ترەمپ لە رێوڕەسمێکدا لە ھاوینەھەواری مارالاگۆ، بەڕەسمی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەمریکا کاندیدکردەوە و لەوتەیەکدا رایگەیاند، دوو ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا نەتەوەیەکی مەزن بوو، لە دوو ساڵی داھاتووشدا جارێکی تر مەزن دەبێتەوە، رەخنەی توندیشی لە جۆ بایدن گرت و تۆمەتباریکرد بە بەرپرسیاریەتی بەجێھێشتنی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان.
ترەمپ کە سێیەمجارە دەچێتە رکابەرییەکانی گەیشتن بە کۆشکی سپی جارێکی تر گاڵتەی بە تەندروستی بایدن کردو بەڵێنیدا رێگەی پێنەدات چوار ساڵی تر سەرۆکایەتی ئەمریکا بکات.
لەکاردانەوەیەکیشدا بایدن لە تویتەری خۆی ڤیدیۆیەکی بە ناوی (ترەمپ شکستی بە ئەمریکا ھێنا) بڵاوکردەوە، کە تیایدا باس لەوەدەکات لە میانی سەرۆکایەتی ترەمپدا ئابوری ساختە بۆ بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکان بوو، پەلاماردانی سیستمی تەندروستی درا و ھانی توندوتیژی درا لەپێناو بردنەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠.
"ئەردۆغان" لە کۆتا رۆژی لوتکەی جی ٢٠ لە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان لە سنورەکانی سوریا دوای تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ھەموو رێکارێکی گرنگ و پێویست دەگرنەبەر.
وتیشی، ھیچ داھاتوویەک بۆ تیرۆریستان لە نیشتمانەکەیان نییە و بەردەوامدەبن لە ستراتیژییەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر لە رەگەوە، داواشی لە وڵاتان کردن پشتیوانیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان رابگرن.
ئەندریە دودا سەرۆکی پۆڵەندا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەمکاتەدا ھیچ بەڵگەیەکیان نییە بیسەلمینێت مووشەکە لە چ وڵاتێکەوە ئاڕاستەکراوە، بەڵام ئەگەری زۆرە مووشەکەکە دروستکراوی روسیا بێت.
وتیشی، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە و بەڵێنی پێداوە پسپۆڕانی ئەمریکی رەوانە بکات بۆ ھاوکاریکردنیان لە لێکۆڵینەوەکاندا.
ھاوکات نوێنەری پۆڵەندا لە ھاوپەیمانی ناتۆ لە میانی کۆبوونەوەی بەپەلەی نوێنەرانی ھاوپەیمانێتییەکە داوایکرد، ب پێی ماددەی ٤ی پەیماننامەی ناتۆ راوێژی بەپەلە بکرێت.
ھەروەھا لە پەراوێزی لوتکەی جی ٢٠ لە ئیندۆنیزیا، سەرکردەکانی کەنەدا و ئەنجومەن و کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئەمریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ژاپۆن و ھۆڵەندا و ئیسپانیا کۆبوونەوە و ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکانی روسیایان بۆ سەر ئۆکراین کرد، بڕیاریشیاندا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئاشکراکردنی لایەنی بەرپرس لە ئاڕاستەکردنی ئەو مووشەکەی لەسەر سنوری پۆلەندا و ئۆکراین کەوتەخوارەوەو بەھۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستدا.
بەیانی ئەمڕۆ لە ناوەندی کێنیدی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکاوە، ئەو کەشتییە ئاسمانییە رەوانەی سەر مانگ کرا، گەشتەکە ماوەی نزیکەی شەش ھەفتە دەخایەنێت و دواتر دەگەڕێتەوە سەر زەوی.
بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئاژانسی گەردووناسی ئەمریکا "ناسا"، درێژیی کەشتییە ئاسمانییەکە ھێندەی بینایەکی ٣٢ قاتە و ھیچ کەشتیوانێکی تێدا نییە.
رەوانەکردنی ئەو کەشتییە ئاسمانییە کە بە ئارتیمیس یەک ناسراوە، گەورەترین پڕۆژەیە کە ناسا ئەنجامی بدات لە ساڵی ١٩٦٩ەوە، ئەو کاتەی پڕۆژەی ستارون(پێنچ)ی راگەیاند و یەکەمین مرۆڤ لەسەر مانگ نیشتەوە، دووجاریش لە ھەڵدانی ئەو کەشتییە بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە شکستیھێنا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ( سەنتەری شاھد) بۆ توێژینەوەی فڕۆکەوانی سەربە سوپای پاسداران و گروپی ڤاگنەری پشتیوانیکراو لەلایەن روسیا و کۆمپانیایەکی تر کە بارەگاکەی لە ئیماراتە، لەگەڵ دوو کەسایەتی تر کە پەیوەستن بە گرووپی ڤاگنەر خراونەتە لیستی سزا نوێیەکان.
جانیت یلین وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا رۆڵی ئەو کۆمپانیا و کەسایەتییانەی ئاشکراکردووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران دەگوازنەوە بۆ روسیا بە مەبەستی بەکارھێنانی لە ھێرشکردنە سەر ئۆکراین .
سەرکردەکانی لوتکەی جی ٢٠ لە راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، زۆرینەی ئامادەبووان ئیدانەی جەنگی ئۆکراینیان کرد، بەڵام رای جیاوازیش لەو بارەیەوە ھەبووە.
جەختیشیانکردەوە لە گرنگی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رایانگەیاند، ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن روسیاوە قبوڵکراو نییە. ھەروەھا پێشوازییان لە دەستپێشخەری ھەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەش کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا روونیشیان کردووەتەوە، چاودێری ھەوڵەکان دەکەن بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما نەگەنە سەروو ١.٥ پلەی سیلیزی.
لوتکەی جی ٢٠ لە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوو، دوو رۆژی خایاند و سەرکردەکانی جیھان وتارەکانیان پێشکەش کرد.
"ئەردۆغان" لە کۆتا رۆژی لوتکەی جی ٢٠ لە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان لەسە سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ھەموو رێکارێکی گرنگ و پێویست دەگرنەبەر.
وتیشی، ھیچ داھاتوویەک بۆ تیرۆریستان لە نیشتمانەکەیان نییە و بەردەوام دەبن لە ستراتیژییەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر لە رەگەوە، بۆیە تیرۆریستان ناتوانن لەو داھاتوو ئازاربەخشەی چاوەڕێیانە رزگاریانبێت.
"ئەردۆغان" داوای لەو لایەنانەش کرد کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن پشتیوانییەکانیان رابگرن، چونکە دەبنە ھاوبەشی ھەموو خوێن رشتنێک.
یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا داوایکرد بۆردومانەکان بۆ سەر خاکی عێراق رابگیرێن، چونکە پێشلکارییە بۆ سەر سەروەری و سەلامەتی ھەرێمیی. ھەروەھا پشتیوانی تەواوی خۆشی بۆ حکومەت و گەلی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی بۆردومانەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان کرد، کە بەھۆیەوە قوربانی لێکەوتووەتەوە.
وتیشی، ئەو بۆردومانانە ھێرشن بۆ سەر سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشە لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دروستدەکات، بۆیە پێویستە رابگیرێن.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا داواشیکرد رێز لە سەروەری عێراق و ئاسایشی خاکەکەی بگیرێت و پابەندی خۆشیان بۆ سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
رۆژی دووشەممە ئێران جارێکی دیکە بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی لە کۆیە و زرگوێز بۆردومان کرد و بەھۆیەوە دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکرات گیانیانلەدەستدا و ھەشتی تریش برینداربوون و ھاووڵاتییەکی کۆیەش کە نەخۆشی دڵی ھەبوو بەھۆی بۆردومانەکەوە گیانی لەدەستدا.
مارکۆ مێندینچینۆ وەزیری ئاسایشی کەنەدا رایگەیاند، گەشتکردنی لێپرسراوە سەربازییەکانی ئێران بۆ وڵاتەکەی قەدەغەکراوە.
وتیشی، کەنەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە حکومەتێک دەزانێت کە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدات.
وەزیری ئاسایشی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سزایانەی تاوەکو ئێستا کەنەدا بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوویەتی توندترین سزاکانن، ئەوەش لە چوارچێوەی ھەوڵەکانیانە بۆ لێپرسینەوە لە کارەکانی لێپرسراوەکانی تاران.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی ئێران ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر تاران بێ ھودەن.
راشیگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە سوودوەرگرتن لە ئەزمونەکانی خۆی کە لە بەرەنگاربوونەوەی سزاکاندا ھەیەتی رێوشوێنی کاریگەر لەبەرامبەر ئەو ھەنگاوەی یەکێتی ئەوروپادا دەگرێتەبەر.
سەرۆکی ئۆکراین لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، روسیا پێش ھاتنی وەرزی زستان ھەموو ژێرخانی مرۆیی شاری خێرسۆن و دەوروبەری وێرانکرد و ئێستا لەو شارە کارەبا و پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت نییە،
وتیشی، کۆنترۆڵکردنەوەی خێرسۆن لەلایەن سوپای ئۆکراینەوە، سەرەتای کۆتاییھاتنی جەنگی روسیا و ئۆکراینە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی راشیگەیاند، ئێستا کاتی کۆتاییھاتنی جەنگە و ئۆکرانیش دەیەوێت بۆ رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس دەستبەجێ جەنگ کۆتایی بێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت ئەو ئامانجە بەدەستبھێنێت.
لە رۆژی ٢٤ی شوباتی ئەمساڵەوە، روسیا ھێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە و دەیان شاری ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵکردووە، بەڵام چەند مانگێکە سوپای ئۆکراین بە کۆمەکی وڵاتانی رۆژئاوا دەستی بە پێشڕەوی کردووە و ژمارەیەک ناوچەی کۆنترۆڵکردووەتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە، ھێزەکانیان ھیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە نیە و تۆمەتبارکردنی ھێزەکانیان بە تێوەگلان لە تەقینەوەکە رەتدەکەنەوەو سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیا دەکەن.
ھەروەھا ناوەندی پاراستنی گەل ھەپەگە رایگەیاند،ھیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ نیە و ئەوان راستەوخۆ کەسانی مەدەنی ناکەنە ئامانج و ھەر چالاکییەک کەسانی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناکەن.
راشیگەیاندوە، دەوڵەتی تورکیا بۆ گۆڕینی وێنەی خۆی پیلانێکی قێزەونی ئەنجامدا و بە ئامانجگرتنی کۆبانێ نیازی پشت پیلانەکە بوو ، ھەوڵەکانیان بۆ ناساندنی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە وەک کورد یا سوری ناتوانن راستییەکان بشارنەو ئامانجەکەیان بەدی نایەت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە زیندانی ئێدرناوە رایگەیاند، بەبێ گوێدانە مەبەست و پاساوی رووداوەکە، ھەر ھێرشێک ھاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج لە ڕووی یاسایی، سیاسی، ئەخلاقی و ویژدانییەوە تیرۆرە، ئەوانیش ھەرگیز قبوڵی ناکەن.
راشیگەیاند، ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکات کە بە ئاشکرا ھاووڵاتیانی بێتاوانی لە شەقامی ئیستقلال لە ئیستەبنوڵ کردە ئامانج.
میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردووەتەوە، بەھۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێران بە تایبەتیش بەھۆی پشتیوانیکردنی ئەوروپا لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە و راگرتنی دانووستانە ئەتۆمییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، لە شاری برۆکسل کۆببنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کۆبووەتەوە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران و ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە لە دژی خۆپیشاندەران بەکاردەھێنرێت.
لە بەرامبەریشدا ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا ھیچ کاریگەرییەکیان لەسەر وڵاتەکەی نابێت، بەڵام لێدوانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا کە وتویەتی پشتیوانی لە سزادانی ئێران دەکات و کۆبوونەوەی سەرۆکی فەڕەنساش لەگەڵ نەیارانی ئێران، دوو بابەتن تاران لە بیریان ناکات و بەدەستوەردانی راستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی ئێرانی دەزانن.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەمساڵ ٤٠ ھەزار و ٨٨٥ کۆچبەری نایاسایی کەناڵی ئینگلیزیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندووە، کە زۆربەیان خەڵکی ئەلبانیا و ئێران و ئەفغانستانن، ئامارەکەش لە ساڵی رابردوو زۆر بەرزترە، بەوپێیەی لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٢٨ ھەزار کۆچبەر ئەو کەناڵەیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندبوو.
ھەر بەپێی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٣٠٠ کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە بۆ زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە ٨٤٦٦ کۆچبەر.
ھاوکات "ریشی سوناک" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاندووە، سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکی نوێن لەگەڵ "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ٢٩ کەسایەتی و سێ قەوارەی ئێرانی خراونەتە لیستی سزاکانەوە، کەلە نێویاندا وەزیری ناوخۆ و تەلەفزیۆنی رەسمی ھەیە.
جۆزێب بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و لە پاڵ گەلی ئێراندا دەبێت و پشتیوانی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکات.
ھاوکات بەریتانیا، سزای بەسەر بەرپرسانی ئێرانی تێوەگلاو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا سەپاند، لە نێو سزادراوەکانیشدا وەزیری تەکنەلۆژیا و گروپێک لە بەرپرسانی ئەمنی ھەیە.
جیمس کلیفرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، لەگەڵ ھاوبەشەکانیان پەیامێکی روونیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووەو پێویستە توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران کۆتاییان بێت و رێز لە ئازادی رادەربڕین بگیرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش پێشوازی لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران کردوو بە پێویستی سزانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بەبێ سزا تێنەپەڕێت.