وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ھەموو ئاستەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە دابنێن و نێردەی ئەمریکاش بۆ ناوچەکە لە کۆبونەوەی بەردەوامدایە لەگەڵ ھەردوو لایەنی ئیسرائیلی و فەڵەستینی بۆ ئەوەی بگەنە ئاگربەست.

ھاوکات جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندوە، پێویستە بە زوترین کات ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەندرێت و پاریسیش لە ھەماھەنگیدایە لەگەڵ میسر و ئوردن بۆ ئەوەی ھاوکاری مرۆیی بەپەلە بگەیەننە غەززە. 

 

لەسەر ئاستی مەیدانیش، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک بۆردومانی تری بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدا و بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان بەھۆی ئەو بۆردومانانەوە ١١ فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی تریش برینداربوون، بەو شێوەیەش کۆی گشتی ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین بۆ ٢٢٨ بەرزبووەتەوە کە ٦٥یان منداڵن.