢٠١٩ش بەھۆی کڕینی ئەو سیستمە لە ڕووسیا، ناکۆکی گەورە لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و ناتۆ دروستبوو.