وێب سایتی زە ڤێرج تۆمارێکی ئلیۆنی مەسکی دەست کەوتووە کە دەڵێت "دەبێت بری قازانجمان لە بری خەرجییەکانمان زیاتر بکەین، تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەو کارە بکەین، ئەگەر کارەکانمان راست نەکەینەوە دوورنییە مایەپووچ ببین".
لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکە ئیلیۆن مەسک ئاماژەی بەوەداوە کەوا پێویستییان بە یەک ملیار بەکارھێنەری تویتەر ھەیە ، لە پێناوی بەدیھێنانی ئەو ئامانجەدا، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن وەھا بکەین خەڵک ببنە بەکارھێنەری تۆری تویتەر، ھەشت ملیار مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی دەژین ، ئەگەر کەمتر لە یەک ملیار بەکارھێنەری تویتەر لە جیھاندا بوونی ھەبێت ئەوا پشکی قازانجمان زۆر کەم دەبێت.
دامەزراوەی ئەدیسۆن ریسێرچ بڵاویکردەوە، لە ھەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس، کۆمارییەکان تا ئێستا ٤٩ کورسی و دیموکراتەکان ٤٨ کورسی ئەنجومەنی پیرانیان بەدەستھێناوە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی دەنگەکانی ھەرسێ ویلایەتی جۆرجیا و ئەریزۆنا و نیڤادا دەکرێت بۆ دەرکەوتنی لایەنی باڵادەست لە ئەنجومەنەکەدا.
لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا، کۆمارییەکان بەرەو یەکلاکردنەوەی زۆرینە دەچن و تا ئێستا لە کۆی ٤٣٥ کورسی ئەنجومەنەکە ٢١١ کورسییان بەدەستھێناوە و حەوت کورسییان پێویستە ببنە زۆرینە، دیموکراتەکانیش ٢٠٩ کورسییان ھەیە.
لە ھەڵبژاردنی ویلایەتی جۆرجیا کاندیدی ھەردوو پارتەکە بۆ ئەنجومەنی پیران نەیانتوانیوە ٥٠٪ زیاتری دەنگەکان بەدەستبھێنن و بڕیاردراوە لە ٦ی مانگی داھاتوو دەنگدان دووبارە بکرێتەوە.
لای خۆشییەوە جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بووە و ئەنجامەکەی قبوڵ دەکەن.
(ستیڤانی ترمبلای) لە نوسینگەی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوا لە سەرجەم لایەنە ناکۆکەکانی سوریا دەکات دانبەخۆیاندا بگرن و دووربکەونەوە لە ئاڵۆزکردنی رەوشەکە، جارێکی تریش جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستی راگرتنی شەڕ لە سەرتاسەری وڵاتەکە بە پێی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش.
نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکانیش بڵاویکردەوە، بەھۆی تۆپباران و ھێرشی ئاسمانیی گروپەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ سەر چەند کەمپ و ناوچەیەک لە ریفی ئیدلبی رۆژئاوا، لانی کەم ٩ کەس کوژراون و ٢٧ی تریش برینداربوون کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، دیموکراسی وڵاتەکەی روبەروی تاقیکردنەوە بووەتەوە، وتیشی، نیازی ئەوەی ھەیە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندیدبکاتەوە، بەڵام چاوەڕوانی کاتێکی گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی بڕیاری کۆتایی.
ھەروەھا بایدن، دڵنیاییدا لەوەی کاردەکات لەپێناوی ئەوەی ڕێگری بکات لە دووبارە گەڕانەوەی دۆنالد ترامپ بۆ کۆشکی سپی.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، تەواوی توانای خۆی دەخاتەگەڕ لەپێناوی دووبارە یەکخستنەوەی وڵاتەکەی و ئامادەشە لەگەڵ کۆمارییەکاندا کاربکات لەپێناوی گەرنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
(حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان) وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەر نوسیویەتی، ھەڵوێستی ئیستیفزازی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات بەڵگەیەک نیە بۆ پێگەیشتوویی و دانایی ، رونیشیکردەوە، وێرانکردنی پەیوەندییە مێژوییەکان کاریگەری دوورمەودای دەبێت.
(عەبدوڵاھیان) پەیامێکی ئاراستەی ھاوتا ئەڵمانییەکەی کرد و رایگەیاند، بەرلین دەتوانێت لە نێوان ھەماھەنگی بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان و رووبەرووبوونەوە یەکێکیان ھەڵبژێرێت، کاردانەوەشیان گونجاو و یەکلاکەرەوە دەبێت.
پێشتر (ئەنالینا بیربوک) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتەر رایگەیاندبوو، یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات ھەفتەی داھاتوو سزای نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، بەھۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داھاتوو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە "برۆکسل" کۆببنەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووشدا یەکێتی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە ١١ لێپرسراوی باڵای وڵاتەکەی گرتەوە و لە نێویاندا وەزیری پەیوەندییەکان ھەبوو.
نوسینگەی جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، دوای ھەوڵێکی چڕی دیپلۆماسی، دەسەڵاتدارانی ئێران ھاووڵاتیەکی وڵاتەکەیان بەناوی ( ئەلیسیا پپیرنۆ) تەمەن ٣٠ ساڵ ئازادکردووە کە لە کۆتایی مانگی ئەیلولی رابردوودا لەگەڵ ٩ بیانی تر بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستگیرکرابوو.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا دەستگیرکردنی دووەم ھاووڵاتی وڵاتەکەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا راگەیاند. ئاماژەی بەوەشکرد، ھەوڵە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران دەستپێکردووە بۆ ئازادکردنیان.
وەزیری دەرەوەی سوید لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ھاوتا ئەڵمانییەکەی لە بەرلین، ئاماژەی بەوەکرد، سەردانی رۆژی دووشەممەی رابردووی (ئۆلف کریسترسۆن) سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا دەریخست ھێشتا زۆر پرس ماوە لە نێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆی لەسەر بکرێت سەبارەت بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات، بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی پەیوەست بەناوەرۆکی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان تورکیا و سوید و فینلەندا ئیمزاکراوە و سوید ئامادەیە داواکارییە یاسایی و رێکخراوەییەکانی بە ئەندامبوون جێبەجێبکات.
ھەرچەندە پێشتر میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە بەھۆی ھێرشەکەوە ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، لە ھێرشەکەدا ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.
میدیا عیراقییەکان راشیانگەیاندبوو، ئەو بارھەڵگرانەی شەوی سێشەممە بە ئامانجگیراون، ھەڵگری بڕێک سوتەمەنی ئێران بوون تاوەکو بیگوازنەوە بۆ لوبنان، بەڵام رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ دەڵێت، بەشێک لە بارھەڵگرەکان ھەڵگری چەک و تەقەمەنی بوون.
پێشتر ئەمریکا ئەنجامدانی ئەو ھێرشەی رەتکردووەتەوە و تا ئێستاش بەرپرسانی ئیسرائیل ھیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، ھێزەکانی پۆلیس لە ناوچەی (ئاڵتنداغ) لە ئەنقەرە تەرمی پێنج کەسیان لەنێو ماڵێکدا دۆزیوەتەوە کە کۆچبەری ئەفغانین.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئاگادارکرانەویان، ھێزەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ئەو پێنج کەسە ماوەی ھەفتەیەکە گیانیان لەدەستداوە و پێدەچێت بە چەقۆ ھێرشیان کرابێتەسەر.
چەند رۆژ پێش ئێستاش لە قەزای (یڵدرم)ی سەر بە پارێزگای بورسای تورکیا، ئاگر لە باڵەخانەیەک کەوتەوە و بەھۆیەوە ژنێک و ھەشت منداڵ کە کۆچبەری سوری بوون گیانیان لەدەستدا.
(ئەمیر عەلی حاجی زادە) فەرماندەی ھێزە ئاسمانی سوپای پاسداران رایگەیاند، تاران توانیویەتی موشەکی ھایپەرسۆنیک بەرھەمبھێنێت کە دەتوانێت سیستمە بەرگرییەکان تێبپەڕێنێت. وتیشی، ئەو موشەکە سیستەمی دژە موشەکییەکانی دوژمن دەکاتە ئامانج و ھەنگاوێکی گەورەیە لە بواری بەرھەمھێنانی موشەکدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕوایەدانییە تا دەیان ساڵی دیکە سیستمێکی بەرگری بەرھەمبھێندرێت کە بتوانێت رووبەڕووی موشەکە نوێیەکەی ئێران ببێتەوە.
موشەکی ھایپەرسۆنیک ھاوشێوەی موشەکە بالیستییەکان توانای ھەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی ھەیە و خێراییەکەی ٢٥ ھێندەی خێرایی دەنگە.
تائێستاش تەنھا وڵاتانی ئەمریکا و روسیا و چین ئاشکرایانکردووە کە خاوەنی ئەو جۆرە موشەکەن.
ناوەندی مافی مرۆڤی ھرانا بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتانەی بەدەستیان گەیشتووە، لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ٣٢٨ کەس بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون کە ٥٠یان منداڵ و کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵن، ھاوکات ٣٨ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانیش لە گرژی و ئاڵۆزییەکاندا کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا لە ١٣٧ شار و ١٣٦ زانکۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە حکومەتی ئێران ئەنجام دراوە.
سندوقەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە زۆرینەی ویلایەتەکانی ئەمریکا داخران.
بەپێی جیاکردنەوەی دەنگەکان و ئەنجامە سەرەتاییەکان، تائێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆمارییەکان ١٧٦ کورسی و دیموکراتەکان ١٤٠ کورسییان بەدەستھێناوە.
لە ئەنجومەنی پیرانیش، کۆمارییەکان ٤٦ کورسی و دیموکراتەکان ٤٧ کورسییان بەدەستھێناوە و لایەنی براوە پێویستی بە ٥١ کورسی ئەنجومەنەکە ھەیە.
لە ھەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێسی ئەمریکا، ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ٣٥ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی ئەنجومەنی پیران کە دەکاتە یەک لەسەر سێی ئەنجومەنەکە نوێ دەکرێتەوە. ھەروەھا حاکمی ٣٦ ویلایەتیش ھەڵدەبژێرێن.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو ئاگر لە بینایەکی چوار نھۆمی لە گەڕەکی "غازی عوسمان" لە پارێزگای بۆرسەی تورکیا کەوتووە، بەھۆیەوە نۆ کەس گیانیانلەدەستداوە کە پەنابەری سورین و ھەشتیان منداڵن، کە دایکێک و شەش منداڵ و دوو منداڵی خزمیانن، باوکیشیان رزگارکراوە.
چەند کەسێکی تریش بەھۆی دوکەڵ و ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ھاوکات رووداوەکە زیانی ماددی زۆری ھەبووە.
کۆشکی سپیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، باری لەناکاوی نیشتمانی تایبەت بە ئێران بۆ ماوەی یەک ساڵی تر درێژ دەکەنەوە، راشیگەیاند، ئەو بارە لەناکاوە لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩وە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە.
لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩، بە بڕیاری جیمی کارتەر سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا و دوای تەنھا ١٠ رۆژ لە سووتانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دەستگیرکردنی ژمارەیەک دیبلۆماتکاری ئەو وڵاتە، واشنتۆن باری لەناکاوی بەسەر تاراندا سەپاند و سەرجەم سامانەکانی حکومەتی تارانی لە ئەمریکا بلۆککرد.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەوشەی ئێستا، دانوستان لەگەڵ کیێڤ بکات.
وتیشی، ئەوان ھەرگیز دانوستانیان رەتنەکردووەتەوە و گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەھۆی وەڵامنەدانەوە پێشنیارەکانی روسیا لەلایەن ئۆکراین راگیراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازیی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بۆ ئۆکراین، کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەسەر ئامادەیی کیێڤ بۆ دانوستان.
دادگای سزای ئاسڵیەی چوارەمینی ئامەد بە تۆمەتی بانگەشەی سوکایەتی بە حکومەت و دەوڵەت سزای پێنج مانگ زیندانی بەسەر سڕی سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" سەپاند.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ھەدەپە مافی پارێزبەندی لێسەنرایەوە و دەستگیرکرا، بە پاساوی ئەوەی لە وتەکانیدا لەبەردەم دادوەر ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ئیدارەی ئەردۆغان جێگەی گومانە و ئەوەش بە سوکایەتی بە سەرۆک کۆمار لەقەڵەمدرا.