سوپای کۆریای باکوور لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھیچ شێوەیەک چەک یاخود مووشەکیان نەگواستووەتەوە بۆ روسیا و ھیچ پلانێکیشیان بۆ کارێکی لەوشێوەیە نییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو، زانیارییان بەدەستگەیشتووە سەبارەت بەوەی کۆریای باکوور بە نھێنی ژمارەیەک مووشەک بۆ روسیا دابیندەکات بۆ ئەوەی لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاریبھێنێت.
پێشتریش پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەوەی خستبووەڕوو، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی بەدەستیانگەیشتووە، روسیا لە ھەوڵی ئەوەدایە کە چەک و ھاوکاری سەربازی لە ھەریەکە لە وڵاتانی ئێران و کۆریای باکوور وەربگرێت.
ھانس کڵەوگ بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئەوروپا رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو ئامارانەی تاکو ئێستا پێیان گەیشتوون، ئەمساڵ لانیکەم ١٥ ھەزار کەس لە ئەوروپا بەھۆی شەپۆلەکانی گەرماوە گیانیانلەدەستداوە.
راشیگەیاند، لەو ١٥ ھەزار کەسە، چوار ھەزار کەسیان لە ئیسپانیا و چوار ھەزار و ٥٠٠ کەسیان لە ئەڵمانیا و زیاتر لە سێ ھەزار و ٢٠٠ کەسیان لە بەریتانیا و زیاتر لە ھەزار کەسیان لە پرتوگال بوون، حکومەتی ئیسپانیاش رایگەیاندووە، مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، گەرمترین مانگ بووە لە وڵاتەکە لە دوای ساڵی ١٩٦١وە.
ئاشکرابوونی ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، بەھۆی جەنگی روسیا و ئۆکراین و ھەڕەشەکانی روسیا بۆ راگرتنی ھەناردەکردنی گاز، وڵاتانی ئەوروپا لە بەردەم مەترسیی زستانێکی سەختدان.
بنیامین ناتانیاھۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی پارتە ئایینیەکان و پارتە راستڕەوەکان کۆبووەوە و تاوتوێی مەرجەکانی ئەو لایەنانەیان لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە حکومەتی نوێ کرد.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، ناتانیاھۆ بە سەرۆکی ئەو حزبانەی وتووە، کە دەیەوێت کابینەی حکومەتەکەی لە یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئیسرائیل کە بڕیاروایە ١٥ی ئەم مانگە کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت، پێشکەش بکات.
لە لایەکی ترەوە، یائیر لاپید سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لە توتێکدا رایگەیاند، ھیچ ئەگەرێک نییە بۆ ئەوەی بەشداری لە حکومەتێک بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاھۆ بکەن، بەڵام دەجەنگن بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەنەوە بە دەسەڵات.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاھۆ بە بەدەستھێنانی ٣٢ کورسی زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە، بەڵام بۆ پێکھێنانی حکومەت پێویستی بە ھاوپەیمانێتی ھەیە.
رێکخراوی پزیشکانی بێسنور لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی "لە نێوان دوو ئاگردا" رایگەیاند، منداڵانی کەمپی ھۆل لە ژیانێکی زۆر خراپدان بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و چاودێری تەندروستی و زیادبوونی توندوتیژی.
وتیشی، منداڵان لە ٦٤%ی دانیشتووانی کەمپەکە پێکدەھێنن و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە چەندین منداڵ بەھۆی نەبوونی چاودێری تەندروستی پێویستەوە گیانیانلەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکانی پزیشکانی بێسنور، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧٩ منداڵ لە کەمپی ھۆل گیانیانلەدەستداوە و منداڵان ٣٥%ی گیانلەدەستدانەکانی ئەو کەمپە پێکدەھێنن.
کەمپی ھۆڵ زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەسوکاری داعشی تێدا دەژی، نزیکەی نیوەیان عێراقین و ١١ ھەزار کەسی تری لە ٦٠ وڵاتی جیھانەوە تێدایە.
موحسین حاجی سەعید سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی رێبەرانی گەشتیاریی ئێران رایگەیاند، چەند گەشتیارێکی بیانی کە تەنھا وێنەی رووداوەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەیان گرتووە لەلایەن ھێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکراون.
موحسین حاجی سەعید نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، مەرج نییە ھەر گەشتیارێک کە لە شوێنێکی ھەڵەدا بینرا سیخوڕی بکات.
پێشتریش ئیتڵاعاتی ئێران باسی لەوەکردبوو، نۆ گەشتیاری بیانیان دەستگیرکردووە کە بە رەچەڵەک خەڵکی وڵاتانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ھۆڵەندا و سوید بوون.
مانگیرانەکە بە تەواوەتی لە ناوچەکانی ئەمریکای باکور و ئاسیا و ئوسترالیا و زەریای ھادی بەدیدەکرێت، بەڵام لە ئەفریقا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی ئەوروپا زۆر بە کەمی ھەستی پێدەکرێت.
زانایانی ناسا رایانگەیاندووە، مانگەکە بە رەنگی پرتەقاڵی بەرەو سوری خوێنی دەردەکەوێت و لە لوتکەی مانگیرانەدا مانگ لە دووری ٣٩٠ ھەزار و ٦٥٣ کیلۆمەترەوە دەبێت.
ئەمە دووەمین جارە لەمساڵدا مانگیران روودەدات، یەکەم جار لە مانگی ئایاردا بووە و تا ساڵی ٢٠٢٥یش جارێکی تر مانگیرانی تەواوەتی رووناداتەوە.
مانگیران کاتێک روودەدات کە زەوی دەکەوێتە نێوان خۆر و مانگ، واتە ھەریەک لە مانگ و زەوی و خۆر دەکەونە سەر یەک ھێڵی راست.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران، پاپای ڤاتیکان وەڵامێکی راستەوخۆی نەدایەوە و بە شێوەیەکی گشتی ئیدانەی مامەڵەی بەشێک لە وڵاتانی کرد لەگەڵ ژنان، کە وەک ھاووڵاتی پلە دوو سەیر دەکرێن.
وتیشی، ھەر کۆمەڵگەیەک بەشداری کردنی ژنان لە بوارەکانی ژیاندا سنوردار بکات، کۆمەڵگەیەکی تەواو نییە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی جیھانیی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا (کوب٢٧) گەیشتووەتە میسر و بڕیارە وتارێکیش لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا لەسەر عێراق پێشکەش بکات.
روانگەی عێراقی سەوز تایبەت بە ژینگە و کەشوھەوا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەشداریکردنی د.لەتیف رەشید لەو کۆنگرەیە ھەنگاوێکی گرنگە داواشی لێکردوە بەرەسمی داواکارییەک پێشکەش بکات بۆئەوەی کۆنگرەی جیھانیی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە داھاتوودا لە بەغداد بکرێت.
ئەمڕۆش دووەم رۆژی ٢٧ەمین لوتکەی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە شەرم شێخ لە میسر بەڕێوەدەچێت و تا ١٨ی ئەم مانگە دەخایەنێت و بڕیاریشە ئەمڕۆ ژمارەیەک لەسەرکردەکانی جیھان وتار پێشکەش بکەن.
سەرۆکایەتی فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ٢٨ی تشرینی یەکەم تا ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، دوو ھەزار و ١٠٦ کۆچبەری نایاساییان لەسەرتاسەری وڵات دیپۆرتکردووەتەوە، لەوانەش ٩٧٩ کۆچبەریان ئەفغانی بوون و ١١٦ پاکستانی و ھەزار و ١١ کۆچبەریش ھاووڵاتی وڵاتانی تر بوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەو رێککارە توندانەی لە سنوورەکان گیراونەتەبەر، لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستا ٢٤٦ ھەزار و ١٠٧ کۆچبەری نایاسایی رێگریان لێکراوە بچنە تورکیا. ھەروەھا ٥ ھەزار و ٣١٧ کۆچبەریش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون.
رۆژنامەکە ئاشکرای نەکردووە کەی ئەمریکا ئەو فڕۆکانەی بە ئاڕاستەی ئێران رەوانە کردووە بەڵام رایگەیاندووە، ئەوە ئاماژەیەکە بۆ گرنگی و بەھێزی ھاوبەشی نێوان ئەمریکا و سعودیە.
راشیگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە ھەواڵگرییەکان سەبارەت بە ئامادەکاری ئێران بۆ ھێرشی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر سعودیە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکی فڕۆکەی جەنگی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی بە ئاڕاستەی ئێران.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، سعودیە زانیاری ھەواڵگیری داوە بە ئەمریکا، سەبارەت بەوەی کە ئێران بە نیازە ھێرشی بکاتەسەر.
لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا بە ئەنقەست ئامادەکاری دەکەن لە دژی ئێران و پاساوی نابەجێ دەھێننەوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھێزەکانی پاراستنی گەل"ھەپەگە"رایگەیاند، رۆژی شەممە لە ھەرێمی زاپ چوار سەربازی سوپای تورکیا کوژراون، ھەروەھا ٢٧ جاریش بە فڕۆکە و سێ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو ھێرشیان کراوەتەسەر.
ھاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی"چنگ -ھەورەتریشقە"دوو سەربازی سوپای تورکیا برینداربوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاندوە، ماوەی چەند ساڵێکە کێشە و گرفتی زۆر لە بەریتانیا سەریانھەڵداوە بەتایبەتیش لاوازبوونی کەرتی ئابوری کە بووەتەھۆی بەرزبونەوەی باج و نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەی ھاوڵاتیان و نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ئێستای بەریتانیا ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان، بەڵام بۆئەوەی راستگۆ بن لەگەڵ ھاوڵاتیانیان، بەڵێنی ئەوە نادەن ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەن، جەختیشیکردەوە، سەرەتا ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیانی بەریتانیاوە ھەیە.
ڤۆڵکێر تورک کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ھەرچەندە لەمساڵانەی دواییدا کوشتنی رۆژنامەنووسان کەمبووەتەوە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، ٩٥٨ رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیھاندا کوژراون، کە ئەو ژمارەیەش جێگەی قبوڵکردن نییە، کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان راشیگەیاند، لە ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ھەزار رۆژنامەنووس رووبەرووی زیندانیکردن بوونەتەوە و ٦٤ رۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن.
ھاوکات رێکخراوی یۆرۆمێد بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە لە ناویاندا عێراق و سوریا و میسر ھەن، لە مەترسیدارین وڵاتەکانن بۆ کارکردنی رۆژنامەنووسان.
بایدن لە میانی ھەڵمەتەکانی بانگەی ھەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس کە ٨ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، لە شیکاگۆ قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و گەشبینی خۆی پیشاندا بە سەرکەوتنی دیموکراتەکان، ھاوکات ھۆشداریدا لە سەرکەوتنی کۆمارییەکان و رایگەیاند، ئەگەر لە کۆنگرێس شکست بھێنن دوو ساڵی سەخت لەبەردەمیاندا دەبێت.
ھەروەھا بایدن دڵخۆشی خۆی پیشاندا کە وەک سەرۆک مافی ڤیتۆی ھەیە و دەتوانێت لە داھاتوودا ئاستەنگ بۆ ھەر یاسایەک دروستبکات کە کۆمارییەکان پەسەندی دەکەن، جەختیشی کردەوە، دیموکراسییەت لەبەردەم مەترسیدایە.
ئەردۆغان لە دیدارێکدا لەگەڵ (یەنس ستۆڵتنبێرگ) ئەمینداری گشتی ناتۆ لە ئەنقەرە دووپاتیکردەوە، ھەماھەنگی و وادەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ھاوپەیمانی ناتۆ ئەو ھەنگاوانە دیاری دەکەن کە پێویستە ھەردوو ولات بیانگرنەبەر.
جەختیشی کردەوە، تاوەکو ھەردوو وڵات مەرجەکانی تورکیا جێبەجێنەکەن نابنە ئەندامی ناتۆ.
تورکیا ھەردوو وڵات تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی داواکراوان و لە مانگی ئایاری رابردوەوە ئاستەنگی بۆ بەئەندامبوونی ھەردوو وڵات لە ناتۆ دروستکردوە و بڕیاریشە رۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیرانی سوید سەردانی ئەنقەرە بکات .
ئیلینا لوبۆڤ راوێژکاری ئابوری باڵیۆزخانەی روسیا لە بەغداد رایگەیاند، بەغداد و مۆسکۆ سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئیمزاکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ھەماھەنگی ھەردوو وڵات لەبواری بەکارھێنانی ئاشتیانەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ناپەیوەست بە وزە.
وتیشی، ھەردوو وڵات تاوتوێی ھەماھەنگی لە بواری خوێندن دەکەن بەتایبەت وەرگرتنی خوێندکارانی عێراق لە زانکۆ تایبەتمەندەکانی روسیا.
عێراق لە ساڵی ١٩٧٥ رێککەوتنێکی لە بواری بەکارھێنانی وزەی ئەتۆم لەگەڵ روسیا ئیمزاکردووە و دەیەوێت لەسەر بنەمای ھەمان رێککەوتندانوستانەکانیان بۆ بونیادنانی ھاوبەشی لە بواری ئەتۆمیدا دەستپێبکەنەوە.