رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی شاری سنە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی چوارشەممە بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
ھاوکات شەوی رابردوو، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوام بووە.
لە شاری مھاباد خەڵک بە دروشمی ھەتا کوردێک بمێنێت، کوردستانیش دەمێنێت خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. ھەروەھا رێگەی ترانزێتی بۆکان بۆ میانداواو لەلایەن خەڵکی بۆکانەوە داخرا.
ھاوکات عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لە یادی بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتکارانی ئەمریکا وتی، ئەمریکا ھۆکارە بۆ دروستبوونی پشێوی و ئاژاوە لە ئێران.
پۆلیسی ئێرانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە گرتە ڤیدیۆیەک دەکەن، کە دەردەکەوێت ژمارەیەک ھێزی ئەمنی لە خۆپیشاندەرێک دەدەن لە "تاران"ی پایتەخت و دواتر تەقەی لێدەکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش رایگەیاند، دوای نزیکەی دوو مانگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی تری ئێران، تائێستا لانیکەم ٢٧٧ کەس کوژراون کە ٤٠ منداڵ و ٢٤ ژنیان تێدایە.
ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیاش رایگەیاند، داوایانکردووە ئۆکراین ھێرش ئەنجامنەدات وەک ئەوەی کردیە سەر بەندەری "سیڤاستوپول" کە بنکەی سەربازی دەریایی روسیایە لەسەر دەریای رەش.
وتیشی، مۆسکۆ داوای لە ئۆکراین کردووە گرەنتیان بدەنێ بۆ ئەوەی رێڕەوە مرۆییەکان نەکەنە ئامانج، لە ئەگەری ھەر پێشێلکارییەکیش لەلایەن ئۆکراینەوە مافی کشانەوەیان لە رێککەوتنی دانەوێڵە ھەیە.
لای خۆشیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ھەناردەی دانەوێڵە لە کەناراوەکانی ئۆکراینەوە دەستیپێکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی روسیا داوای گەرەنتی کرد بۆ پاراستنی کەشتییەکانی لە رێڕەوی دەریای تایبەت بە ھەناردەکردن.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش رایگەیاند، لە دوای دستپێکردنەوەی ھەناردەی دانەوێڵە، شەش کەشتی ھەڵگری دانەوێڵە بەندەرەکانی ئۆکراینیان بەجێھێشتووە.
عومران خان سەرۆکی ( پارتی ئینساف) لە میانی بەشداریکردنی لە رێپێوانێکی لایەنگرانی حزبەکەی کە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دژی حکومەت بەڕێگاوە بوو بەرەو ئیسلام ئاباد، لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا و عومران خان و سێ پاسەوانی برینداربوون، دواتریش عومران خانی تەمەن ٧٠ ساڵ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری لاھور و باری تەندروستی جێگیرە.
لای خۆشییەوە شەھباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئیدانەی رووداوەکەی کرد و داوای لە وەزیری ناوخۆ کرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەستپێبکات.
میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، ئەو کەسەی تەقەی لە عومران خان کردووە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دانی بەوەداناوە کارەکەی سەربەخۆ کردووە و ویستوویەتی عومران خان بکوژێت لەبەرئەوەی خەڵک چەواشە دەکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی سعودیەوە ئاشکرایکردووە، ئێران ئامادەکاری دەکات تاکو بەمنزیکانە ھێرش بکاتە سەر ھەولێر و سعودیە وەک ھەوڵێک بۆ لابردنی سەرنجەکان لەسەر خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی. لەبەرامبەریشدا سعودیە و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دراوسێ ئاستی ئامادەباشی سەربازییان بەرزکردووەتەوە.
باسی لەوەشکردوە، ئێران بە کردەوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول بە دەیان مووشەک و فرۆکەی بۆمبرێژکراو ھێرشی کردە سەر ھەرێمی کوردستان ، فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاش یەکێک لە فرۆکەکانیان خستە خوارەوە کە بەرەو بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەولێر ئاراستە کرابوو.
جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا ھەست بە نیگەرانی دەکات لەبارەی ھەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر سعودیە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ریاز.
وتیشی، ئەوان نیگەرانن لە دیمەنی ھەڕەشە و لە رێگەی کەناڵە ھەواڵگری و سەربازییەکان لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ سعودیە و دوو دڵ نابن لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان و ھاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا.
بە پێی راپرسی سێ تۆڕی میدیایی ئیسرائیل کە لەگەڵ دەنگدەران ئەنجامیانداوە، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاھۆ بە تەنھا ٣١ بۆ ٣٢ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی کنێست بەدەستدەھێنێت و کۆی کورسییەکانی ھاوپەیمانی راستڕەو دەگاتە ٦١ بۆ ٦٢ کورسی، ئەو ژمارەش بەسە بۆ پێکھێنانی حکومەت.
ناتانیاھۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکان قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و رایگەیاند، ئەوان لە بەردەم سەرکەوتنێکی گەورەدان و دەنگێکی زۆریان کۆکردووەتەوە بۆ وەرگرتنی متمانە، بەڵێنیشیدا حکومەتێکی نیشتمانی کە گرنگی بە ھەمووان بدات پێکبھێنێت و جارێکی تر ئاسایش و ھێز و دانایی بۆ ئیسرائیل بگێڕێتەوە.
دوای ئەوەی کۆریای باکور ١٠ مووشەکی ھەڵداو یەکێک لە مووشەکەکان بەدووری ٦٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کۆریای باشور کەوتەخوارەوە، سوپای کۆریای باشور رایگەیاند، لە مانۆڕێکدا سێ مووشەکی زەوی بە ئاسمانی لە دەریاوە و لە نزیک سنوری جیاکەرەوەی باکور ھەڵداوە.
رونیشیکردەوە، مانۆڕەکە دەرخستنی ئامادەباشی سیئۆلە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر شەڕانگێزییەک.
"شون فریزەر" وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە سیاسەتی پێشوازیکردن لە پەنابەران بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ و ھەوڵی راکێشانی یەک ملیۆن و ٤٥٠ ھەزار پەنابەر دەدەن، کە ٤٦٥ ھەزاریان مافی پەنابەری ھەمیشەییان لە ساڵی ٢٠٢٣ پێدەدرێت و ٤٨٥ ھەزاریان لە ساڵی ٢٠٢٤ و ٥٠٠ ھەزاریش لە ساڵی ٢٠٢٥ مافی مانەوەی ھەمیشەییان پێدەدرێت.
وەزیری کۆچی کەنەدا رایگەیاند، رێژەی پیری و خانەنشینی لە وڵاتەکە زۆر زیادیکردووە و دەستی کار کەمبووەتەوە، بۆیە پێویستیان بە پەنابەری زیاترە بۆ پڕکردنەوەی ھێزی کار و ھاوسەنگ کردنەوەی دانیشتووان.
زۆرینەی ئەو پەنابەرانەی دەگەنە کەنەدا، لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاوەن، بەپێی ئامارە رەسمییەکانی حکومەتی وڵاتەکەش، ٢٣%ی دانیشتووانی کەنەدا پەنابەرن.
پێشبینیشدەکرێت لە ماوەی دوو دەیەی داھاتوودا پەنابەران ٢٩% بۆ ٣٤%ی دانیشتووانی کەنەدا پێکبھێنن، ئەگەر سیاسەتی کۆچ بەو شێوەیە بەردەوام بێت.
کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری ئەمریکایە و تێیدا دوایین پێشھاتەکانی خۆپیشاندانەکان و ئاماری کوژراوان و رفاندن و دەستگیرکردن و پێشێلکاری و توندوتیژییەکان تاوتوێدەکرێن.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکان، تاێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون و ھەزاران کەسیش دەستگیرکراون.
(رۆبەرت جینریک) وەزیری کۆچی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (بی بی سی) رایگەیاند، لەئێستاوە بەدوای توندترین بژاردەدا دەگەڕێن تاکو بیانکە یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، ھەر کۆچبەرێکیش بەھۆکاری ئابوری روو لە وڵاتەکەیان دەکات دیپۆرتی دەکەنەوە تاکو کەسانی تریش سڵ بکەنەوە لە رووکردنە بەریتانیا.
وتیشی، ناکرێت وڵاتەکەیان وەک فاکتەرێکی سەرنجراکێش بمێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی بەھۆکاری ئابوری کۆچ دەکەن.
بەپێی داتاکانی حکومەتی بەریتانیا لەمساڵدا ٤٠ ھەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچوک لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
سەبارەت بەو داتایەش سویلا براڤرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لێشاوی کۆچبەرانی بۆ کەناراوەکانی باشوری ئینگلتەرا بە داگیرکاری ناوبرد. وتیشی، رۆژانە حکومەت ٧.٨ ملیۆن دۆلار بۆ داڵدەدانی کۆچبەران خەرجدەکات.
ئەمە چوارەمین جارە کە جەزائیر میوانداری ئەو لوتکەیە بکات و ١٧ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی بەشداری تێدا دەکەن و لەژێر ناونیشانی "یەکگرتنەوە" بەڕێوەدەچێت.
ھاوکات لە یەکەم سەردانی رەسمیدا بۆ دەرەوەی وڵات، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری وەفدێک گەیشتە جەزائیر و لە فڕۆکەخانەی "بومدین" لەلایەن عەبدولمەجید تەبون سەرۆک کۆماری جەزائیر و ئەحمەد ئەبوغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی پێشوازی لێکرا.
بڕیاریشە ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک لەبارەی کۆی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێشکەش بکات و ئاماژە بە پلان و بەرنامەکانی حکومەتی نوێی عێراق بکات.
٣١مین لوتکەی وڵاتانی عەرەبی بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢٠ ببەسترێت، بەڵام بەھۆی پەتای کۆرۆناوە دواخراوە.
گرنگترین ترەوەرەکانیش بریتی دەبن لە کێشەی فەڵەستین و قەیرانەکانی سوریا و یەمەن و لیبیا و لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراین و قەیرانی وزە، ھەروەھا دەستوەردانەکانی تورکیا و ئێران و چاکسازی لە کۆمکاری عەرەبی.
"پوتن" پەیامێکی ئاڕاستەی سەرکردە بەشداربووەکان لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە جەزائیر کرد و رایگەیاند، جیھان روبەڕووی گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری گرنگ بووەتەوە، دروستکردنی سیستمێکی فرە جەمسەریش لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و رێزگرتن لە بەرژەوەندییە گشتییەکان دەبێت.
پوتن جەختیشیکردەوە، لە گرنگی رۆڵی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، کە نیوەی ژمارەی دانیشتووانەکانیان نیو ملیار کەس دەبێت، ئەوەش رۆڵی گەورەی لە گۆڕانکاری جیھان ھەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سزاکان ئەو کەسایەتی و دامەزراوە ئەمریکییەکانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە (مامەڵەکردن دژ بە مافەکانی مرۆڤ، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران، ھاندانی کردەی توندوتیژی و کردەی تیرۆریستی لە ئێران.
لە سزاکاندا جگە لە کەسایەتییە پلە باڵاکانی وەک (مایکل کوریلا) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، (گریگۆری گیلۆت) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و (والی ئادێیمۆ) جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و (ئیسکات دسۆرمیکس) فەرماندەی بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە ھەولێر و ھێزی نۆیەمی ئاسمانی و دەزگای ھەواڵگری "CIA"ی ئەمریکا و پاسەوانی نیشتمانیی خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێدانی ڤیزا لەو کەسانە قەدەغەدەکرێت کە ناویان لە لیستی سزاکاندا ھاتووە، ھەروەھا دەستبەسەر موڵک و سامانی داراییاندا دەگیرێت و ھەژمارە بانکییەکانیان بلۆک دەکرێت.
لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەیی روسیا و سەرۆکەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستان سەبارەت بە ئۆکراین نەگۆڕاوە و ھەمیشە ئامادەن گوێ لە ھاوبەشە رۆژئاواییەکانیان بگرن بە ئامانجی نەھێشتنی ئاڵۆزییەکان، لەبەرئەوە ئەگەر پێشنیازی گونجاویان ئاراستە بکرێت کە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و رێزگرتن لە بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا بێت و بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری مامناوەند و بەدیھێنانی ھاوسەنگی بێت لەنێوان بەرژەوەندی سەرجەم وڵاتان بەدڵنیایی لەگەڵی دەبن.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاند، مەرجی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ روسیا ئەوەیە ئەو وڵاتە ھێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ سنوری ساڵی ١٩٩١.
میدیاکانی ھندستان بڵاویانکردوەتەوە، بەھۆی رووخانی پردە ھەڵواسراوەکەی شاری موربی لە ھندستان، زیاتر لە ١٤٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و سەدان کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن و زۆربەی ئەو کەسانەشی گیانیانلەدەستداوە ژن و منداڵن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای چەند مانگێک لە نۆژەنکردنەوەی پردەکە، لەکاتی ئاھەنگی دووبارەکردنەوەی پردەکەدا ئەو رووداوە رویداوە و بەپێی زانیارییەکانیش لەو کاتەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس لەسەر پردەکە بوون کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیان تێدا بووە و تائێستاش تەنھا ٨٠ کەس رزگارکراون.
پردی ھەڵواسراوی موربی لە ھندستان مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی بەریتانییەکان لەو وڵاتە کە ٢٣٣ مەتر بەرزە و درێژییەکەشی ھەزار و ٥٠٠ مەترە.
کۆبوونەوەکە تایبەتە بەو تۆمەتانەی روسیا ئاڕاستەی ئۆکراینی کردووە سەبارەت بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتییەکانیان لە دەریای رەش.
پێشتر وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندبوو، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئۆکراین کە ناوچەی کریمای بۆردومان کردووە، ناوچەی ئارامی کردووەتە ئامانج کە تایبەتە بە ھەناردەکردنی دانەوێڵە.
راشیگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، پارچەی کەنەدی لە دروستکردنی درۆنەکان بەکارھاتووە و ھێرشەکەش لەلایەن ھێزەکانی ئۆکراین بە فەرمانی راوێژکاران و شارەزایانی بەریتانیا ئەنجامدراوە.
پێشتریش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووجار کۆبوونەوەی لەسەر درۆنی ئێرانی کردووە کە لەلایەن روسیاوە لە ئۆکراین بەکاردەھێندرێن.